وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای وێنە و ڤیدیۆ لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکات

پۆمپێیۆ بە دوای بەڵگەدا دەگەڕێت

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە ئێرانییەکان دەکات وێنە و ڤیدیۆی پێشێلکاری دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان دژی خۆپیشاندەران رەوانە بکەن.

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا دووپاتی کردووەتەوە کە واشنتن بەهۆی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران سزا بەسەر ئێران دەسەپێنێت و داواشی لە ئێرانییەکان کردووە وێنە و دیمەن و زانیاری پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتداران دژی خۆپیشاندەران رەوانە بکەن.

لە رۆژی هەینی رابردووەوە، خۆپیشاندان لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش بۆ تەشەنەنەکردنی خۆپیشاندانەکان بە تەواوی هێڵەکانی ئینتەرنێتیان پچڕاندووە.

بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی ئەمنستی، 106 خۆپیشاندەر لە ماوەی سێ رۆژی خۆپیشاندان لە ئێران کوژراون، بەڵام حکوومەتی ئێران ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە. 

 H.J