دانەگاز پەرە بە كارەكانی لە ھەرێمی كوردستان دەدات

پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوت و بەرھەمھێنان لە كوردستان زیاددەكات
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

سەرچاوەیەك رایگەیاندووە كە كۆمپانیای داناگاز بەنیازە قەواڵەكانی لە میسر بفرۆشێت كە بەھاكەی 500 ملیۆن دۆلارە و لە بەرامبەردا داھاتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی كوردستان زیادبكات، چونكە پرۆسەكانی گەڕان بە دوای نەوت و بەرھەمھێنان لە ھەرێمی كوردستان زۆر باشتر بووە لەو پرۆسانەی كە لە میسر ئەنجامیداوە، ئێستا پشكی داناگاز لە كۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم  دەگاتە سەدا 35 كە ئەوانەش لە ھەردوو كێڵگەی خۆرمۆر و چەمچەماڵە و خاوەنی یەدەگێكی گەورەی گازن.

سەرچاوەیەك كە نەیویستووە ناوی بھێنێت ئاشكرایكردووە ، كۆمپانیای داناگاز ئێستا سەرقاڵی دووبارە رێكخستنی میكانیزمی وەبەرھێنانەكانییەتی لە ناوچەی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەتی لە میسر، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمپانیاكە راسپێردراوە بەوەی كە راوێژ پێشكەش بە بانكی تیودۆر بیكرینجی تایبەت بە وەبەرھێنان بكات بۆ ئەوەی قەواڵەكانی لە میسر بفرۆشێت كە بەھاكەی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

سەرچاوەكە  راشیگەیاندووە، ھۆكاری ئەو ھەنگاوەی كۆمپانیای دانه‌گاز بە فرۆشتنی قەواڵەكانی لە میسر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ، داھاتی وەبەرھێنان لەو  پرۆسانەی كە لە ھەرێمی كوردستان ئەنجامیداوە زۆر باشترە لە پرۆسەكانی كە لە میسر ئەنجامیداوە، ئەمەش لە كاتێكدایە تێكڕای بەرھەمھێنانی كۆمپانیاكە لە میسر ئێستا لە 34  ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە و میسر خاوەنی گەورەترین كێڵگەی گازە لە دەریای نێوەڕاست و یەدەگەكەی دەگاتە نزیكەی 30 ترلیۆن پێ سێجا.

كۆمپانیای دانه‌گاز لە مانگی ئەیلوولی رابردوو ئاشكرایكرد كە دەیانەوێت لە رێگەی پلانێكی نوێوە بەرھەمھێنانی كۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم تا ساڵی 2021 بەرێژەی سەدا 170 زیادبكەن، ئەویش لە رێگەی پرۆژەیەكی ھاوبەش لە نێوان كۆمپانیای نەوتی ھیلال و دانه‌گاز و پێیان راسپێردراوە كە كاری گەڕان بە دوای نەوت و بەرھەمھێنان لە ھەرێمی كوردستان دەستپێبكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە ئێستا پشكی دانه‌گاز لە كۆمپانیای پێرل پترۆلیۆم  دەگاتە سەدا 35 كە ئەوانەش لە ھەردوو كێڵگەی خۆرمۆر و چەمچەماڵە كە خاوەنی یەدەگی گەورەی گازن و  كۆمپانیاكە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پشكی لە یەدەگی ئەو دوو كێڵگەیە رووی لە زیادبوون كردووە بە جۆرێك بەرێژەی سەدا 10 زیادیكردووە، بەو جۆرەش پشكی لەو دوو كێڵگەیە دەگاتە 4 ترلیۆن و  400 ملیار پێ سێجای گاز و 136 ملیۆن بەرمیل گازی چڕكراوە و ھەروەھا 13 ملیۆن و 300 ھەزار تۆن مەتر سێجا لە گازی شلكراوە و 18 ملیۆن بەرمیل نەوت.