خوێندنەوەیەکى کوردانە بۆ بەشدارى سەرۆک بارزانى لە (کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى دەریاى مردوو)

Kurd24

سەرۆک مەسعود بارزانى لەسەر بانگھێشتی فەرمیی شای ئوردن و بۆ بەشداریکردن لە حەڤدەهەمین کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى دەریاى مردوو، رۆژى 5 / 4 / 2019 سەردانى عەمانى پایتەختى ئوردنى کرد و، رۆژى 6 / 4 بەشدارى کۆڕبەندەکەى کردو، رۆژى 7 / 4 شا عەبدوڵڵای دووەم کوڕى حوسێن پادشای ئوردن بەگەرمى پێشوازی لە سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری كرد.

سەردانی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ ئوردەن و پێشوازیلێكردنەكەی، رەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوچەكەدا ھەبوو، لەڕووى پرۆتۆکۆڵییەوە وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا و، لە هەمووى گرنگتر بۆ یەکەم جار ئاڵاى کوردستان بێ ئاڵاى عێراق لە تەک ئاڵاى وڵاتێکى عەرەبیدا بەرزکرایەوە، بێگومان ئەوەش ئاماژەیەکى روونە بۆ ڕۆڵ و قورسایى سەرۆک بارزانى و پێگەى کوردستان لەناو ھاوكێشە سیاسییەكانى ناوچەکەدا، لەهەمان کاتدا ئاماژەیەکە کەوا سەرۆک بارزانى رێبەرایەتى گەلى کوردستان دەکات و، هەر بۆیەش وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا، سڵاوی سەربازیی لێ كرا، فەرشی سووری بۆ راخرا، ئەم شێوازى پێشوازیکردن و بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستان حکومەتى عێراقى نیگەرانکرد و داواى روونکردنەوەى لە ئوردەن کرد، ئوردەنیش بە شێوەیەکى دیپلۆماسییانە وەڵامى عێراقى دایەوە، بەڵام لە هەمووى گرنگتر پەیامەکە گەیشت، کە رێبەرى گەلى کوردستان سەرۆک بارزانی-یە و کوردستان خاوەن پێگەی گرنگ و تایبەتی خۆیەتى لە ناوچەکەدا.

(کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى دەریاى مردوو)؛ کە هاوشێوەى کۆڕبەندى داڤۆسى سویسرایە، بەستنى ئەم کۆڕبەندە بە ئامادەبوونى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە سەرۆکى وڵاتان و هەزار کەسایەتى سیاسى و ئابوورى و بزنسمان و نوێنەرانى کۆمپانیا مەزنەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسانى پسپۆڕ و ئەکادیمى و راگەیاندنکار لە 50 پەنجا وڵات، دیدار و کۆڕبەندێکى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى گرنگە بۆ پتەوکردنى پەیوەندى وڵاتان و، دەکرێ لە پەراوێزى ئەم کۆنگرەیەدا دەیان دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ شاندى وڵاتان ئەنجامبدرێت و پەیوەندییەکى دۆستانە و بەرهەمدارى لێ وەبەربێت، بانگهێشتکردنى سەرۆک بارزانى بۆ ئەم کۆڕبەندە سەلمێنەرى ئەو راستییە کەوا کوردستان لە ناوچەکەدا وەک وڵاتێکى دیفاکتۆى رانەگەیەندراو دەتوانێ بەشدار بێت لە دارشتنەوەى نەخشەى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

دروشمى سەرەکى کۆڕبەندەکە (دیاریکردنى سیستمێکى نوێ بۆ هاوکاریکردن) بوو، کۆڕبەندەکە تایبەت بوو بە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکوورى ئەفریقیا و، تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چوار تەوەرى سەرەکى کە ئەوانیش بریتى بوون لە:

1- بنیاتنانى نموونەیەکى نوێى ئابوورى و کۆمەڵایەتى بۆ ناوچەکە.

2- دواڕۆژى ژینگە لە ناوچەکەدا

3- گەیشتن بە زەمینەسازییەکى کارى هاوبەش لە جیهانێکى فرەبۆچووندا.

4- شۆڕشى پیشەسازى چوارەم لە ناوچەکەدا.

