زمان یه‌كێك له گرنگترین شه‌نگسته‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تێگه‌يشتنى حكوومه‌ت و په‌رله‌مانه بۆ پاراستنى نه‌ته‌وه له هه‌ر مه‌ترسييه‌كى ناوه‌كى يان ده‌ره‌كى كه به‌ره‌وڕووی نه‌ته‌وه ده‌بێته‌وه. كاتێك له‌م ناساندنه وردده‌بینه‌وه بایه‌خ و گرنگی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان پتر بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه كه پرسێكه هه‌م په‌رله‌مان كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌ره باڵی یاسا دانانه ده‌بێ قسه‌ی له‌باره‌وه هه‌بێت و ڕێ و شاڕێكانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستنیشان بكات و هه‌م حكومه‌تیش كه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیشه، ده‌بێت هه‌وڵی دابینكردن و پاراستنی ته‌واوی لك و پۆپه‌كانی ئه‌و ئاسایشه بدات.
ئێستا واتای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی گۆڕاوه بۆ: (تواناى ده‌وڵه‌ت بۆ پاراستنى بارى ناوخۆيى له‌هه‌ر مه‌ترسيیه‌ك كه به‌ره‌وڕووی ده‌بێته‌وه) و بێگومان پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی چه‌ند به ته‌بایی و دامه‌زراوه‌یی بوون له‌ناوخۆدا به‌ستراوه‌ته‌وه، هێنده‌ش گرێدراوی پرسه ده‌ره‌كییه‌كانه كه لێره‌دا لێهاتوویی لێپرسراوان وه‌دیارده‌كه‌وێ داخۆ چه‌ند ده‌توانن له‌ئاست پاراستنی ئه‌و باره دابن.
چه‌مكی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی هێنده كۆن نییه و مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌می دروستبوونى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌يى له‌سه‌ده‌ى شازده‌دا له ئه‌وروپا كه ئه‌وكات نه‌ته‌وه‌كان كه‌وتنه خۆ و ئه‌وه‌یان دیاریكرد كه ده‌بێ بۆ پاراستنی خۆیان و قه‌واره‌كانیان به‌هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌خۆی ده‌گرێت چۆنی بپارێزن. دواى جه‌نگى دووه‌مى جيهانى له ئه‌مريكا په‌ره‌ى پێ درا.
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه ده‌گۆڕێ، بۆ نموونه بۆ وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا ده‌ریا و هێزی ده‌ریایی و پاراستنی ده‌ریا به‌شێكه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، چونكه ئه‌و وڵاته به‌ئاو چوارده‌ور دراوه، به‌ڵام بۆ وڵاتێكی وه‌ك ئه‌فغانستان كه له‌هیچ لایێكه‌وه ئاو ده‌وره‌ی نه‌داوه، ده‌ریا و هێزی ده‌ریایی ..هتد به به‌شێك له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی نازانرێن.
كورد كه یه‌كێكه له كۆنترین نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه و خاكه‌كه‌شی هه‌مان خه‌سڵه‌تی هه‌یه، شه‌نگسته‌كانى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يی زۆرن و ئێمه لێره‌دا گرنگترینیان ده‌خه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: باوه‌ڕبوون به سه‌ربه‌خۆيى هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان و هه‌وڵدان بۆ ڕزگاركردن و ده‌رهێنانی له‌ده‌ست داگیركه‌ران و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌سته‌ی كه هه‌موو تاكێكی كورد تا ده‌مرێ ده‌بێت له‌پێناو هه‌رچوار پارچه خه‌بات بكات.
دووه‌م: هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگيركه‌ران به‌و ڕێگايانه‌ى له‌به‌رده‌ستن و هه‌رگیز نابێ هیچ پاساوێك قبوڵبكرێ كه وا له تاك یان ده‌سته‌یه‌ك كورد بكات ساردببنه‌وه له‌به‌كارهێنانی هه‌موو ئه‌و ئامرازانه‌ی له‌به‌رده‌ستن بۆ سه‌لماندنی هه‌بوون و مانه‌وه‌ی كورد و ڕزگاركردنی خاكه‌كه‌ی.
سێیه‌م: هه‌بوونى په‌يوه‌ندييه‌كى باش له‌نێوان حيزبه‌كانى هه‌رچوار پارچه. تا ئێستا ئه‌مه‌مان نه‌دیوه و چه‌ند حیزبێك هه‌ن هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به جه‌مسه‌رێك ده‌زانن و ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی كوردستان دابنیشن و دانوستان بكه‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین به‌یه‌كه‌وه دابنیشن و ئه‌و پرسانه تاوتوێ بكه‌ن كه پرسی نه‌ته‌وه‌یین و كاریگه‌ریی به‌رچاویان ده‌بێ له داهاتووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا.
