سه‌رده‌می ئیمام ئۆغلو!
ئاك پارتی و هاوپه‌یمانێتی كۆمار له توركیا، به دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌سته‌نبوڵ له 23 ی حوزه‌یران، جارێكی تریش دووچاری شكست بوونه‌وه، به‌ڵام ئه‌م شكسته به مانای كۆتاییهاتنی خۆری ئه‌ردوغان و ده‌سه‌ڵاته سوڵتانیه‌كه‌ی نایه‌ت، چونكه توركیا ئێستا وه‌ك ساڵانی رابردوو نییه حیزب و سیستم و دیموكراسیه‌ت و په‌رله‌مان حوكمڕانی لێ بكات، ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌نده زۆرن ده‌شێت له داهاتوودا كێشه بۆ سه‌رۆك شاره‌وانییه گه‌وره‌كانیش دروست بكات به بیانووی جۆراوجۆر.
راسته سه‌رده‌مێكی نوێ له توركیا دروست بووه و پارتی گه‌لی كۆماریی وه‌ك پارتێكی سیاسی كۆن و مێژوویی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی له كورد و چه‌پ و سیكولاریسته‌كان بردنه‌وه‌یان تۆماركرد و ئێستا گه‌وره‌ترین شاره‌كانی توركیاش كه به شاده‌ماری ئابووری وڵات و ئاڵوگۆره بازرگانییه‌كان داده‌نرێن له‌ژێر كۆنترۆڵ و رێنمایی و بڕیاری سیاسی ئه‌واندایه، به‌ڵام به ته‌نها شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نكه‌ره‌ی پایته‌خت، ئه‌و توانسته‌ی نییه ره‌نگرێژی فۆرمێكی تازه‌ی حوكمڕانی بكات بۆ توركیا له‌سه‌ر ده‌ستی كه‌مالیزمی نوێ و وه‌رگرتنه‌وه‌ی توركیا له عوسمانیه نوێكان، ئه‌مه ململانێیه‌كی قورسه و ره‌نگه له داهاتوودا ده‌رهاوێشته‌ی نوێ بێته ئاراوه له شێوه‌ی هاوپه‌یمانێتی و دیواربه‌ند و كوالیسیۆنی تازه، چونكه ئه‌ردوغان سیاسه‌ت ده‌كات و هێشتا ئه‌و كاراكته‌ره‌یه كه ده‌توانێت هاوكێشه نه‌خوازراوه‌كان و فه‌زا ته‌ڵخه‌كان به قازانجی خۆی بگۆڕێت، به‌تایبه‌تی پێدانی پۆستی هه‌ستیار به جه‌هه‌په و ئیغراكردنیان، وه‌ك وه‌زاره‌ت و پۆستی گرنگ له ده‌زگا گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌ت له پێناو زه‌مینه سازكردن بۆ هاوپه‌یمانێتی تاوه‌كو خولێكی تری هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بۆ 4 ساڵ مسۆگه‌ر بكات، ئه‌ردوغان ئیتر هه‌ست ده‌كات ده‌بێت ریزبه‌ندیی هاوپه‌یمانێتییه كۆنه‌كه‌ی ده‌ستكاری بكات، بۆیه كورد هه‌ڵه ده‌كات كارته‌كانی خۆی به‌ته‌نها بخاته سه‌به‌ته و به‌رژه‌وه‌ندی پارتێكه‌وه، چونكه سه‌رده‌مێكی تر ده‌گوزه‌رێت كه پێویستی به هۆشیاری و هه‌نگاوی ستراتیجی و عاقڵانه ده‌بێت بۆ كورد نه‌ك سه‌ركێشانه.