دروشمى سەرەکى و ئەم تەوەرانە کە بابەتى سەرەکى گفتوگۆکانى کۆڕبەندەکە بوون؛ سەرەتایەکى گرنگن بۆ داڕشتنەوەى ستراتیژێکى نوێى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى لە ناوچەکەدا، بەشداریکردنى سەرۆک بارزانى لەو کۆڕبەندەدا ئەوەمان پێدەڵێت کە بەڵێ دەبێت کوردستان بەشداربێت لە دارشتنى سیستمى نوێى هاوکاریکردن و بەیەکەوە کارکردن لە ناوچەکەدا، کوردستان رۆڵى خۆى دەبێت لە دارشتنەوەى ستراتیژییەکى ئابوورى و سیاسى و ئاسایشى ناوچەکەدا، ئەمانەش بە حوکمى ئەوەى کە کوردستان لە رووى ئابوورییەوە وڵاتێکى دەوڵەمەندە و خاوەن نەوت و غازێکى زۆرە و، لەهەمان کاتدا سەرچاوە ئابوورییەکانی فرەن وەک کشتوکاڵ و گەشتیارى و جۆرەها کەرەسەى سەرەتایى پیشەسازى، لە رووى سیاسییەوە سیاسەتى حەکیمانەى سەرۆک مەسعود بارزانى وایکردووە کوردستان رووبەڕووى هەموو ئەو پیلان و ئاستەنگانە ببێتەوە کە رووبەڕووى کوردستان بوونەوە و سەرۆک بارزانى بە لێزانى و سیاسەتى حەکیمانەى خۆى توانى کوردستان لە قۆناخێکى هەرە سەخت و دژوار دەرباز بکات و گەمارۆکانى سەر کوردستان تێکبشکێنێت، بانگهێشتکردنى بۆ کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى دەریاى مردوو ئاماژەیەکە بۆ وڵاتانى ناوچەکە کە بەڵێ سەرۆک بارزانى لە ئێستا و داهاتوودا دەتوانێ لە ناوچەکەدا رۆڵێکى کاریگەر بگێڕێـت، سەرەڕاى ئەمانە پێگەى کوردستان لە رووى ئاسایشەوە گرنگە؛ کوردستان توانى رۆڵێکى کاریگەر بگێڕێت لە تێکشکانى تیرۆریستانى داعش و هێمنى و ئارامى کوردستان بپارێزێت و وەکو ناوچەیەکى ئارام بمێنێتەوە، بێگومان ئەوەش بۆ هەموو لایەک روونە کەوا سەرۆک بارزانى وەک فەرماندە و پێشمەرگەیەک هاوشانى پێشمەرگەکانى کوردستان بەردەوام لە سەنگەرى بەرەڤانیکردن و پاراستنى کوردستاندا بوو، ئەو ئاسایش و ئارامییەى لە کوردستان هەیە وادەکات کوردستان ببێتە ژینگەیەکى گونجاو بۆ وەبەرهێنان و رێگە بۆ وەبەرهێنەران خۆش دەکات بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن، ئەمەش لە داهاتووى نزیکدا وادەکات کە کوردستان لە رووى ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى زیاتر پێشڤەبچێت.

بێگومان بەشداربوونى سەرۆک مەسعود بارزانى لە کۆڕبەندى ئابوورى جیهانى دەریاى مردوو لەم کاتەدا کرانەوەیەکى گرنگە بە رووى ناوچەکەدا بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان کوردستان و وڵاتانى بەشدارى کۆڕبەندەکە بە گشتى و ئوردەن بە تایبەتى، ئوردەن لە پێشەوەى ئەو وڵاتە عەرەبییانە دێت کە خوازیارى بنیاتنانى پەیوەندییەکى بەتین بووە لەگەڵ کوردستان، هەر زوو هەستى بە گرنگى پێگەى کوردستان لە ناوچەکەدا کردو بڕیارى کردنەوەى کۆنسڵخانەى گشتیى وڵاتەکەیدا لە هەولێر، دواتر کۆمەڵێ کۆمپانیاى ئوردەنى روویان لە کوردستان کرد و بەشدار بوون لە پرۆسەى بنیاتنانەوەى ژێرخانى کوردستان و گەشەپێدانى مرۆیى و تا ئێستاش بەردەوامن، ئەو پەیوەندییانەى نێوان ئوردەن و کوردستان رێگە خۆشکەر و متمانە بەخش دەبن بۆ زۆر وڵاتى دیکەش کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان پێشبخەن.