چواره‌م: يه‌كدى قبوڵكردنى تاكه‌كان. هه‌تا ئاسایشی ناوخۆییمان پارێزراو بێ ده‌بێ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌وه ڕابێنین كه به‌شێك له ڕاستییه‌كان لای ئه‌ون و به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و ڕاستییانه‌ش لای خه‌ڵكانی دیكه‌ن. گرفتی گه‌وره‌ی تاكی كورد ئه‌مه‌یه كه باوه‌ڕی وایه هه‌رچی ڕاستی هه‌یه لای ئه‌وه و هه‌رچی لای خه‌ڵكی دیكه‌شه ناڕاست و چه‌واشه‌كارانه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌خراپ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و ئاسایشی ناوخۆی نه‌ته‌وه‌ییمان شكاوه‌ته‌وه و درزی گه‌وره له‌م ڕووه‌وه كه‌وتوونه‌ته ناو په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان.
پێنجه‌م: پاراستنى زمانى كوردى. خاڵی هه‌ره گرنگ و جه‌وهه‌ریی ئه‌م باسه‌ی ئێمه‌یه كه ده‌بێ له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا باوه‌ڕ به په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ناوه‌نده ئه‌كادیمی و په‌روه‌رده‌یی و ڕاگه‌یاندنه‌كان بهێنین كه تاكه شتێك به‌درێژایی مێژووی كورد هۆكاری هه‌بوون و مانه‌وه‌مان بووه زمانی كوردییه.
بايه‌خى زمان له نه‌ته‌وه‌يه‌كه‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌يه‌كى ديكه ده‌گۆڕێ، بۆ نموونه لای چینییه‌كان زمان له‌خۆگری ته‌واوی ئه‌و كلتوره‌یه كه چینییه‌كان به‌درێژایی مێژوو شانازی پێ ده‌كه‌ن و ڕۆژبه‌ڕۆژ ده‌وڵه‌مه‌ندتری ده‌كه‌ن. ئینگلیز و فه‌ڕه‌نسی كێبڕكێیانه له‌وه‌ی زۆرتر ئاخێوه‌ر له‌سه‌ر گۆی زه‌وی به‌زمانه‌كه‌ی ئه‌وان بدوێ و ساڵانه ملیۆنان دۆلار بۆ ئه‌مه خه‌رج ده‌كه‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌كانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، هه‌موو هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه‌یه زمانه‌كه‌ی ئه‌وان زیاتر به‌كاربێ، یان لایه‌نی كه‌م هاوسه‌نگییه‌ك هه‌بێ له‌به‌كارهێنان. ئه‌م زمانانه و به‌شی هه‌ره زۆری زمانه‌كانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌مینه نووسین و قسه‌كردن و چاپكردنی گۆڤار ڕۆژنامه تا ده‌گاته نووسینی سه‌ر تابلۆیه‌كی پاس یان نیشانه‌یه‌كی هاتوچۆ و تا ناوی چێشتخانه‌یه‌ك هه‌ر هه‌موویان به زمانی خۆیان ده‌نووسرێن.
لای ئێمه‌ی كورد زمانی كوردی نه‌ك به‌شێكه له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییمان، به‌ڵكو تاكه هۆكاری مانه‌وه‌مانه، چونكه ئێمه لایه‌نی كه‌م، ئه‌گه‌ر جارجاره‌ش ئازاد بووبین، به‌درێژایی مێژوو خاكمان داگیركراوبووه و میلله‌تمان دیل، كه‌چی زمانه‌كه‌مان پاراستووه و ئه‌وه‌ش نهێنی مانه‌وه‌مانه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ به‌ر له 2003 و له‌زمانی كوردی وردبینه‌وه ده‌بینین به‌به‌راورد به‌زمانی میلله‌تانی ده‌وروبه‌رمان كه خاوه‌نی وڵاتن، زمانی كوردی زمانێكی تاڕاده‌یه‌كی باش پاراوه و به‌شێكی زۆری وشه‌كانی وشه‌ی ڕه‌سه‌نن و ده‌ربڕینه‌كانیشی كورده‌واریانه‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدا زمانی نه‌ته‌وه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كانی ده‌وروبه‌رمان پڕی وشه‌ی زمانی بێگانه‌ن به‌تایبه‌تی عه‌ره‌بی.
دوای 2003 ئه‌م هاوكێشه‌یه گۆڕاوه و ئێستا زمانی كوردی مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ره و ورده ورده خه‌ریكه به‌كوردییه‌ك ده‌نووسرێ كه هیچی له‌زمانی كوردی ناچێت و هه‌رگیز كورد وشه و ده‌ربڕینی له‌و شێوه‌یه‌یان نه‌بووه. ئه‌مه‌ش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه كه هه‌ندێكیان له‌خواره‌وه ده‌خه‌مه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: ڕاگه‌ياندن، له‌وكاته‌ی كه بڵاوكراوه‌ی كوردی ژماره‌یان زۆربووه و ده‌یان كه‌ناڵی میدیای بینراو و بیسراو و ئه‌لیكترۆنی هاتنه‌ناوه‌وه و هیچ چاودێرییه‌كیان له‌سه‌ر نه‌بوو، ئیدی به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی ناویان میدیاكاره كه‌وتونه‌ته گیانی زمانی كوردی و كوردییه‌ك به‌شانازییه‌وه به‌كاردێنن كه ته‌نێ خۆیان لێی تێده‌گه‌ن.
