گرینگی ئابووری بۆ كوردستانێكی به‌هێز
كاتێك به‌ڕێز “مه‌سروور بارزانی”، سه‌رۆكی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، خه‌ریكی پێكهێنانی كابینه بوو له زۆربه‌ی ماڵپه‌ر و سایته‌كان دروشمی “حكوومه‌تێكی به‌هێز بۆ كوردستانێكی به‌هێز” یان بۆ حكوومه‌ته‌كه‌ی ده‌گوته‌وه كه ئاماژه‌یه‌ك بوو بۆ به‌شێك له په‌یامی21/10/2018ـی “سه‌رۆك بارزانی” بۆ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی ڕابردوی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان. بابه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێزیشیان له ڕۆژنامه‌ی واشنگتۆن پۆستی ئه‌مریكی و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر “پتەوكردنی پێگەی هه‌رێمی كوردستان له ناوچەكه و مسۆگەركردنی بوون و ئامادەیی كوردستان لە سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی“ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زیاتری به‌و دروشمه به‌خشیوه، بۆیه له‌و بابه‌ته باسی پێداویستیه‌كانی گه‌یشتن به‌و ئامانجه و گرینگی ئابووری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌كه‌ین.
هه‌ر به‌و جۆره‌ی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران باسی ده‌كات، حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م حكوومه‌تی كوردستانه كه پاش “كۆمه‌ڵێك ڕووداوی شۆكهێنه‌ر” (وه‌ك شه‌ڕی دژ به ڕێكخراوی داعش، سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری كوردستان، ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، لێكترازانی سه‌ربازی و دژایه‌تی به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر) ده‌ست به‌كار ده‌كات و ده‌یه‌وێت پاڵپشتی و هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی هه‌بێت و بتوانێت كێشه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.
هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمێكی نیمچه سه‌ربه‌خۆی گه‌نجه كه كه‌وتۆته ناوچه‌یه‌كی پڕ له ئاڵۆزیی بۆیه داڕشتنی پلانی درێژخایه‌ن و به‌تایبه‌ت جێبه‌جێكردن و گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی ئه‌و پلانه له‌و بارودۆخه‌دا زۆر دژواره و زۆر زه‌حمه‌تتریش ده‌بێت ئه‌گه‌ر ژێرخانه‌كانی حوكمرانی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له خودی حكوومه‌ته‌كه گه‌نجتر بن، بۆیه هه‌بوونی سیاسه‌ت و پلانێكی پێشكه‌وتوو و هه‌مه‌لایه‌نه زۆر پێویست و ڕه‌مزی گه‌یشتن به ئامانجه‌كانه.
هه‌رێمی كوردستان و بنه‌ماكانی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی:
ئه‌وه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان (به گشتی)، پێویستی به پاڵپشتی فیكری و عه‌مه‌لی وڵاتانی دۆست و پێشكه‌وتوو به تایبه‌ت ڕۆژئاوا هه‌یه جێگای گومان نییه به‌ڵام چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه هه‌روه‌ك به‌ڕێز سه‌رك وه‌زیران ئاماژه‌ی پێده‌دات، “هه‌وڵی زیاتر له هیواخواستنمان بۆ بده‌ن”. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، حكوومه‌تی نوێ، ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه زۆربه‌ی شێوازه‌كانی كارپێكردن بگۆڕێت بۆئه‌وه‌ی ئامانجه دیاریكراوه‌كانی مسۆگه‌ربكات، كه به دڵنیاییه‌وه هه‌م له ناوخۆ و هه‌م له ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتان و به‌غدا ده‌گرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ما كلاسیكه‌كانی وه‌ك دادپه‌روه‌ری و یاسای نێوده‌وڵه‌تی نه‌ماوه، بۆیه ناتوانین چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له وڵاتانی زلهێز بكه‌ین كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق، دۆستایه‌تی، مرۆڤایه‌تی و (وه‌ك ئه‌وانه) پاڵپشتیی نه‌ته‌وه‌كان و هه‌نگاوه‌كانیان بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان، بۆیه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوا 100 ساڵ له‌مه‌و پێش و له ڕێكه‌وتنی سیڤه‌ر مافی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییان بۆ گه‌لی كوردستان پێشبینی كردبوو، هه‌موویان به ڕاشكاوانه دژایه‌تی خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانیان له ڕێفراندۆمی 2017 ده‌رده‌بڕی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان له‌و ڕێكه‌وتنه‌دا نه‌بووبێتن یان ئاگاداری نه‌بن.
