رێگایەکی نوێ بۆ گەشەکردنەوەی قژ دۆزرایەوە

چەند توێژەرێکی ئەمەریکی رێگایەکی نوێ بۆ گەشەدان بە قژ دەدۆزنەوە

K24 – هه‌ولێر:

چەند توێژەرێکی پزیشکیی بڵاویانکردەوە، لە رێگای خانەی بنەڕەتی Stem cell، چارەسەری رووتانەوەی قژیان دۆزیوەتەوە.

تیمێکی پزیشکی ئەمەریکی سیستمێکیان گەشەپێداوە کە وا لە خانەکان دەکات دووبارە قژی سرووشتی بڕوێنەوە.

لە کۆنفرانسێکدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لە خانەی بنەڕەتی (ISSCR) لە لۆس ئانجلسی ئەمەریکا، دۆزینەوەکەیان بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ وەسفکرد کە دەکرێت یارمەتی ملیۆنەها مرۆڤ بدات.

ئەلێکسی تێرسکیخ، یەکێک لە توێژەرەکان بە رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی گوتووە: "ئێستا میتۆدێکی تەواو کۆنتڕۆڵکراومان بۆ گەشەدان بە قژی سرووشی لە رێگای بەکارهێنانی خانە بنەڕەتییەکان هەیە".

لە سەرانسەری جیهان، هەڵوەرینی قژ کاردەکاتە سەر 50%ی پیاوان، باوترین رێگاش بۆ چارەسەکردنی رووتانەوەی قژ، چاندنی قژە کە تێچووەکەی لە نێوان یەک هەزار بۆ 30 هەزار دۆلارە.

دۆزینەوە نوێکە لەسەر مشکی تاقیگە تاقیکراوەتەوە و بە تەواوی سەرکەوتووبووە، لە ئێستاشدا، ئەم چارەسەرە لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە و رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا ببێتە چارەسەرێکی سەرەکی و سرووشتی دووبارە گەشە سەندنی قژ.

خانەی بنەڕەتی ئەو خانانەن کە دەتوانن بۆ خانەگەلێکی دیکە بگۆڕدرێن لە لەشی مرۆڤدا.

سیستمە نوێکە وا لە قژ دەکات بەشێوەیەکی سرووشتی گەشە بە قژ بداتەوە
سیستمە نوێکە وا لە قژ دەکات بەشێوەیەکی سرووشتی گەشە بە قژ بداتەوە

H.J