ئه‌مه‌ریكا چاوی له‌ نه‌وتی عێراقه‌

مایك پۆمپیۆ په‌یامه‌كه‌ی گه‌یاندووه‌ته‌ به‌رپرسانی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی ئیكۆنۆمیست، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چاوی له‌ نه‌وتی عێراقه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات گرێبه‌ستی گه‌وره‌ی له‌و بواره‌دا ده‌ستكه‌وێ.

ئیكۆنۆمیسیت نوسیوویه‌تی "مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، ته‌ئكیدی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی عێراق له‌ بواری وزه‌ كردووه‌ته‌وه‌. به‌رپرسانی عێراقیش ئه‌وه‌یان وه‌ك په‌یامێكی روونی ئه‌مه‌ریكا بۆ راگرتنی كڕینی غازی ئێران و ده‌ستكردن به‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ په‌ره‌پێدان به‌ كێڵگه‌كانی غازی عێراق لێكداوه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌ كه‌ "كۆمپانیا پێشه‌نگه‌كانی بواری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا، وه‌ك كۆمپانیای شیڤرۆن، راسته‌وخۆ ده‌ستی به‌ دانووستان كردووه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی ده‌ستكه‌وێ له‌ بواری وزه‌دا. هه‌روه‌ها كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبێل هه‌وڵی رێككه‌وتن ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ نه‌وتییه‌كانی زیاد بكات و وێستگه‌یه‌كی پاڵاوتن و خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاویش درووست بكات.