له‌ڕاستی دا ئه‌وڕۆ به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندیه‌كانی ئابووری ته‌نیا بنه‌مای په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه و له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ده‌ڵێن ئه‌وڕۆ هیچ وڵاتێك تاسه‌ر دۆست یان دوژمنی وڵاتێكی دیكه نییه، چونكه به گۆڕینی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و چاوه‌ڕوانیه‌كانیان له په‌یوه‌ندی ئابووری له‌گه‌ڵ وڵاتان، په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوانیان ده‌توانێت گۆڕانكاریی به سه‌ردا بێت. بۆیه گرینگه هه‌رێمی كوردستان ببێته خاوه‌نی ئابووریه‌كی به‌هێز كه په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ وڵاتانی گرینگ بۆ داهاتووی كوردستان هه‌یه و به‌وانه‌ی به‌ستۆته‌وه به جۆرێك كه له‌كاتی هه‌رجۆره قه‌یرانێك ئه‌وان نه‌ته‌نیا دژایه‌تی كوردستان ناكه‌ن به‌ڵكوو به په‌رۆشه‌وه هاوكار ده‌بن بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنی.
ئابووری هه‌رێمی كوردستان:
ئابووری هه‌رێمی كوردستان، ئابووریه‌كی گه‌نج و تاك به‌رهه‌می پشت به‌ستوو به داهاتی نه‌وته و ژێرخانه‌كانی پیشه‌سازی و كه‌لتووری پته‌وی بۆ پاڵپشتی پلانی گه‌شه‌ی ئابووری نییه. به‌شی سه‌ره‌كی بوودجه‌ی حكوومه‌ت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی به‌جێماو له شه‌ڕی داعش و قه‌یرانی دارایی خه‌رج ده‌كرێت. ئه‌مه له كاتێك دایه كه حكوومه‌تی هه‌رێم دراو و بانكی ناوه‌ندی سه‌ربه‌خۆی بۆ دانانی سیاسه‌تی پاره (Monetary Policy) نییه و ته‌نیا ده‌توانێت به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانی ماڵی (Financial Policy) به‌كاربهێنێت. واتا ده‌ستی بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووری زۆر كراوه نییه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كێشه‌ی بنچینه‌یی و ئیداری هه‌یه.
هه‌روه‌ها باڵانسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه (بێجگه له نه‌وت) به‌لای هاورده قورسه و زۆربه‌ی داهاتی خه‌ڵك و وڵات بۆ هاورده‌كردنی كاڵا له وڵاتانی دراوسێ و بیانی خه‌رج ده‌كرێت و كاڵایه‌كی به‌رچاوی نییه بۆ هه‌نارده‌كردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ئه‌و پێوه‌ره. به‌پێی ڕاپۆرتی ئه‌نستیتۆی كارێنگی، 75%ـی كاڵاكانی ناو بازاڕه‌كانی كوردستان و 90%ـی به‌رهه‌مه خوارده‌مه‌نیه‌كان له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت كه ڕێژه‌یه‌كی زۆری په‌یوه‌ستبوونی كوردستان به ده‌ره‌وه پیشان ده‌دات.
كه‌رتی نه‌وت كه ڕۆڵی بزوێنه‌ری ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕێت، له ماوه‌ی 14 ساڵی ڕابردوو و به‌تایبه‌ت پاش 2014 سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێوه‌براوه و پێشكه‌وتنێكی به‌رچاوی ئه‌زموونكردووه هه‌رچه‌نده هێشتا له سه‌ره‌تادایه، ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نزیكبۆته‌وه له 500 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا و خاوه‌نی بۆری گواستنه‌وه‌یه بۆ به‌نده‌ره‌كانی توركیا به مه‌به‌ستی گه‌یشتن به بازاره‌كانی جیهان. ئه‌و كه‌رته وه‌به‌رهێنانێكی باشی كۆمپانیا بیانیه‌كانی بۆ خۆی ڕاكێشاوه و زیاتر له 30 كۆمپانیای جیهانی تێیدا كارده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند پڕۆژه‌كانی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی به‌ناوبانگ له ئاستێكی باش به‌ڕێوه ناچێت و پێویستی به ڕاچڵه‌كاندنێكی نوێ هه‌یه تاكوو ئامانجه دیاریكراوه‌كانی پێشوو بپێكێت و پڕۆژه ڕاوه‌ستاوه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه.
پێشنیاری پلان و سیاسه‌تی گه‌شه‌ی ئابووری ژیرانه:
هه‌ر به‌و جۆره‌ی له به‌رنامه‌كانی حكوومه‌تی نوێ ئاماژه‌ی پێكراوه، گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت هه‌مه‌چه‌شنه بێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بێت كه ئابووری كوردستان بكرێته پردێكی به‌هێز بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كوردستان به وڵاتانی زلهێز و دۆست، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێویسته هه‌موو هه‌نگاوه‌كان ژیرانه دابڕێژێت و به‌پێی پلان جێبه‌جێ بكرێت، به‌تایبه‌ت وه‌كوو:
1) كه‌لتوور و ژێرخانه‌كانی پیشه‌سازی بۆ پاڵپشتی پلانه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووری پته‌وتر بكرێت.
