هەڵبژاردنی بەریتانیا و دەرئەنجامەکانی

Kurd24

خولێکی دیکەی هەڵبژاردن لە بەریتانیا رۆژی پێنج شەممە بەڕێوە دەچێت بۆ هەڵبژاردنی حکومەتێکی تازە. سەرۆک وەزیران ( بۆریس جۆنسون) لە مانگی ( ئۆکتۆبەر) دا ئەم هەڵبژاردنەی راگەیاند لەپاش هەوڵدانێکی بێ هوودەی زۆر بۆ رازیکردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەتا رێکەوتننامەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پەسەند بکەن. نەریتی، هەر پێنج ساڵ جارێک لە مانگی (مارس) لە بەریتانیا هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە سێهەم هەڵبژاردن دەبێت لە ماوەی پێنج ساڵدا.

لە بەریتانیا 650 کورسی پەرلەمانی هەیە بۆ کێبڕکێ کردن لەسەریان، هەر پارتێک توانی 326 کورسی بەدەست بهێنێت دەتوانێت حکومەت دابمەزرێنێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە رۆژی هەینی 14/12/2019 کام لەسەرۆکی ئەم پارتە سیاسیانەی ئەو وڵاتە لەبەردەم شاژنە ئیلیزابێسی دووهەم رادەسپێردرێت بۆ دروستکردنی حکومەتێکی نوێ؟.

چوار پارتی سەرەکی لە بەریتانیادا هەیە کە تەنها دووان لەوان بەشیوەیەکی واقیعیانە دەرفەتی درووستکردنی حکومەتی سەرتاسەرییان هەیە ئەوانیش پارتەکانی (کرێکاران و پارێزگارانن) کە لە مێژووی نوێدا تەنها ئەو دوو پارتە حکومداریان کردووە. پارتەکانی دیکەش لیبرال دیموکرات و پارتی نەتەوەیی سکۆتلاندین، بنکەی جەماوەری ئەم دوو پارتە هێندە بەهێز نییە کە بتوانن تاکلایەنە هەڵبژاردنی سەرتاسەری ببەنەوە، لیبرالیزمی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی (جۆ سوینسن) لە رووی پیادەکردنی سیاسەتەوە لەگەڵ ماهیەتی خەڵکی بەریتانیا بە گشتی هاوتەریب نیيه‌، هەر بۆیە هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە حکومڕانی رەهایی بەدەست بهینن، ئەگەرچی لە نێوان ساڵانی 2010 تا 2015 بەشێك بوون لە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی پارێزگاران و هەندێک پۆستی بەرچاویان هەبوو، وەکو جێگری سەرۆک وەزیران لەو حکومەتەدا، بەڵام ئەوهاوپەیمانیەتەیان زیانێکی گەورەی پێگەیاندن لە ئاستی دەنگدەرانەوە دەرئەنجامی بەشداریکردنیان بە ئاستێکی بەرچاو پێگەی پەرلەمانیان کەم بووە بەرێژەیەک کە لە 57 پەرلەمانتاروە لەساڵی 2010 بۆ 8 پەرلەمانتار دابەزین لە هەڵبژاردنەکانی 2015 دا، دۆخی ئێستاشیان زۆر لەوکاتەیان باشتر نییە، ئەگەرچی پێشبینی دەکرێت ژمارەیان دەنگەکانیان بەرێژەی 40% دا بەرزبکەنەوە، بەڵام هێشتا هەر ناتوانن پەرلەمان بگرنە دەست. پارتی نەتەوەیی سکۆتلاندیش زیاتر بە پارتێکی لۆکاڵی هەژماردەکرێت، چونکە لە ناو سکۆتلاندا نەبێت بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی ئەستەمە بۆیان، بۆیە لە باشتیرین دۆخدا لە 59 کورسی زیاتر بەدەسی ناهێنن کە ئەمەش زۆر لەژمارەی پێویست کەمترە بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، لە ئێستادا تەنها 35 کورسیان هەیە، ئەگەرچی لە ئێستادا (نیکۆڵا ستێرجن) سەرۆکی حکومەتی خۆجێییە لە سکۆتلاندا، بەڵام پێشبینییەکان لەوە زیاتری لێ رانابینن بۆ گەڕی داهاتوو.

