لوتکە بێ ئەنجامەکەی ئيستەنبووڵ

Kurd24

ساز کردنی لووتكەكەی 27تشرينى يەكەم کە لە شاری (ئيستەنبووڵ)ی تورکیا ساز کرا لە  لەنێوان رووسيا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و تورکیا، خۆی لە خۆیدا سوکایەتی کردن بوو بە گەلانی سووریا. ئەو وڵاتەی کە ماوەی حەوت ساڵە بە دەست  شەرێکی ناوخۆی قورسەوە دەناڵێنی، کە تائێستا  زیاتر  لە 511 هەزار کەس بوونەتە قوربانی، جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لەپێنچ ملیۆن هاووڵاتی.

ئەوەی جێگەی چاوەڕوان نەکراو بوو ئامادەبوونی ئەڵمانیا و فەرەنسا بوو لەم لوتکەیە،  کە وەك دوو وڵاتی ئەندام  لە یەکێتی ئەوروپا بەشداریانکرد،  بێ ئەوەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا خاتوو (فێدریكا مۆگرینی) ئاگاداربکەنەوە. بۆیە ئەم هەڵسوکەوتەی مێرکڵ و ماکرۆن زۆر بە نەرێنی گەڕایەوە بۆیەکێتی ئەوروپا.

ئامادە نەبوونی گرووپە بەرهەڵستکارەکانی  رژێمی سووریا  لەم لوتکەیەدا، جێگەی سەرسورمان بوو. راستەیەک رێزی لە نێوان ئەم گرووپانە نییە، بەڵام بیانەوێ و نەیانەوێ ئەوان بە نوێنەری گەلانی سووریا لە قەڵەمدەدرێن.

جێگەی ئاماژەپێکردنە ئەنجامدانی ئەم لوتکەیە، نەبوو بە چارەسەرێک بۆ کێشەی سووریا، بەڵکو تەنیا بووە هۆی ئالۆزکردنی زیاتریسيناريۆكە. ئاشکرایە  رووسيایی پوتین لەم لووتكەيەدا هەموو هەوڵی خۆی خستەگەر بۆ خستنەرووی تواناکانی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە سووريا بەتايبەت، هەروەها هەوڵی ئەوەشی دا کە سەرنجی ئەوروپییەکان بۆ  سووریا رابکێشێ کە ماوەی 7 ساڵە لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا دەژین لە سایەی دکتاتۆرێکی وەك بەشار ئەسەد.  هەروەها بەشداری نەکردنی وڵاتە يەكگرتووەكان ئەمەریکا و ئێران لە لوتکەکەدا جێگەی سەرسورمان بوو، بەتایبەتی ئەو دوو وڵاتەی کە  رۆڵی سەرەکیان هەیە لە رووی سەربازییەوە لە شەڕی ناوخۆیی سووریا. جا بۆیە  هەر نەخشە رێگایەك بكێشرێت بۆ چارەسەری قەيرانەكە بێ بەشداریکردنی واشنتۆن و تاران بێ شک سەرناگرێ.

هاوکات دوای تەواوبوونی لوتکەکە و  گەڕانەوەی  مێرکڵ و ماکرۆن، زۆر لە میدیاکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا رەخنەیان ئاراستەی ئەو دوو سەرکردە کرد، لەوەی کە نەیاتوانی پرسیارێک لە ئەردۆگان بکەن لەمەر داگیرکردنی شاری عەفرین  لە رۆژئاوای کوردستان، و مانەوەی لەوێ. ئایا ئەمیش بە خاکی سووریا لە قەڵەم نادرێ و سەروەری  تایبەتی خۆی نییە؟ پێشلکردنێکی ئاشکرای مافی نیودەوڵەتی نییە؟، کە بۆ هەمان پێشلکردن لە ساڵی 1990 لە لایەن سەدام دوای  داگیرکردنی وڵاتی کوێت، هێزەکانی رۆژاوا دەمودەست هاوپەیمانیان دروست کرد بۆ ئازاد کرد کوێت و سەپاندنی سزای نێو دەوڵەتی بەسەر حکومەتی ئەوسای عێراق. کەچی بێدەنگیان نواند بەرامبەر بە تورکیا کە ئەندامە لە رێخکراوی ناتۆ.

نەک هەر ئەمە، بەڵکو چ مێرکڵ و  چ ماکرون زۆر باش دەیانزانی کە چەندین پەرلەمانتاری هەدەپە هەر لە سەرۆکی پارتەکەوە سلاحەدین دەمیرتاش بگرە لە بەندیخانەن بە تۆمەتی "تیرۆریزم"  کە هیچ بنەمایەکی نییە. تەنیا ئەوە نەبێ لە ناوبردنی گەلی کورد لە باکوری کوردستان. لە کاتێکدا هەدەپە خەریکی خەباتی سیاسیە نەك خەباتی چەکداری.