كه‌ركووك مهدۆشن، بیپۆشن؟
كێشه‌ی كه‌ركووك "ده‌وڵه‌ت و شوناس و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری خاكه"
هیچ كات كێشه‌ی كه‌ركووك پۆست و دابه‌شكاریی پنته كارگێڕییه‌كان نه‌بووه، به‌ڵكو پۆست و كورسییه‌كان له‌مپه‌ر و كێشه‌ی گه‌وره‌ی كارگێڕیی بوون بۆ كه‌ركووك و كه‌ركووكیه‌كان، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته فاشیزمی عێراقی و سێبه‌ره‌كانی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی و توركیش، كاریان بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی به‌هاو سیمبوله نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه، ویستویانه قوڵایی و ستراتیژیه‌تی فیكریی و زیهنیه‌تی كوردبوون به شتی لاوه‌كی بسڕنه‌وه، چونكه ئه‌وه‌یان زانیوه و گریمانه‌كراو نه‌بووه لایان، كه پۆست به‌خشینه‌وه به كورد له‌م شاره به پارێزگاریشه‌وه وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌ی كارگێڕیی، ناتوانێت ئازار و قه‌یرانی سه‌ختی كه‌ركووك كه‌م بكاته‌وه و بیكاته شارێكی ئارام و ئاوه‌دان وه‌ك ناسنامه و ره‌مزی سته‌مكاریی و به‌رگریی و ده‌موچاوی شۆرش و به‌رخودانه‌كانی گه‌لی كورد بیناسێنێت، ده‌یان و سه‌دان پۆستمان هه‌بووه له‌و كه‌ركووكه، كه‌چی له په‌ناو پهسارهوه نه‌وت و سامانه‌كه‌یان بردووه، دیموگرافیا و جوگرافیا و كه‌لتور و زمانه‌كه‌یان ئه‌تك كردووه، مێژووه‌كه‌یان گۆڕیوه و ئیراده‌یه‌ك نه‌بووه به‌ربگرێت له‌م سیاسه‌ته چه‌وتانه.
كێشه‌ی كه‌ركووك به یاسا و ماده‌ی ده‌ستورییش چاره‌سه‌ر ناكرێت ئه‌گه‌ر ئیراده و یه‌كگرتوویی و ئه‌جێندای سیاسی و كۆده‌نگی كوردی له‌سه‌ر نه‌بێت، ده‌یان یاسا و بڕگه‌ی ده‌ستوریی پێشێل كراوه له رابردوودا، كورد و پۆسته‌كانی كورد چیان كرد و چه‌ند ناڕه‌زایه‌تی و عیسیانی مه‌ده‌نیان درووستكرد؟ له ماده‌ی 57 ی ئه‌نجوومه‌نی حوكم و ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت بۆ قۆناغی ئینتیقالی پۆڵ بریمه‌ر و سه‌رده‌می ئیبراهیم جه‌عفه‌ریی و ماده‌ی 140 ی ده‌ستوریی ساڵی 2005 و سه‌رده‌می مالیكی، تا مێژووی داگیركاری نوێ و سه‌روه‌ختی ریفراندۆم، هیچ یه‌ك له‌مانه نه‌توانرا له‌كاتی خۆیدا له‌دادگای فیدراڵی و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بكرێنه پرسێكی یاسایی و سیاسی و جوڵاندنی بۆ بكه‌ین، یانی تاكه‌ی ئه‌و ناوچانه به هه‌ڵواسراوی ده‌مێننه‌وه و ناخرێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و وه‌ك كێشه‌له‌سه‌ر ناوی ده‌برێت؟ له‌كاتێكدا عه‌ره‌به‌كان خۆیان ده‌یان كه‌یس و كێشه‌ی خۆیان جوڵاندووه به‌باشترین شێوه، كه‌واته شه‌ڕی پۆستی پارێزگارێك بۆ كه‌ركووك شه‌ڕێكی به‌تاڵه‌و مایه‌ی ئه‌وه نییه دۆخێكی نه‌خوازراو و ناجێگیری بۆ دروست بكرێت، هێشتا كه‌ركووك شۆكی داگیركاری و هه‌یمه‌نه‌ی حه‌شدی شه‌عبی و غه‌زوی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر به‌ری نه‌داوه و وه‌ك كابوس گرتویه‌تی، كه‌ركووك پێویستی به ئارامش و پۆشتهكردنهوهو ئاوه‌دانی و دروستكردن و داپۆشینی كه‌م و كورتیه‌كانی هه‌یه نه‌ك دۆشینی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی، مه‌پرسن كێ ده‌بێته پارێزگاری كه‌ركووك، بپرسن ئه‌و كاراكته‌ر و كورسیه چی بۆ كه‌ركووك ده‌كات و ئایا ده‌توانێت له‌و عوزله سیاسی و پاشاگه‌ردانی و به‌هه‌ده‌ردانه رزگاری بكات، ئایا ده‌توانێت نه‌زعه‌ی فاشیزم و ناسیۆنالیزمی تاریك رابگرێت، كاركردن بۆ كه‌ركووك به چه‌مك و زیهنیه‌تی بیزنس و دۆشین و دروشمبازی و عه‌نته‌ریات هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، ده‌بێت ئه‌و زیهنیه‌ته بگۆڕین و ئه‌وه‌ی ده‌بێته پارێزگار ملكه‌چ بكرێت به‌پێی ئه‌جێندایه‌كی نیشتیمانی كاربكات و له‌و پره‌نسیپانه لانه‌دات، ئه‌وه‌ش كار بۆ راستكردنه‌وه‌ی باری لاری كه‌ركووكیه‌كان ده‌كات پارێزگار نییه به‌ڵكو پلان و ئه‌جێندا و ئیراده‌یه‌كی ده‌سته‌جه‌معییه و پاراستنی شكۆی كه‌ركووكه جارێكی تر به‌ده‌ستی شۆڤێنیه‌تی عه‌ره‌بی و مه‌زهه‌بی و میلیشای نوێ له ناوچه‌كه كه هیچی له پرۆسه‌كانی ئه‌نفال كه‌متر نییه.