بۆچی ئاك پارتی شكستی خوارد؟
ئاكپارتی وه‌ك پارتێكی سیاسی ده‌سه‌ڵاتدار به‌و ریتم و ئایدۆلۆژیك و پلانه‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه ده‌ركه‌وت نه‌یتوانی توركیا به‌رێوه‌به‌رێت، وه‌ك "كه‌مال كڵیچدار ئۆغلۆ" سه‌رۆكی گشتی جه‌هه‌په، ووتی توركیا خراپ به‌رێوه‌ده‌برێت، هه‌رواش بوو ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه توركیا هه‌م ئابورییه‌كه‌ی و دۆخی لیره‌ی توركی و قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كانی و هه‌م باڵانسه سیاسی و دیبلۆماسیه‌كه‌ی به‌ره‌و داخوران و داخزان ده‌ڕوات، به‌تایبه‌تی كاتێك كۆمه‌ڵگای توركیا د‌ركیان به‌وه كرد كه وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و كامپ و جه‌مسه‌ری رووسیا و ئێران هه‌نگاو ده‌نێت و ده‌رگاكانی یه‌كێتی ئه‌وروپاو رۆژئاوایان به روودا داده‌خرێت، ئیدی مۆری رازی نه‌بوونی خۆیان نا به ته‌وێڵی ئاكپارتیه‌وه له دوو هه‌ڵبژاردنی چاره‌نووسسازدا.
ئه‌ردوغان كاتێك خه‌ریكی هه‌مواری یاساكانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و توندكردنی ده‌سه‌ڵاته ره‌هاكانی خۆی بوو له كۆشكی كۆمار و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سیستمی وڵاتی له په‌رله‌مانیه‌وه گۆڕی به سه‌رۆكایه‌تییه‌كی تاكڕه‌و، ته‌واوی ركابه‌ره سه‌رسه‌خته‌كانی خسته سووچی زیندان و په‌راوێزكردنه‌وه، كورده‌كان و گویله‌نییه‌كان و كه‌مالییه‌كان و سه‌رمایه‌داران و به‌شێك له میدیاكاران و چه‌په‌كانی توركیا، دواجار هه‌ر ئه‌مانیش بوون هاوسه‌نگی هه‌ڵبژاردنیان به قازانجی بزووتنه‌وه‌ی كه‌مالیزمی نوێ گۆڕی و بۆ یه‌كه‌مجار شكستیان به ئه‌ردوغان تاقیكرده‌وه و سزایاندا، ناكرێت پارتێك ئازادی سیاسی و ئازادی بیر‌ورا بخاته ژێر پرسیار‌و له‌كه‌داری بكات و هه‌زاران چالاكوانی سیاسی و په‌رله‌مانتارو هاوسه‌رۆكی وه‌ك ده‌میرتاش بخاته زیندان و هه‌مان كات چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ش بكات ده‌نگه‌كانی هه‌ڵكشێ بۆ سه‌ره‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه بێباكی ئه‌ردوغان به‌رانبه‌ر به كورد و هه‌ده‌په و داخستنی ته‌واوی ده‌رگاكانی ئیمراڵی و گۆشه‌گیركردنی ئۆج ئالان و پرسی رۆژئاوای كوردستان و كۆمه‌ڵكوژی عه‌فرین و كۆبانی و ده‌یان پرسی هه‌ستیار وایكرد ته‌نانه‌ت توركه هۆشمه‌نده‌كان به دۆخه‌كه رازی نه‌بن، سه‌رباری ئه‌مه بۆ جارێكی تر به‌كارهێنانی فیگه‌ری ئاپۆ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ و ده‌ستخستنه‌وه‌ی متمانه‌ی هه‌ده‌په، هه‌ڵه‌یه‌كی تربوو، به‌ته‌واوی ئاكپارتی دووچاری كێشه كرده‌وه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی كه مه‌هه‌په‌ی نه‌ژادپه‌رسته و هه‌رگیز رازی نییه هیچ جۆره جووڵه‌و گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ كورد بكرێت، بۆیه تاكه ده‌ریچه‌ی ده‌ربازبوون كه ئه‌ردوغان، ده‌بێت بیری لێبكاته‌وه و بیكات، هاوپه‌یمانێتی نوێیه كه هه‌م كورده‌كان و هه‌م كه‌مالییه نوێكان رازی بكرێن و رۆڵیان هه‌بێت له‌و هاوپه‌یمانێتیه.