رێككه‌وتنی سیاسی پێش ئاماده‌كردنی یاسای بودجه‌ی به‌ پێویست ده‌زانرێت

چاره‌نووسی پشكی كوردستان له‌ یاسای بودجه‌ی 2020ی عێراق چۆن ده‌بێت؟

K24 - هه‌ولێر:

فراکسیۆنە کوردستانیيەکان داواكارن به‌رلەوەی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020ی عێراق بگاتە پەرلەمان، رێککەوتنی سیاسی لە نێوان ھەولێر و بەغدا بکرێت.

بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقيش ئاشکرای دەکات ھیچ کاتێک حکوومەتی عێراق گرێنتی تەواوی لە ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان نەداوە.

لایەنەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020ی عێراقن، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانيیەکان، لە ھەوڵدان ساڵی داھاتوو ساڵی دارایی ھەرێمی کوردستان بێت، بۆیە دەیانەوێت تەواوی شایستە داراییەکانی کوردستان، لە رەشنووسی پرۆژە یاسایەکە جێگیر بکەن.

بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ: "ھیچ کاتێك عێراق پابەند نەبووە، بە ناردنی رێژەی 17% بۆ ھەرێمی کوردستان، ھیچ کاتێکیش گرێنتی تەواو نەدراوە، لە کاتی رادەستکردنی ھەموو نەوتی ھەرێم بە بەغدا، ئەو رێژەیە بە تەواوی بنێردرێت".

حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق، لەسەر ھێڵن پێش ئەوەی رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 رەوانەی پەرلەمان بکرێت، رێککەوتنی سیاسی لە نێوان ھەردوولا بکرێت، بۆ ئەوەی بە یەکەوە كۆتایی به کێشە داراییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بهێنن.

ئ. م