2) به چاكسازی خێرا و ئاشكرا، متمانه بۆ ڕكابه‌رایه‌تی ڕاسته‌قینه له بازاری كوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه.
3) به‌پلان و سیاسه‌تی تایبه‌ت، گه‌شه‌ی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان خێراتر بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند هه‌نگاوی سه‌ره‌كی پێشنیارده‌كرێت وه‌كوو: چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ دڵنیاییدان به كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان، په‌ره‌بدرێت به ژێرخانه‌كانی گواستنه‌وه و پاڵاوتن، ڕێژه و ژماره‌ی كۆمپانیا جیهانیی له نه‌وتی كوردستان زیادبكرێت به‌تایبه‌ت بۆ كێڵگه و پڕۆژه‌ی نوێ، به‌رهه‌مهێنان له كێڵگه‌كانی ئه‌كتیڤكراو به‌رزبكرێته‌وه و كێڵگه نوێیه‌كان له پڕۆسه‌یه‌كی پلان بۆ داڕێژراو بدرێته كۆمپانیاكانی جیهانی، كۆمپانیا نیشتمانیه‌كان دابمه‌زرێنرێن و به فرۆشتنی نه‌وت به سیسته‌مێكی جیهانی پێگه‌ی كوردستان له بازاڕه‌كانی جیهانی قایمتربكرێت…
4) كێشه‌كانی ئیداری (به‌گشتی) له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ربكرێت بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیایی درێژخایه‌ن بداته وه‌به‌رهێنه‌ران و خاوه‌ن كۆمپانیاكان بۆ پلانه‌كانیان له كوردستان.
5) كه‌رتی بانكی و بیمه ڕێكبخرێته‌وه تاكوو هه‌م دڵنیایی به وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی و ناوخۆ بدرێت و هه‌م په‌یوه‌ندی بانكی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه ئاسانتر بكرێت.
6) ئه‌و كه‌رتانه‌ی ده‌توانن له ڕكابه‌رایه‌تی به‌رهه‌مه بیانیه‌كان سه‌ركه‌وتووبن یان ستراتیژین دیاریبكرێن، پلانی گه‌شه‌ی تایبه‌تیان بۆ دابندرێت، به یاسا و عه‌مه‌لی له به‌رامبه‌ر به‌رهه‌می هاورده پاڵپشتیان بكرێت و بۆ هه‌نارده‌كردنیان بۆ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه یارمه‌تیان بدرێت.
7) به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وڵاتانی هه‌ڵبژێردراو (به‌پێی سیاسه‌تی حكوومه‌ت بۆ په‌ره‌پێدان به په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان) باج و گومرگ بۆ كاڵای هه‌ردوو لایه‌ن ڕێكبخرێته‌وه تاكوو بێجگه له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كان، هاورده و هه‌نارده‌ی كاڵا له نێوان دوو وڵات ئاسانتر و سیسته‌ماتیكتر بكرێت.
8) پاڵپشتی یاسایی و عه‌مه‌لی بۆ به‌رهه‌م هێنانی ناوخۆ بكرێت به مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات و به‌رهه‌می ناوخۆ.
9) به ڕێكخستنه‌وه‌ی باج و یاسای كۆمپانیاكان، كه‌رتی تایبه‌ت پاڵپشتی بكرێت تا گه‌شه بكات و یارمه‌تیده‌ری حكوومه‌ت بێت له دامه‌زراندن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری گه‌نجان.
10) به‌یاسا و عه‌مه‌لی پاڵپشتی و كارئاسانی بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بێنه كوردستان.
به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانانه، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گه‌شه‌ی ئه‌و كه‌رته، به‌رهه‌می ناوخۆ به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبكاته‌وه و پشكی نه‌وت له بوودجه دابه‌زێنێت، كوردستان له به‌كارهێنه‌ر (Consumer) بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ر (Producer) بگوازێته‌وه و ئاستی په‌یوه‌ندی ئابووری كوردستان له‌گه‌ڵ عێڕاق، وڵاتانی دراوسێ و جیهان به‌رزتربكات بۆ بیمه‌كردنی داهاتووی وڵات له كێشه ناوچه‌یی و جیهانیه‌كان.
وه‌ك كۆتایی ده‌توانین بڵێین “كوردستانێكی به‌هێز” ته‌نیا به ڕێگای “ئابووری به‌هێز و ژیرانه داڕێژراو” تێپه‌ڕده‌بێت و پێویسته حكوومه‌تی نوێ ئه‌و ڕێگایه به ته‌واوی توانا و كه‌ڵك وه‌رگرتن له ده‌ستكه‌وته‌كانی حكومه‌ته‌كانی پێشوو به تایبه‌ت له كه‌رتی نه‌وت ئاوه‌دانتر بكات و كۆی پلانه‌كانی له‌و چاوه‌وه دابڕێژێت.
* شرۆڤه‌كاری ئابووری و ووزه