عێراق لە نێوان شۆڕش و خۆپیشاندان

Kurd24

ئەو بزووتنەوە جەماوەریيەی ئەمڕۆ لە عێراقدا بەرپابووە، ئەنجامی کۆمەڵێك هەڵەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەیە بە درێژایی 16 ساڵی دوای رووخانی بەعسییەکان، کە پێیان وابوو تا ماوەیەکی درێژ یان بۆ هەتا هەتایێ دەتوانن لەسەر پێستی جیاوازی مەزهەبی درێژە بە حوکمڕانی گەندەڵکاری خۆیان بدەن، بۆیە بەهیچ شێوەیەك پێشبینییەکی لەو جۆرەیان نەکردبوو کە رۆژێک دێت ئەم شێوازە لە حوكمڕانیە ناتوانێت بەم ریتمە بەردەوام بێت، هەرچەندە هاتنی عادل عەبدولمەهەدی وەك کەسێکی سیاسی و رۆشنبیر و پاك و بێ باك لە کورسی و دەسەڵات سەرەتای ئومێدێکی مەزن بوو بۆ هەموو گەلانی عیراق، بەڵام دوای یەك ساڵ لە حوکمڕانیەتی عەبدولمەهدی، دیارە خەڵکی باشووری عێراق بێ ئومێد بوون لە دەسەڵاتەکەی.

ئەو رووداوانەی عێراق لە خۆپیشاندان دەرچوونە و بوونه‌تە شۆڕش، چونکە عێراق مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ شۆڕشدا هەیە، خاوەن رابردوویەکی  خوێناوییە لەم بارەیەوە، ئەگەر سەردەمانێك شۆڕش وشەیەکی ئەفسووناوی بووە و هەزاران کەس لە سەرانسەری جیهان تەنها بە بیستنی ئەو وشەیە گیان و ماڵی خۆیان لە پێناو بەخت کردووە، ئەوە بۆ ئەمڕۆ شۆڕش چیدیكه‌ ئەو وشە ئەفووساناوییە نییە، بەڵکو مانای توندوتیژی و تۆقاندنە، شۆڕش هەڵگری داواکاریی رادیکاڵییە کە لە ئەرزی واقیعدا دوای خۆی دۆخێکی ناسەقامگیر و پڕ لە ترس و تۆقاندن بەرهەم دێنێت و رێگا بە هیچ ریفۆرمێک نادا و لە ناوخۆیدا بەرەبەرە رۆڵەکانی دەخوات، چینێکی مشەخۆر و هەڵپەرست لە بەرهەمەکەی دەخۆن و خەڵکە شۆرشگێڕەکەش یان پەراوێز دەخرێن، یان ئاوارەی وڵاتان دەبن.

شۆڕشەکەی ئەمجارەی عێراقیش ئەگەر سەریش بکەوێ لەو ئەزموونانەی پێشتری خۆی چاکتر نابێت، چونکە لە هیچ وڵاتێك ریفرۆم بەتوندوتیژی ئەنجامی نەبووە، یان باشتر بڵێم هەموو ئەو وڵاتە رۆژهەڵاتیانەی شۆڕشیان تیادا کراوە جگە لە دەسەڵاتی ئیستیبدادی، نموونەیەکی جوانیان بەرهەم نەهێناوە، ئەگەرچی دواکارییەکانیان رەوان، بەڵام ئامرازی هێنانەدییان جێگای ئومێد نییە و راماڵینی کۆی چینی سیاسی دەسەڵاتدار بە یەكجار، داواکاری و کردەیەکی شۆڕشگێڕی و رادیکاڵییە، کە ئەنجامەکەی خوێناوییە و ئەوانەی له‌ ئەنجامی ئەم شۆڕشەش دەسەڵات وەردەگرن، لەمانەی ئێستا باشتر نابن، چونکە کەس وەك عێراق لەم بارەیەوە خاوەن نموونە نییە، وێڕای ئەمەش هەموو پێدراو و ئاماژەکانیش ئەوەمان پێدەڵێن، ئەم چینە سیاسیەی ئێستای عێراق بەبێ خوێن رشتنێکی زۆر، ئەم دەسەڵاتە جێناهێڵن، بۆیە پێویست بوو ئەم بزووتنەوەیە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانی مەدەنیانە مابایەوە و داوای چاکسازییان بکردایە و حکومەتیان خستبایە ژێر گوشار، بۆ ئەنجامدانی چاكسازی له‌ ماوەیەکی دیارکراودا، چونکە  هەموو ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ خاوەن سیستەمێکی چاکن،  بە قۆناخ ریفۆرمیان تێدا کراوە.