جیا لە کارنامەى کۆڕبەندەکە؛ رۆژى 7 / 4 شاعەبدوڵڵای دووەم کوڕى حوسێن پادشای ئوردەن بەگەرمى پێشوازی لە سەرۆك مەسعود بارزانی و شاندی یاوەری كرد، وەک راگەیەندرا لە دیدارەكەدا شا عەبدوڵڵا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پێشڤەچوون و باشتربوونی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و وتوویەتى : (باشبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی هەموو لایەك دایە)، بێگومان عێراق و ئوردەن دوو وڵاتى هاوسنوورن و کۆمەڵێ پەیوەندى و بەرژەوەندى بەیەکیان دەبەستێتەوە، سەرۆک مەسعود بارزانى دەتوانێ رۆڵێکى کاراى هەبێ بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکان و پێشخستنى پەیوەندییەکان، بە لاى شانشینى هاشمى ئوردەنەوە زۆر گرنگە کەوا پەیوەندییەکى پتەوى لەگەڵ عێراق و پێهاتەکانى عێراق هەبێت، بۆئەوەى لە لایەک پەیوەندییە سیاسى و دیبلۆماسییەکان و بەرژەوەندییە بازرگانى و ئابوورییەکانى لەگەڵ عێراق و کوردستان بپارێزێت و پێشبخات و، لە لایەکى دیکەشەوە لە رووى ئارامى و ئاسایشەوە سنوورى وڵاتەکەى لەگەل عێراقدا بێ کێشە و پارێزراو بێت.

بێگومان رۆڵی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكەشدا بۆ پاراستن و چەسپاندنى ئاسایش و ئارامى زۆر گرنگە، بۆیە ئوردەن بە گرنگى دەزانێت بۆ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى سوود لە پێگەو رۆڵى سەرۆک بارزانى وەربگرێت، ئەم بانگهێشتکردن و سەردانەش سەلمێنەرى ئەو راستییانەن.

هەروەها لە دیدارکەى نێوان سەرۆک بارزانى و شا عەبدوڵڵاى دووەم جەخت لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نیوان هەردوولا و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە كراوەتەوە و باس لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان كوردستان و شانشینی ئوردن و باس لە هەماهەنگی و هاوكاریی بەردەوام لەپێناو شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی و، ڕیشەكێشكردنی تیرۆریستان کراوە، ئوردەن و کوردستان هەردوو لا بەشدارن لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى شەڕ دژى تیرۆر، هەموو لایەکیش ئەوە باش دەزانن کەوا سەرۆک مەسعود بارزانى وەک پێشمەرگەیەکى خاوەن ئەزموون رۆڵێکى کاراى بینى لە شەڕى دژى تیرۆریستان، بوێرى و لێهاتووى و شارەزایى سەرۆک بارزانى و گیانفیدایى پێشمەرگەى کوردستان ئەفسانەى داعشیان تێکشکاند، بۆیە بەشێک لەو دیدارەى سەرۆک بارزانى پەیوەست بووە بەوەى کەوا لە داهاتوودا چۆنن بتوانن هەماهەنگ و هاوکاربن بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر.

سەرۆک بارزانى کە بە خاوەن سیاسەتێکى حەکیمانە و وردبینانە و دووربینانە و خاوەن ئەزموون ناسراوە رۆڵێکى کاراى دەبێت لەو گۆڕانگارییانەى کەوا لە ناوچەکەدا دێنە پێشەوە و روودەدەن، بۆیە راوێژپێکردن و گوێگرتن لە سەرۆک بارزانى سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکان و داڕشتنەوەى ستراتیژیەتێکى نوێ بۆ ناوچەکە گرنگى خۆى هەیە، ئوردەن لە ڕێى ئەو بانگهێشتە فەرمییە و ئەو پێشوازیکردنەى لە سەرۆک بارزانى پەیامێکى بە هەموو لایەکدا، کەوا بڕیارى گەلى کوردستان لاى سەرۆک مەسعود بارزانی-یە و، سەرۆک بارزانى وەک هەمیشە لە گۆڕانکارییەکانى داهاتووى ناوچەکەدا رۆڵى کاریگەرى خۆى دەبێت، بۆیە پێویسە راوێژى لەگەڵدا بکرێت و بیروڕاکانى بەهەند وەربگیرێن.

کوردستان لەسەر ئاستى ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆتە جێى بایەخ و گرنگى خۆى، پێویستە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ئەو پێشڤەچوونانە بەهەند وەربگرن و رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتیمانى بکەن و هەنگاوى خێرا بنێن بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى کوردستان، هاوکێشەیەکى ناهاوسەنگە لەسەر ئاستى ناوچەیەیى و نێودەوڵەتى بە بایەخ و گرنگییەوە سەیرمان بکەن و لە ناوخۆش ناتەبابین، بۆیە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کەوا بە خۆماندا بچینەوەو رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى گەلى کوردستان بکەین و بەیەکەوە هەوڵى پێشڤەبردنى کوردستان بدەین و هاوکار و پشتیوانى سەرۆک مەسعود بارزانى بین بۆ گەیشتن بە کەنارێکى ئارام و دواڕۆژێکى گەش.