سیاسه‌تی حكومه‌ت یان حكومه‌تی سیاسی؟
حكومه‌تی سیاسی، میتۆدێكه له‌سه‌ر چه‌مكی فیوداڵ و كایه‌یه‌كی به‌رته‌سك و یه‌ك روانگه‌ی سیاسی ده‌ژی و خۆی قه‌ڵه‌و ده‌كات، ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت روبه‌ری سیاسی بچوك micro political، نمونه‌ی میرنشین و ده‌سه‌ڵاتی كه‌نیسه‌و حاخامه‌كان و ئه‌رستۆكرات و سیۆكرات و ئیمپراتۆره‌كانی رابردوو، ئه‌وانه زیاتر به حكومه‌تی یه‌ك تێز‌و بیركردنه‌وه‌ی كۆنكرێتی و دیدێكی رادیكاڵانه‌ی ئایدۆلۆژی وێنا ده‌كرێت، ئه‌م حكومه‌تانه هی پێش سه‌رده‌می رۆشنگهریین و تا ئێستاش درێژبوونه‌ته‌وه، خاوه‌نی ده‌مامك و ماسكی جۆراوجۆرن به‌جۆرێك ئه‌م ماسكانه رێگرن له‌وه‌ی حكومه‌تی خزمهتگوزاربن و له چوارچێوه‌ی ماف و خواست و داواكاری خه‌ڵكیدا بن، هه‌میشه له‌بیری سه‌ركوت و چه‌وساندنه‌وه‌و رازی كردنی خوداكان و ئاغا‌كان و ده‌سه‌ڵاتی رههاگهریی خۆیانن، هه‌رگیز ئه‌م حكومه‌تانه بیرناكه‌نه‌وه له‌وه‌ی كه سیاسه‌تی حكومه‌ت په‌یره‌و بكه‌ن و ریفۆرمی جومگه‌كانی حوكمرانی بكه‌ن، بۆیه هه‌رزوو دوچاری نه‌خۆشی و شێرپه‌نجه‌ی سیاسی ده‌بنه‌وه و حكومه‌ت رووبه‌ڕووی قه‌یران و كێشه‌ی دارایی و هه‌ڵایسان و شپرزه‌یی و گه‌نده‌ڵی گه‌وره ده‌كه‌نه‌وه.
به‌ڵام سیاسه‌تی حكومه‌ت جیاوازه‌و سیاسه‌تێكی گشتگیر‌و هه‌مه‌لایه‌نه، macro political ، كه بریتیه له كۆمه‌ڵێك كایه‌ی سیاسی و ئیداری و یاسایی و دیدی جیاواز بۆ حوكمرانی، له چه‌ند روانگه‌و تێزێك پێك دێت كه یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، پلاندانان و پرسینه‌وه‌و به‌دواداچوون و سفركردنه‌وه‌ی كێشه‌و نه‌هێشتنی بێكاری و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئابووری و به‌های دراوی وڵات و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ڵایسان و قه‌رزو ریفۆرم و ئارامی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تیه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی پشت به‌م پره‌نسیپه ده‌به‌ستێت بۆ حوكمرانی ئه‌وه حكومه‌تێكه له‌سه‌ر شارێی گۆرانكاری و پێشڤه‌چوون و دیموكراسی به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه پارێزه‌ری گشت تاكه‌كانیه‌تی به بێ هه‌ڵاواردن و جیاوازی ره‌گه‌زی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و ئینتیمای حیزبی و ئایدۆلۆژیی، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم له داهاتوودا، پێویسته ته‌ركیز بخرێته سه‌ر روبه‌ری گشتی و له رووبه‌ری ته‌سك بێته‌ده‌ره‌وه‌و به‌پێی ئه‌م رێكار‌و پره‌نسیپ و میتۆده مه‌ده‌نیه كاربكات و حكومه‌تی حیزب و كاراكته‌ره سیاسیه‌كان به‌جێ بهێڵێت بۆ سیاسه‌تكردنی گشتی له‌ناو خه‌یاڵدانی حكومیدا، تا به‌ربگرێت له به‌هه‌ده‌ردان و گه‌نده‌ڵی، كه خه‌ریكه بۆ ئه‌م نه‌وه‌یه ده‌بێته قه‌ناعه‌ت و میراتێكی خراپ، چونكه حكومه‌تی ئه‌مجاره ره‌نگه بنكه فراوان نه‌بێت، له‌بری ئه‌وه پێویسته بیركردنه‌وه‌ی فراوان و رووبه‌ری فراوان له خۆبگرێت به دوور له ته‌فسیری خراپ بۆ ئاینده‌كه‌ی، لێره‌دا گرنگه ئاماژه به هه‌ندێك حكومه‌ت و لێكه‌وته خراپه‌كانی به‌رده‌میان بكه‌ین:
