ئه‌جێندای حكوومه‌تی هه‌رێم: جیاوازی نێوان حكوومه‌تی هه‌ولێر و به‌غداد
له سه‌روبه‌ندی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێویسته پارته سیاسییه‌كانی كوردستان وانه له‌و گاڵته‌جارییه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق وه‌ربگرن و هه‌وڵی رێكخستن و نووسینه‌وه‌ی ئه‌جێندایه‌كی به‌هێز بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم بده‌ن. به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا له كابینه‌كانی پێشووی حكوومه‌ته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه زۆربه‌ی پارته سیاسییه‌كان به‌دوای وه‌زاره‌ت و وه‌زیر دا ده‌گه‌ڕێن و شه‌ڕی دانانی شه‌خسه‌كان ده‌كه‌ن و كه‌س به رسته‌یه‌كیش باسی ئه‌جێندای حكوومه‌ت ناكات. دانانی ئه‌جێندا رۆڵێكی گرنگی هه‌یه له رۆنان و داڕشتنی نه‌خشه‌ڕێیه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردن و جێبه‌جێ كردن. حكوومه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌جێندایه‌كی روونی هه‌بێت، ده‌توانرێت له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئه‌جێندایه‌ش چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندن و ئه‌گه‌ر پێویستیش بكرێت لێپێچینه‌وه‌ی لێ بكرێت. زۆربه‌ی حكوومه‌ته‌كانی پێشووی هه‌ولێر و به‌غدا نه‌خشه‌ڕێ و ئه‌جێندایه‌كی تۆكمه‌یان نه‌بووه ئه‌وه‌ش به‌هۆی ململانێی شه‌خسی و حزبه سیاسییه‌كانه‌وه، بۆیه ئێستا ده‌رفه‌ته بۆ پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێم تۆزێك به خۆیاندا وه‌رنه‌وه و ده‌رسێك له حكوومه‌ته نوێیه‌كه‌ی عێراق وه‌ربگرن.
هه‌بوون و رۆنانی ئه‌جێندایه‌كی روون دره‌فه‌تێكی له‌بار بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌ت ده‌ره‌خسێنێت و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت كه حكوومه‌تی هه‌رێم جیاوازییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌غداد هه‌یه. به‌ڕای من ئه‌گه‌ر پارته‌كانی هه‌رێم ده‌یانه‌وێت لاسایی ئه‌و حكوومه‌ته بكه‌نه‌وه كه له به‌غداد پێكهاتووه و هه‌ڵگری نه‌خشه‌ڕێیه‌كی روون نییه و پڕه له پاشه‌قولگرتن و ململانێی حزبی و شه‌خسی و مه‌زهه‌بی، باشتر وایه كه نه‌یكه‌ن. ئێستا ده‌رفه‌تێكی زێڕینه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه به گه‌لی خۆمان و وڵاتانی دیكه بڵێن ئه‌وه رووئیای ئێمه‌یه و ئه‌وه ئامانج و ستراتیژیی و هه‌روه‌ها پلانی جێبه‌جێكردمانه. ئه‌وه‌ش میكانیزمی چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنمانه. ئه‌وه‌ی ئێمه له حكوومه‌تی به‌غدا جیاده‌كاته‌وه ناوه‌رۆكی ئه‌جێندا و پلانه‌كانمانه. ئێمه ناكرێت هه‌ر چاوه‌ڕوانی هاتنی پۆمپیۆ و مه‌كگۆرك و...هتد بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بێن و پێمانبڵێن وه‌ها بكه‌ن و وه‌ها مه‌كه‌ن. یان به‌هیوای ئه‌وه بین كه كۆلكه سیاسی، نووسه‌ر، چاو‌دێر یان رۆژنامه‌نووسێكی رۆژئاوایی راپۆرتێكی ئه‌رێنیمان له‌سه‌ر بنووسێت. بۆیه ئێستا ده‌رفه‌ته و پێویسته ئه‌و پارتانه‌ی كه به جیدی خه‌می داهاتووی كوردستان هه‌ڵده‌گرن وه‌رنه سه‌ر خه‌ت و له نووسینه‌وه‌ی ئه‌جیندایه‌كی تۆكمه‌دا یارمه‌تی سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو بده‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه ئێمه به جاڕی كۆنی حزب حزبێنه‌دا نه‌چینه‌وه و هه‌نگاوێك به‌ره‌وپێش بچین.