له راستیدا ئه‌وه‌ی ده‌بێته پارێزگاری كه‌ركووك پێویسته ئه‌وه بزانێت ئایا ده‌توانێت باری لاسه‌نگی كه‌ركووك و كه‌ركووكیه‌كان راست بكاته‌وه‌و كه‌ركووك بكاته‌وه به یه‌ك پاكێج و گوێ بۆ نه‌غمه حیزبیه‌كان نه‌گرێت و به فیعلی كه‌یسی كه‌ركووك پێشبخات، یان بۆچی ناتوانن وابكه‌ن پارێزگاری نوێ مولزه‌م بكرێت به‌وه‌ی تا دووساڵ گرفته ئیداری و یاسایی و هستوریهكانی ئه‌م شاره چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی پێویسته ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه بۆ كه‌سێكی تر، ئه‌وه‌ی ناتوانێت ئه‌م ریسكه بكات باشتره چاو نه‌بڕێته پارێزگارێك كه ململانێی حیزبی پێ ئیداره بدات.
پاشان بۆچی كورد ناتوانێت له‌ده‌ره‌وه‌ی پیاوه سیاسی و حیزبیه‌كان كه‌سێكی ته‌كنۆكرات و گه‌نجێكی خاوه‌ن روئیای رۆشن بخاته ئه‌و مه‌یدانه‌وه، تا رزگاریشمان بێت له‌و هه‌موو ململانێ و تهكهتولبازیه،چونكه كێشه‌ی نكوڵیكردن له شوناس و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه كوردستانیه‌كانی كه‌ركووك، هێشتا هه‌ره‌شه‌یه‌كی جددیه له‌به‌رده‌م گوتاری حوكمرانی كوردیدا، ئێستا ئه‌م چیرۆكه ره‌نگ و فۆرمی دیكه‌ی له‌خۆ گرتووه جیاواز له فۆرمه كۆنه‌كانی سه‌رده‌می به‌عس، به‌عسیزم راسته به‌رهه‌می پرۆژه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیستی بوو دژی كورد‌و دوا ئه‌ڵقه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه ئه‌نفال و كیمیابارانكردن و راگوێزانی هه‌زاران گوند‌و كۆكردنه‌وه‌یان بوو له كه‌ركووك و كۆمه‌ڵگا زۆره ملێكاندا، به‌ڵام ئه‌و فۆڕمه‌ی ئێستا كاری پێده‌كرێت بێ وێنه‌یه له فاشیه‌ت و دیسپۆتیزم، هێنانی هه‌زاران خێزانی عه‌ره‌ب و سه‌پاندنیان بۆ سه‌رخاك و مهزراو مه‌ئوای جوتیارانی كوردا فۆرمێكی نوێیه له مێژووی پاكتاوی ره‌گه‌زیی به‌به‌رچاوی ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه كه بانگه‌شه‌ی فیدراڵیزم و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و پێكه‌وه ژیان ده‌كات، ئه‌مه ته‌عریبی ره‌گه‌زیی و مه‌زهه‌بیه‌و شیعه‌كان ره‌نگرێژی ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش له‌و تهنكاوهدا شه‌ڕی بۆده‌كه‌ین و له به‌غداش خه‌ریكی به‌یاننامه نوسین و كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ساده‌ین.
له‌كاتێكدا هێشتا ئاسۆی چاره‌سه‌ره‌كان ده‌رنه‌كه‌وتوون و رۆژ به‌رۆژ تاڵاوی شوناس و ململانێی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست و نه‌زعه‌ی تایفه‌گه‌ریی و یه‌كتری قبوڵكردن یه‌كێكه له كێشه‌و ئاریشه هه‌ستیاره‌كانی ناوچه‌كه‌و پێویسته فشار دروست بكه‌ین حكومه‌تی ئاینده به وردی كار له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یس و پرسه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه بكات پێش ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌ستوه‌ردانی بۆ بكه‌ن.
ئه‌م كێشه‌یه هه‌مان كات به‌رهه‌می عه‌قڵیه‌تی فاشیزمی عێراقه‌و ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه هێشتا حوكمرانانی عێراق بهدهمامكی دیموكراسیه‌ته‌وه موماره‌سه‌ی تاریكترین و قێزه‌ونترین سیاسه‌تی ئه‌پارتاید و ره‌گه‌زپه‌رستی و پاكتاوكردن ئه‌كه‌ن، كێشه‌ی كورد‌و كه‌ركووك "ده‌وڵه‌ت و شوناس و سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ری خاكه" ئه‌م هاوكێشه‌یه به كێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت با كه‌ركووكی ته‌سلیم بكه‌ین، ناكرێت كه‌ركووك به‌و گه‌وره‌ییه كورت بكرێته‌وه له پۆست و نه‌وت و ململانێی قه‌زه‌می حیزبی و ئایدۆلۆژیدا.