یەکێتی زانایان پاڵپشتیی خۆی بۆ‌ چاكسازییه‌كه‌ی حكوومه‌ت راگه‌یاند

"ئاینی ئیسلام فێڵکردن و ساختەکاری و ماڵسپیکردنەوەو چەواشەکردن و بەرتیلدان و موچەی بندیواری حه‌رام كردووه‌"

K24 - هه‌ولێر:

 

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، پاڵپشتی لە پرۆسه‌ی چاکسازی و رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ده‌كات و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌: "وێڕای پشتگیری تەواومان بۆ هەنگاوە پراکتیکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڵمەتی دژی گەندەڵیدا، بە پێویستی دەزانین کە بە سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان رابگەیەنين، کە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە هەموو شێوەیەک دژی هەموو جۆرە گەندەڵی و فەسادێکە لە کۆمەڵگادا".

له‌ بایاننامه‌كه‌ی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ "ئاینی ئیسلام غەشکردن و فێڵکردن و ساختەکاری و ماڵسپیکردنەوەو چەواشەکردن و بەرتیلدان و موچەی بندیوارو خانەنشينى ناياسايي و دزی و داگیرکاری لە موڵکی گشتی و سیمکردنى مەرعاو موڵکی دەوڵەت و ئیستیغلال (خراپ بەکارهێنان)ی پلەو پایەو پۆست و وەزیفەی قەدەغەو حەرام کردووە".

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان داوا لە دیوانی چاودێری و دەستەى دەستپاكى دەكات، بێ خاترانەو چاوپۆشیکردن لەهیچ کەس و لایەنێک بەکاری پێویست هەڵبستن و گەندەڵی نەهێڵن، ئەرکی حکومەتیشە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر و لەهەمان کاتیش ئەرکە لە داهات و پرۆژەو خەرجی و وەبەرهێنان و گرێبەستەکان شەفافتر بێت.

یه‌كێتی زانایان ئەو هەنگاوەی حكوومه‌ت به‌ ئامانجێکی نیشتمانی و ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی گرنگ ده‌زانن و ده‌ڵێن: "پشتگیری تەواوی هەنگاوە چاکسازیەکان دەبین و داواش لە پەرلەمانی کوردستان و دەزگا مەعنی و ئیداریەکان و لايەنە سياسيەكان و تەواوی هاوڵاتیان دەکەین هاوکارو پشتیوان بن".

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ 11/12/2019ـی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو، به‌كۆی ده‌نگ ده‌نگ پرۆژه‌ یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا و بڕیاردرا ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌ یاسا و په‌سه‌ند بكرێت.

هه‌روه‌ها ئەمڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2019/12/12، په‌رله‌مانی كوردستان له‌ مأڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند، پڕۆژەیاسای چاکسازیی کەدوێنێ له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان په‌سندكرا، ئه‌مڕۆ ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کراو لەلایەن وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان گەیشتە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بڕیارە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بانگهێشتی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان بكات بۆ دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساكه‌.