كێبەركێی وەرگرتنی پلە و پۆست

Kurd24

هێشتا بە تەواوی حزبەكان لەسەر كارنامە و پێكهاتەی كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێم رێكنەكەوتوون، بازاڕی بانگەشەی وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیاریەتی گەرموگوڕییەكی زۆری تێكەوتووە. خەڵكی وا هەیە ناوی لە كولەكەی تەڕیش نەبوو، كەچی لە رێی سۆشیال میدیا، یان پەیجێكی ساختە زۆر بە فراوانی بانگەشەی وەرگرتنی پۆستێكی باڵا، یان وەزیری دەكا، ئینجا ئەوانەی چاویان بڕیووەتە پۆستی بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی، هەر لە ژمارە نایەن.  

خەون و خولیای وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیاریەتی، مافی رەوای هەر كەسێكە. هەروەك وتراوە، مرۆڤ ئەگەر ئارەزوو و خواستی پێشكەوتنی نەبێ، مرۆڤێكی مردووە، حەقی خۆشیەتی بەدوای باشتر و باشتریندا بگەڕێت و تێبكۆشێت، ئەوە سونەتی ژیانە. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا هەڵپەی وەرگرتنی پۆستێكی گشتی، لە دەرەوەی ماف و لۆژیك، بۆ خزمەت و لە دڵسۆزییە بۆ نیشتمان، یان كێبەركێیە بۆ گەیشتن بە پاروویەكی چەور؟

رەوایە، ئارەزوو بكەین باش بژین و منەتباری دەستی كەس نەبین. ئەگەر هەوڵدان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی و چوونە پێشەوە، بۆ ئەوە بێت، لە رووی كەسایەتی و گوزەرانەوە، ژیان و دواڕۆژت باشتر بێت، رێی تێدەچێت و هەڵەیەكت نەكردووە، بەڵام ئەگەر مەبەستت ئەوە بێت پێگە و پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆت بقۆزیەوە و سەربكێشییت بۆ گەندەڵی، ئەوە تاوانێكە دەیكەیت بەرانبەر خوا و خاك و نیشتمان.

لە بنەڕەتدا،  ژیان هەڵوێست و مەردایەتییە، هەموو سەرمایەی دونیا هی تۆ بێت، ئەگەر بە شێوەیەكی ناشەرعی و نایاسایی بەدەستت هێنابێ، نە ویژدان و گیانت ئاسوودە دەبێ،  نە تاسەریش بۆ تۆ دەبێت. بەداخەوە كۆمەڵی ئێمە، زۆر بە قووڵی نوقمی گەندەڵی بووە، گەندەڵی هەر پارە خواردن نییە، دەمپیسی و داوێنپیسیش گەندەڵییە، مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ دەوروبەرەكەت گەندەڵییە، بەكارهێنانی پێگەی بەرپرسیاریەتی و پۆستی حكوومی و حزبی و رێكخراوەیی، بۆ بەرژەوەندی خۆت و خێزان و ماڵ و منداڵت، گەندەڵییە. بەكارهێنانی ئامێر و مومتەلەكاتی دەوڵەت و كەمتەرخەمیكردن لە ئەرك و كاروباری گشتی، گەندەڵییە.

گەندەڵی لە رووی قەبارەوە بچووك بێ، یان گەورە، یەك شتە. ئەگەر بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك، یان وەزیرێكی دەوڵەت بیت، چاوت لە گەندەڵی بێت و نیازت خاوێن نەبیت، ھەر یەکە. راستە لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر، قەبارەی ئەوەی بە ناڕەوا دەستت دەكەوێت جیاوازە، بەڵام مادام نیە‌تت دروست نییە و چاو و مەیلت لە دزی و گزییە، یەك هەق و حیسابت بە سەردا ساغدەبێتەوە.

گریمان تۆ بەرپرس و كاربەدەستێكی باڵا نیت، بەڵكوو شوفێری لە فەرمانگەیەكی حكوومی، وەلێ چونكە ئۆتۆمبێلی ژێرەوەت بۆ مەرامی خۆت بە كاردێنی، جیاوازییەكی ئەوتۆت لەگەڵ گەندەڵیی بەرپرسێكی گەورە نییە. وەك پێشتر وتم، مەسەلەكە نیەتە. سبەی ئەگەر تۆ بچیە شوێنی ئەو بەرپرسە، مادام لە مامەڵەكردن لەگەڵ شتێكی بچووك ئەوە كردارتە، گومانی تێدا نییە، لە دزی و دەستكەوتی گەورەش ناگەڕێیتەوە.

هەڵەیەكی گەورەیە، ئەگەر پۆست و بەرپرسیاریەتی لەسەر بنەمای سۆز و خزمایەتی و بەرژەوەندی كەسی، بێ‌ هەڵسەنگاندن و وردبوونەوەی جدی لە رابردووی ئەو كەسە، ببەخشرێت. خەڵكی وا هەیە، بەرپرسی دەزگا یان فەرمانگەیەكی حكوومییە، ئەوەی لە بەردەستیەتی كەم یان زۆر، لە دەرەوەی هەموو بەها و مۆڕاڵێك، مامەڵەی پێدەكات. تەنانەت پاسەوان و كارگوزارەكانی فەرمانگەكەشی، خستوونەتە خزمەت ماڵ و ژن و منداڵ و كەسوكاری، كەچی شەو و رۆژ بانگەشەی ئەوە دەكات لەو كابینەیە دەبێتە وەزیر، بەشی ئەوەش خەڵكێكی سادە و بێ‌ ئاگا، یان ئەوانەی لە سێبەر دەخۆن و دەلەوەڕن، دەهۆڵی بۆ دەكوتن. ئەوەی دەیڵێم ناكرێ‌ گشتاندنی بۆ بكرێ‌ و هەموو ئەوانەی چاویان لە وەرگرتنی پۆستی گشتییە و كاری بۆ دەكەن، بە یەك چاو ببینرێن و بخرێنە یەك خانەوە. 

كێ مێژوویەكی جوان بۆ خۆی دروست دەكات؟ هەڵبەت ئەوانەی بە پاكی دەژین و كار دەكەن و بەردەوام دەبن. ئەگەر تەماشای مێژووی بیست و هەشت ساڵی رابردووی حوكمڕانی ئەو هەرێمە بكەین، زۆر بە ئاسانی وێنەی ئەوانە دەبینین كە بە گەندەڵی ژیان و مردن، یان ئەوانەی بە پاكی ژیان و مردن. باسی زیندووەكان ناكەم، نامەوێ ناوی كەس بێنم، ئەگەرنا بەداخەوە ناو و ژمارەی ئەوانەی بە گەندەڵی سەریان نایەوە، زۆر زیاترە، لەوانەی بە جوانی و پاكی جێیان هێشتین. 

پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەو‌انەی ئەمڕۆ داوای پلە و پۆست دەكەن؟ بە چ مەبەستێكە و بۆچی لە پێناو گەیشتن بەو مەرامە، بازاڕی بەشینەوەی پۆست و بەرپرسیاریەتی، بە جۆرها  سیناریۆ گەرم دەكەن؟ پەنجەكانی دەست وەك یەك نین، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونی رابردوو، دەتوانین بڵێین، لە پشت ئەو هەموو فشار و داواكاری و خولیایانەی گەیشتن بەو پلە و پێگانە، ئاماژەی باش و تەندروست، ناخوێندرێنەوە. والله أعلم‏.