دووه‌م: زۆربوون قوتابخانه و زانكۆی بیانی، ئه‌و قوتابخانه و زانكۆیانه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نێوده‌وڵه‌تین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی كوردی به‌كارناهێنن و قوتابییه‌كانیان فێر ناكه‌ن كه تاكه وشه‌یه‌كیش به‌كوردی بنووسن.
سێیه‌م: فراوانبوونى به‌كارهێنانى شێوه‌زار و گۆڤه‌ر له‌برى زمانى یه‌كگرتوو له كارى هونه‌رى و نووسيندا. ئێستا ئێمه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی زمانی یه‌كگرتووش نه‌بین، زمانێك له نووسیندا به‌كاردێنین كه شوێنی خۆی گرتووه و نزیكه‌ی دووسه‌د ساڵێك ده‌بێ پێی ده‌نووسرێ، به‌ڵام زۆر نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند هه‌ن زمانی گه‌ڕه‌ك و شار و ناوچه‌كه‌ی خۆیان به په‌سندتر ده‌زانن له‌زمانی یه‌كگرتوو ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان به‌كاردێنن و پشت له دووه‌میان ده‌كه‌ن. دیاره ئه‌مه تا سنووری وشه ڕێپێدراوه و ده‌بێته مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمان، له‌وه بترازێ ئه‌وه‌ی دیكه هه‌مووی به‌خراپ به‌سه‌ر زمانی یه‌كگرتوودا ده‌شكێته‌وه.
چواره‌م: به‌كارهێنانى وشه‌ى بيانى. جاران زۆر كه‌س هه‌بوون له‌كاتی قسه‌كردندا وشه‌ی عه‌ره‌بییان زۆر به‌كارده‌هێنا، تا بۆ گوێگری بسه‌لمێنن كه ڕۆشنبیرن، ئێستاش هه‌مان كار ده‌كرێ و وشه‌ی ئینگلیزی یان فه‌ڕه‌نسی یان ئه‌ڵمانی..هتد به‌كاردێنن بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، ئه‌مه بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌مینیان ئه‌و جۆره كه‌سانه تێنه‌گه‌یشتوون ڕۆشنبیربوون چۆنه. دووه‌مینیشیان بۆ خۆ به‌كه‌مزانین و خه‌ڵك به‌گه‌وره زانین ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌مه لای كورد گرێ كوێره‌یه و تا ئێستا نه‌كراوه‌ته‌وه.
ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌كرێ چاره بكرێن به:
یه‌كه‌م: گرنگیدان به‌خوێندنی كوردی له‌و قوتابخانانه‌ی خوێندنیان به كوردییه و ناچاركردنی قوتابخانه و زانكۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌وه‌ی لایه‌نی كه‌م وانه‌یه‌كییان هه‌بێ به زمانی كوردی.
دووه‌م: بایه‌خدان به كاری وه‌رگێڕان بۆ زمانی كوردى و وه‌رگێڕانی هه‌رچی زانستی دونیایه بۆسه‌ر زمانی كوردی كه بێگومان ئه‌مه دامه‌زراوه‌ی ده‌وێ و كارێكی قوڕسه، به‌ڵام نه‌كراو نییه. هه‌روه‌ها نابێ گوێ له‌و پاساوه بگیرێ كه زمانی كوردی كه‌ڵكی ئه‌وه‌ی نییه هه‌ندێك له زانسته‌كانی پێ وه‌ربگێڕدرێ و ئه‌مه له پاساوێكی نه‌زانانه زیاتر شتێكی دیكه نییه، چونكه كوردی بێ گرێ فه‌لسه‌فه‌ی پێ وه‌رده‌گێڕدرێ كه جاران به‌دایكی هه‌موو زانسته‌كان ناوی ده‌هات.
سێییه‌م: نزيك كردنه‌وه‌ى زار و شێوه‌زاره‌كان له يه‌ك ئه‌مه‌ش له‌ڕێی ناچاركردنی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ناوه‌نده‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب به‌وه‌ی هه‌موویان یه‌ك شێوازه زمان و یه‌ك ڕێنووس له نووسیندا به‌كاربێنن.
چواره‌م: نه‌هێشتنى خۆ به‌كه‌م زانى لاى تاكى كورد. ئه‌مه خاڵێكی هه‌ره گرنگه و ده‌بێت تاكی كورد له‌وه ڕابێنین كه ئه‌و له‌كه‌س كه‌متر نییه و زمانه‌كه‌شی نه‌ك له‌زمانی خه‌ڵك خراپتر نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زمانی ئه‌ودا هاتووه به‌سه‌ر هه‌ر زمانێكی دیكه داهاتبا، ئێستا ده‌مێك بوو ته‌نیا ناوی مابووه‌وه.
هه‌موو ئه‌وه‌ی گوترا و گه‌لێك پرسی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌زمان ده‌كرێ كاری گرنگ و ڕشتیان له‌باره‌وه بكرێ و بكرێنه هه‌وێنی چه‌ندین كار تا زمانی شیرینمان له بێسه‌روبه‌ربوون بپارێزین.