پوتن و ئەردۆغان باسی رۆژئاوای كوردستان دەكەن

توركیا ھەوڵدەدات رووسیا لەبارەی ناوچەی ئارام رازی بكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی رووسیا دەكات و لە مۆسكۆ لەگەڵ سەرۆكی رووسیا ناوچەی ئارام و ھێرشەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان تاوتوێ دەكات.

بڕیارە ئەمرۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی رووسیا بكات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن كۆببنەوە.

تەوەرەكانی كۆبوونەوەی پوتن و ئەردۆغان، بریتین لە ھێرشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و چۆنیەتی دروستكردنی ناوچەی ئارام. ھەروەھا توركیا دەیەوێت ناوەرۆكی ئەو رێككەوتنە بزانێت كە لە نێوان ھەسەدە و حكوومەتی سووریا كراوە.

دمیتری سوسڵەڤ، شارەزای پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان لە مۆسكۆ بە كوردستان24ی گوت: "لە سەفەرەکەیدا ئەرکی سەرەکی ئەردۆغان، رازیكردنی رووسیا بە کشانەوەی کوردەکان و هاتنی هێزی تورکی بۆ قوڵایی زیاتر لە 30 كیلۆمه‌تر له‌ناو خاكی سووریا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام، بەڵام رووسیا پێداگرە له‌وه‌ی سەروەری خاکی سووریا پێشێل نه‌كرێت، واتە تەواوی هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە بچنە دەرەوە بە هێزی تورکیاشەوە، بەڵام بۆ چارەسەری پرسەکە و بۆ ئەوەی له‌ داهاتوو ناکۆکیی لەنێوان  دیمەشق و ئەنقەرە لەلایەک و ئەنقەرەو مۆسکۆ لەلایەکی دیكه‌ دروست نەبێت، دەبێت رازی بن بەم ئۆپه‌راسیۆنه‌ی تورکیا ئەنجامی دەدات، بەمەرجێک دواتر بکشێتەوە، ئەوی ئەو ناوچانەش بەڕێوە دەبات تورکیا دەبێت، ناوچە کوردییەکانی تر تا رۆژهەڵاتی فورات، لە ده‌سه‌ڵاتی سووریا دەبێت و تورکیا بەمە رازی دەبێت، بۆ ئەوەی رێكکەوتنی ئەستانە پارێزراو بێت و لە داهاتوودا رێكخستنه‌وه‌ی سووریا و سەروەری ئه‌و وڵاتە زیانی بەرنەکەوێت".

پێشتر وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، لەگەڵ رووسیا گفتوگۆ دەكەن، بۆ ئەوەی یەپەگە لە منبج و كۆبانێ و قامشلۆ بكشێنەوە، بەڵام شارەزایەکی کارووباری سووریا رایدەگەیەنێت، مۆسکۆ دژی فراوانکردنی ناوچەی ئارامە.

ڤیکتەر نادێین راێڤسکی، شارەزا له‌ کاروباری سووریا بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو رووبه‌ره‌ی تورکیا دەستنیشانی کردووە بەهیچ شێوەیەک بە درێژایی سنوور نییە، به‌شێكی ناوچه‌ سنوورییه‌كان له‌ ده‌ستی سوپای سووریایه‌، دڵنیام له‌وه‌ی سوپای سووریا سەرکەوتوانەتر لە تورکەکان، ده‌توانێت ئاسایشی سنووری تورکیا دابین بکات، بەجۆڕێک هێزەکانی سووریای دیموکرات نەبنە مەترسی، چونکە تورکەکان بە بەرتیل هەموو کەسێک ئاودیو دەکەن. هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گرێ سپی و سەرێکانی ده‌كشێنه‌وه‌، بەڵام ئەو ناوچانه‌ دەبوایه‌ بۆ سوپای سووریا چۆڵکرابان، به‌ڵام هەڵەی کورد لەوه‌دا بوو ئەمەریکایان کردە هاوپەیمانی خۆیان، لە ساڵی 2013 ئێمە لێرە نوێنەرایەتی رۆژئاوامان هەبوو بەهیوای هەماهەنگی بووین، بەڵام وادەرنەچوو، ئێستاش ئەمەریکا جێیهێشتن، چونکە بەرژەوەندی له‌گه‌ڵ تورکیا زیاترە، ئێمە دژی كشانه‌وه‌ی سوپای سووریا و فراوانکردنی ناوچەی ئارامین، ئه‌گه‌ر سوپای سووریا له‌و ناوچانه‌ نه‌بێ، ئەو ناوچانە پاکتاوی نەتەوەیی دەیگرێتەوە وەک عەفرین، هێزی ئازادی سووریا هەمان ئەو داعشانەن پێشتر لەوێ شەڕیان دەکرد، هه‌رچه‌نده‌ ئەردۆغان هەوڵ بۆ فراوان كردن سنووری ناوچه‌ی ئارام ده‌دات، بەڵام پوتن مه‌حاڵه‌ به‌مه‌ رازی ببێت، بێگومان پرس و چاره‌نووسی كورده‌كانیش گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت".

ھ.م