ماتۆڕسوارەكانیش دایكیان چاوەڕێیان دەكات

Kurd24

لە قەراغی شۆستەیەكدا ماتۆڕێك راوەستاوە لە پشتەوەی نووسراوە (دوعام لێ مەكە، دایكم چاوەڕێمە)!

هەڵەیە ئەگەر بڵێین هەموو ماتۆڕسوارەكان كاسبكارە كەم دەرامەتەكانن، بەڵام بەوپەڕی‌ دڵنیاییەوە، دەتوانین بڵێین تاقە جیاوازیەك كە ئەوان لە شوفێرانی ئۆتۆمبێل جیادەكاتەوە‌ توانای داراییە.

لەو شوێنەی كە تایبەتە بە كڕین و فرۆشتن و سەوداكردن بە ماتۆڕەكان، كەمترین كاڵایەك كە بایەخی پێبدرێت، كڵاوی سەلامەتییە، كەچی لە هەمانكاتدا  دوكان هەیە تایبەتە بە دەستكاریكردنی گزۆزی ماتۆڕەكان، بە شێوەیەك كە دەنگی گزۆزەكەی گەورە دەكات، ئەمەش زۆرترین هۆكارە كە بووە بە مایەی بێزاری و هەراسانكردنی خەڵك، بەڵام لە هەمانكاتیشدا لەناو ترافیكەكان و لە جادەكانی  ناوچە دەوڵەمەندەكاندا، كەم نین ئەو ئۆتۆمبێلە سپۆرتە گرانبەهایانەی بە تیژڕەوییان بە هەمان شێوە، دەبنە‌ مایەی هەراسانكردن و لەوەش زیاتر مەترسی گەورە دەخەنە سەر گیانی هاووڵاتیان.

 یەكێك لەو یاسایانەی كە  بە توندی بەسەر شوفێرانی ئۆتۆمبێلدا سەپێندراوە و لە كاتی سەرپێچیكردنیدا غەرامە دەكرێت، پشتێنی سەلامەتییە، ئەم یاسایە تەنها لە بەرژەوەندیی شوفێر دایە و تاقە قازانجێكیش كە لە كاتی رووداوەكاندا دەگەڕێتەوە، ئەوەیە كە گیانی شوفێر و سەرنشینان دەپارێزێت، كەواتە پێویستە یاساكانی هاتووچۆ كە تایبەتن بە ماتۆڕەكان، بە توندی لە لایەن پۆلیسی هاتوچۆوە بەسەر ماتۆڕسوارەكانیشدا بسەپێندرێت و لە پێش هەموو یاساكانیشەوە، كڵاوی سەلامەتیی ماتۆڕسوارەكان.

ماتۆڕەكان (چ ماتۆڕە خێراكان، یاخود ئەوانەی كابینەیەكیان پێوەیە و پێی دەڵێن سەتووتە) زۆربەی یاساكانی هاتووچۆ نایانگرێتەوە و لە هەمان جادەكانی ئۆتۆمبێلەكان دەڕۆن و لە ترافیكەكاندا، لە سوور دەدەن و كڵاوی سەلامەتیان لە سەردا نییە. بەداخەوە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراویشدا، ئەوەی دەبێتە قوربانی و رووبەڕووی مردن دەبێتەوە، كوڕە هەژارەكەی سەر ماتۆڕەكەیە و ئەوەیشی كە گلەیی و گازاندە و نزا دەكات، خاوەن ئۆتۆمبێلەكانن.

زۆربەی ماتۆڕسوارەكان، گەنج و هەرزەكارن، هەر وەك چۆن ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێلی گرانبەها و سپۆرتیش هەر گەنجەكانن، كەچی سەیر ئەوەیە كە خەڵك شیر و تیر لەو منداڵە هەژارانە دەكوتن، كە لەو سەری شارەوە بۆ ئەو سەری شار، بە ماتۆڕ فاستفوود دەگەیەننە ماڵەكانیان، كەچی لەسەر جادە وەك مەڕ رێگا دەكەنە‌وە، بۆ ئۆتۆمبێلە گرانبەها تیژڕەووەكان، كە ئەگەر بەراوردیان بكەین بە یەكتر، ئۆتۆمبێلەكان زیاتر سەرچاوەی  مەترسین بۆ سەر ژیانی خەڵك  لە ماتۆڕەكان.

پێدەچێت تاقە رێكارێك كە  تا ئێستا  بە توندی لە بەرانبەر سەرپێچیە یاساییەكانی ماتۆڕ دەكرێت، دەستبەسەردا گرتنی ماتۆڕەكەیە، كە ئەویش دیسان گورزێكە لە خاوەن ماتۆڕەكان دەوەشێندرێت، كە هەژارەكانن.

رێنماییەكانی هاتووچۆ بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانە، ماتۆڕسوارەكانیش وەك شوفێرەكان و پیادەكان رۆڵەی ئەم نیشتمانەن و پێویستە یاسا و رێكاری توند هەبێت بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و هاووڵاتیان.

كەسانی كاسبكاری زۆر هەن كە بژێوی ژیانیان لەسەر ماتۆڕەكەیانە، پێویستە وەك چۆن سزا و بەدواچوون هەیە بۆ ئۆتۆمبێلەكان، بە هەمان شێوەش دەبێت یاسای توند بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ماتۆڕسوارەكان و رێگرتن لەوەی ببنە مایەی هەراسانكردن و لە هەمان كاتیشدا پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانەی كە لە زۆربەی رووداوەكاندا، ئەوان دەبنە قوربانی.