پرسی سەرەکی بۆململانێکردن لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر بابەتی دەرچوون لە یه‌كێتی ئەوروپا (بریکزێت) دەبێت و دەنگدەران بەگشتی لەسەر بنەمای ئەو خاڵە دەنگەکانی خۆیان دەبەخشن. پارتی کرێکاران ئەگەر چی خاوەنی 243 کورسی پەرلەمانییە، بەڵام هەتا ئێستا هەڵوێستیان لەمەڕ ئەم پرسە زۆر روون نییە و بانگه‌شەی ریفریندۆمێکی دیکە دەکەن بۆ پرسی دەرچوون و شێوازی دەرچوونی ئەو وڵاتە لە یه‌كێتی ئەوروپا، هەر بۆیە زیاتر کارنامەی هەڵبژاردنیان پرسی ناوخۆیی زیاتر پێوەیە بەتایبەتی کێشەی ئابووری، چاودێری کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاريی تەندرووستی نیشتمانی لە بڕگەکانی بەدی دەکرێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە (جێرەمی کۆربۆن) سەرۆکی ئەو پارتە کەسایەتێکی زۆر پەسەند نییە چونکە لەرابردوودا باوەڕدارێکی راستەقینەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی بووە کە بۆچوونێکی دوورە لەگەڵ عەقڵییەتی سەرمایەداری دەنگدەری بەریتانی.

پارتی پارێزگاران کە لە ئێستادا خاوەنی زۆرینەی کورسییە پەرلەمانیەکانە کە ژمارەیان 298 و حکومەتەکەش هی ئەوە، لەم هەڵبژاردنەدا تووشی ململانێیەکی سەخت دەبێتەوە بەهۆی بوونیان لە دەسەڵاتدا بۆ ماوەی 9 ساڵ کە بە دژوارترین ساڵانی دەسەڵاتداری دەناسرێت بەهۆی کێشە جیاوازەکانیانەوە، جا ئەگەر پرسی ئابووری بێت یاخود پرسی سەرهەڵدانی سیاسيیە راستڕەوەکانی ئەوروپا بێت، یاخود پرسی راستەوخۆی دەرچوون بێت لە یه‌كێتی ئەوروپا، ئەمانە هەموو ئه‌و بەربەستانەن وا دەکات دۆخەکەیان هێندەی دیکە لێ ئاڵۆز بکەن.

بەپێی خوێندنەوە جیاوازەکان زیاتر لە 13% ی دەنگدەرانی ئەو وڵاتە هێشتا خۆیان یەکلا نەکردۆتەوە کە ئەم رێژەیە بەژمارە نزیکەی 6 ملێۆن دەنگدەر دەکات، سیستەمی هەڵبژاردنیش لەو وڵاتە سیستەمی زۆرینەیە لە بازنەیەکی تایبەتدا هەر بۆیە رێژەی تێکڕایی دەنگدەر رەنگە تەرجومەیەکی راستەقینەی کورسی بەدەستهێنان نەبێت لەسەر ئاستی نیستمانیدا، چەندجار بووە کە پارتێکی دیاریکراو لەسەر ئاستی ژمارە، دەنگی زیاتر هێناوە بەڵام پارتێکی دیکە حکومەتی دامەزراندووە نمونەی ساڵانی 1951 و 1874. 

بەرنامەی کار و هەڵوێستی سیاسی و مێژوو، خاڵی گرنگی پارتە سیاسیەکانە بەتایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی خاوەن سیستەمی دیموکراتی کامل. بەڵام لەهەمان کاتدا کەسایەتی یەکەمی پارتە سیاسیيەکان رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە یەکلاکردنەوەی دەنگەکان. لەناو بژاردەکانیشدا سەرۆک وەزیرانی ئێستا (بۆریس جۆنسون) ئەگەرچی بەئاستێکی بەرچاو گومانی لەسەر هەیە، بەڵام لەهەموویان شانسی باشتری هەیە بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی دەنگدەران، چونکە لەسەرەتاوە پێشڕه‌وی بزووتنەوەی دەرچوون بووە لە ئەوروپا و سیاسەتەکانیشی واقعیانەترن لەسەر ئاستی ئابووری و ناوخۆییدا بەبەراورد بەو بەڵینە جیاوازانەی کە پارتەکانی دیکە خستویانەتە روو.

خوێندنەوەکان دەریده‌خه‌ن کە هەر یەک لە پارتەکانی لیبرال دیموکرات و پارتی نەتەوەیی سکۆتلاندی و شین فەینی ئیرلەندی ژمارەکانیان زیاد بکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارتی (بریکزێت) کە لەلایەن (نایجل فاراج)ـەوە سەرکردایەتی دەکرێت، چەند دەنگێکی دیاریکراو بهێنن، بەڵام دەرئەنجام پارتی پارێزگارانی (بۆریس جۆنسون) دووبارە دەگەڕێتەوە حکومەت، چونکە خۆسڵەتی دەنگدەری بەریتانی لەکاتی بوونی پرسێکی نیشتمانی کە دۆخی گشتی ناجێگیر بکات، متمانەی خۆیان دەدەنە محافزکارەکان تا پێشڕەوییان بکەن.