له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش من لێره‌وه پێشنیازی چه‌ند خاڵی گرنگ ده‌كه‌م كه پێویسته حكوومه‌تی داهاتووی هه‌رێم گرنگییان پێبدات و بیانخاته ناو ئه‌جێنداكه‌یه‌وه:
یه‌كه‌م، دابینكردنی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه: به‌هێزكردن و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی نوێی عێراق، درێژه‌پێدان به سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم، داڕشتنی بناغه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنان و ساغكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه نانه‌وتییه‌كان، به‌هێزكردنی كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار.
دووه‌م، په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی گرنگیدان به رێگه‌وبان و به‌نداوه‌كان
سێه‌م، وه‌گه‌ڕخستنی ریفۆرم له ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كخستنه‌وه‌یان (ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه...هتد) و به‌ستنه‌وه‌یان به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه. بۆ نموونه، به‌شێكی زۆری ئه‌و هێزانه بودجه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رده‌گرن، به‌ڵام كه‌مترین گوێڕایه‌ڵییان بۆ حكوومه‌ت هه‌یه و فه‌رمانی تاكی حزبه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
چواره‌م، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. وه‌ك ده‌زانن له‌م ناوچانه‌دا پارته كوردستانییه‌كان نوێنه‌رایه‌تی كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌جێی ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تی هاووڵاتیان بكات و بچێته ناو هه‌ر رێككه‌وتنێكه‌وه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه. پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم تاكه نوێنه‌ری ئه‌و ناوچانه بێت له ئه‌گه‌ری هه‌ر جۆره دانووستاندنێك له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا. من نازانم ده‌سته‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كاری چییه و بۆچی دامه‌زراوه؟ ئه‌ی ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌ركێكی دیاریكراو دامه‌زراوه بۆچی تائێستاش حزبه‌كان ئه‌و رۆڵه ده‌بینن؟ ئه‌زموونی كه‌ركوك و 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه حزبه‌كان له كه‌ركوك رێگرن له‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم رۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له چاره‌سه‌ری و نوێنه‌رایه‌تیكردنی كوردستانیانی ئه‌وه ده‌ڤه‌رانه‌دا ببینێت. خاڵێكی دیكه‌یش ئه‌وه‌یه كه پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچانه كار بۆ بردنه‌وه‌ی متمانه‌ی كه‌مه نه‌ته‌وه-ئایینییه‌كانی ئه‌و ناوچانه بكات له‌رێگه‌ی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه و به‌ستنه‌وه‌ی ئابوورییان به هه‌رێمه‌وه.
پێنچه‌م، په‌ره‌پێدان و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه له‌رێگه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق. هه‌روه‌ها پێویسته فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به میكانیزمێكی پرۆفێشناڵانه و گشتگیر به‌ڕێوه‌بچێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه بتوانێت سیاسه‌ته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه جێبه‌جێ بكات و نوێنه‌ره‌كانیشی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم بن، نه‌ك نوێنه‌ری پارته سیاسییه‌كان.
شه‌شه‌م، گرنگیدان به سه‌ره‌وه‌ی یاسا و به‌دامه‌زراوه‌ییه‌كردنی دامه‌وده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت.
حه‌وته‌م، گرنگیدان به ژێرخانی فیكری كۆمه‌ڵگه له‌رێگه‌ی په‌روه‌رده‌و رۆشنبیرییه‌وه.
له كۆتاییدا پێویسته ئه‌وه دووپات بكه‌مه‌وه، ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارته سیاسییه‌كانی له حكوومه‌تی به‌غدا جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه ده‌بێت كه گرنگییه‌كی تایبه‌ت به ئه‌جێندای حكوومه‌ت بده‌ن، نه‌ك شه‌ڕ له‌سه‌ر پۆسته وه‌زارییه‌كان و هه‌روه‌ها هه‌وڵی تۆڵه‌كردنه‌وه له یه‌كتر و شكاندنی حكوومه‌ت بده‌ن.
* پسپۆڕی یاسای ده‌ستووری