یه‌كه‌م/ كاتێك سه‌رۆكی پێشووی كۆماری میسری عه‌ره‌بی "حوسنی موباره‌ك" كه له دوای " ئه‌نوه‌ر سادات" هات و به‌درێژایی ساڵانی 1981 بۆ 2011 حوكمرانی وڵاتی ئه‌هرامه‌كانی گرته ده‌ست، هه‌ر خه‌ریكی سیاسه‌تكردن و ته‌به‌نی كردنی گوتاری ناسیۆنالیستی بوو به شێوه ئایدۆلۆژیی و حیزبیه‌كه‌ی، هه‌مانكات خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خه‌ڵك هه‌ژاركردن، ئه‌م حكومه‌ته به‌ده‌وری یه‌ك خولگه‌ی سیاسی و یه‌ك كایه‌و یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی سیاسی‌دا ده‌سوڕایه‌وه به‌درێژایی 30 ساڵ، له ده‌ره‌نجامدا به‌رهه‌می ئه‌م سیاسه‌ته به‌رته‌سكه چی بوو؟ برسیكردنی گه‌ل و لاوازكردن و پوكانه‌وه‌ی پایه‌كانی حكومه‌ت و ئابوریه‌كه‌ی، به كورتی شێرپه‌نجه‌ی سیاسی كارێكی به میسر كرد هیچ به‌رگریه‌كی جه‌سته‌یی نه‌مێنێت، خۆپیشاندانێكی ئاسایی ملیۆنی به‌ناوی برسیه‌كانی سه‌رجاده، ئه‌و سه‌رۆكه گه‌وره‌یان خسته سه‌رجاده‌و خه‌سته‌خانه‌ی عه‌سكه‌ری و زیندان و به‌جۆرێك سپارده‌ی مێژوویان كرد به هه‌زار ساڵی دیكه شه‌رمه‌زاری و شكست و نه‌فره‌تی وه‌ها كاڵ نابێته‌وه له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی، ئه‌مه له‌كاتێكدا خێزانی ئه‌م سه‌رۆكه له‌ماوه‌ی ئه‌و سی ساڵه‌داو به‌و سیاسه‌ته ئایدۆلۆژیه ناسیۆنالیستیه، به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك زیاتر له 40 ملیارد دۆلاریان كۆكرده‌وه‌و فریاش نه‌كه‌وتن بیانپارێزێت، له‌ولاوه دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت توشی شكست و فه‌له‌جی گه‌وره هات، ره‌شوه‌و به‌رتیل وه‌رگرتن گه‌شته ترۆپك، گه‌نده‌ڵی ئێسكی بڕی، بێكاری و هه‌ڵایسان به‌ته‌واوی میسری وێران‌كرد، كه‌واته ئه‌وه بیری لێنهكرایهوه په‌یره‌وكردنی سیاسه‌تی حكومی و كاركردن بوو له‌رووبه‌ره گشتیه‌كه‌ی خهڵكداش، ئه‌وه‌ش بیری لێكرایه‌وه له‌لایه‌ن خێزانی موباره‌كه‌وه ئیمتیازی شه‌خسی و پاره‌و ده‌سه‌ڵاتی تاكرهوانهبوو، ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی حوكمی راقی ده‌كات پاره‌ی مۆڵ و كه‌ڵه‌كه‌بووی بانكه‌كان نییه و سیاسه‌ت نییه له‌سه‌ر زهنیه‌تی ته‌سك، به‌ڵكو په‌یره‌وكردنی سیاسه‌تێكی حكومی گشتگیری ئابووری و كارگێڕی و ته‌كنۆكراتی شه‌فاف و دیموكراسی حوكمرانی باش دروست ده‌كات، ئه‌م پێوه‌ره بۆ كۆمه‌ڵێكی تر له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی راسته‌و هه‌موومان كه‌م تا زۆر چیرۆكی كه‌وتن و هه‌ڵهاتن و شكستی ئه‌و دهوڵهتانهمان بیره به شكستی رژێمی به‌عسی عێراقیشه‌وه له 9/4/2003 كه خاوه‌نی چه‌ند پاره‌و یه‌ده‌گی نه‌وت و كانزا بوو، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك عه‌ره‌بستانی سعودی له‌م ماوه‌یه‌دا خه‌ریك بوو دۆسیه‌ی رۆژنامه‌نوسێكی وه‌ك خاشوقچی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و شكۆی مهلهكیهتهكه بخاته له‌رزین و كه‌وتن.
دووه‌م/ ئه‌زمونێكی تازه‌ی داواكاریی و خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ریی فه‌ره‌نسامان له به‌رده‌سته، فه‌ره‌نسای دایكی شۆرش و حهزارهتهكان و ناپلیۆن و بیریارانی كۆن و نوێ، وڵاتی عه‌سری رۆشنگه‌ری و سۆربۆن و رێنیسانس و شۆرشی قوتابیانی زانكۆیی 1968، تا ده‌گات به داواكاری هێلهكزهردهكان، وه‌ك ده‌زانرێت ئێستا فه‌ره‌نسا له دۆخێكی خراپدایه و سه‌رۆك به خێرایی وه‌ڵامی داواكاریی برسیه‌كانی سه‌رشه‌قامی دایه‌وه چونكه ناچاره، ده‌بێت باج و رسومات و بێكارییهكان كه‌م بكاته‌وه، له‌كاتێكدا وڵات وڵاتێكی دیموكراسیه، ئابوریه‌كی به‌هێزی هه‌یه، یه‌كێكه له حه‌وت وڵاته پیشه‌سازیه گه‌وره‌كه‌ی جیهان، به‌رده‌وام له گۆرانكاریدایه، یه‌ك چركه موچه دواناكه‌وێت و كاره‌با نابرێت و ئارامی تێك ناچێت، كه‌چی هێشتا ملیۆنان مرۆڤ نارازین له ئه‌دای حكومه‌ت و رازی نابن باجی زۆره‌ملێ بۆ سوته‌مه‌نی و خواردن و خزمه‌تگوزاری زیادبكرێت له‌سه‌ریان و هێشتا حكومه‌ت گوێیان لێده‌گرێت، توانیان تا راده‌یه‌ك ده‌ستكاری بریاره‌كانی ناو ژووره پڕله سورهیاكانی كۆشكی ئه‌لیزێ و سه‌ر مێزه‌كه‌ی سه‌رۆكه گه‌نجه‌كه بكه‌ن به‌بێ ده‌ستبردن بۆ سوتاندنی ئاڵا‌و پیرۆزیه‌كان، وتاره‌كه‌ی " ئیمانۆیل ماكرۆن" بۆ خۆپیشانده‌ران داننان بوو به‌و گۆرانكاریانهو به‌و شكستانه‌ی حكومه‌ت، ده‌ستكاری و چاكسازیی بوو له به‌رزكردنه‌وه‌ی موچه‌و لابردنی باج و هه‌ندێ رێكاری دیكه، ئه‌مانه پێی ده‌وترێت په‌یره‌وی سیاسه‌تی حكومی كه له‌كاتی هه‌ستیاردا پێویسته ئاوا وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران بدرێته‌وه.
ده‌ره‌نجام، ناكرێت هه‌موومان سیاسی بین و سیاسه‌ت بكه‌ین، هه‌مووشمان قسه له‌سه‌ر حكومه‌ت و حیزب و دامه‌زراوه نیشتیمانیه‌كان بكه‌ین، ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌یه دادوه‌ره‌كانیش بێنه ناو كایه‌و كاری سیاسی و پارله‌مانی و حكومی، چونكه ئه‌وانیش ده‌سه‌ڵاتی خۆیان هه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌و هه‌رگیز نابێت تێكه‌ڵ بكرێت به ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن، ناكرێت وابزانین ئه‌وه‌ی دوكتۆری زانكۆ بوو ئیدی ده‌توانێت ره‌وشی سیاسی و ئابووری چاك بكات، ئه‌وه‌ی نوسه‌ری سیاسی بوو ئیدی ده‌توانێت هه‌موو شتێك بكات، تیۆری مه‌عریفی حكومی و سیاسه‌تی گشتی ناو حكومه‌ت شتێكه‌و فاكت و واقیعی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی شتێكی دیكه، كه‌واته گرنگه له داهاتوودا بیرله‌وه بكه‌ینه‌وه چ كاراكته‌رێك ده‌به‌ینه ناو حكومه‌ت و حكومه‌ت چ میتۆدێكی ئیشكردن ده‌گرێته‌به‌ر بۆ چاكسازی و گۆرانكاری و به‌رگرتن له گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان، ئایا ده‌توانین خۆمان قوتار بكه‌ن له حكومه‌تی پیاوه سیاسیه‌كان و حكومه‌تی حیزب؟ ئایا له كابینه‌ی نوێ، كاتێك كاراكته‌ره‌كانیش به‌هێزو نوێن، ده‌توانین سیاسه‌تێكی به‌هێزی حكومی په‌یره‌و بكه‌ین كه هاوسه‌نگی بپارێزین و په‌ره به رووبه‌ری گشتی بده‌ین و گومان و سترێسی خه‌ڵكی كهمكهینهوهو كۆمه‌ڵێك پرۆژه‌و یاسای په‌رله‌مانی تۆكمه‌و گشتگیر بكه‌ینه ئه‌جێنداو ده‌ریچه‌ی رزگاربوون له قه‌یرانه‌كان؟