کورد و کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان
ئه‌مساڵیش وه‌کوو هه‌موو ساڵانی پێشوو له مانگی سێپتێمبه‌ر (ئه‌یلوول) دا، جمۆجۆڵێلی به‌رفراوانی دیپلۆماسی هه‌موو جیهان ده‌گرێته‌وه. هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام له رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان شاندێکی پایه‌به‌رز پێکهاتوو له به‌رپرسانی خۆیان ده‌نێرنه نیۆیۆرك هه‌تا له گه‌وره‌ترین فۆرۆمی دیپلۆماسی جیهاندا به‌شدار بن و وتارێکیش له تریبۆنی ئه‌م رێکخراوه‌یه را پێشکه‌شی بیرورای جیهان بکه‌ن. کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ وڵات له به‌شداریکردن له‌م کۆڕه جیهانیيه بێ‌به‌ش بووه، به‌ڵام چه‌ند ساڵێکه که‌سانێك به نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌شداری رێوره‌سمه‌کان ده‌بن و ئه‌گه‌ر وتاریش پێشکه‌ش نه‌که‌ن، لانی که‌م له مه‌جالی دیداری دیپلۆماسی و لۆبی کردن که‌لك وه‌رده‌گرن، فه‌له‌ستینیيه‌کانیش ئه‌م مه‌جاله‌یان بۆ ره‌خساوه. ده‌کرێ بڵێین له هیچ شوێنێکی دیکه‌ی جیهان به قه‌د کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕی گشتی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، ئه‌وه‌نده سه‌رۆك و دیپلۆماتی پایه‌به‌رز کۆ نابنه‌وه. له‌م نووسراوه‌یه‌دا سه‌ره‌تا ئاوڕێک له مێژووی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و گرنگی کۆڕه گشتیه‌که‌ی ده‌درێته‌وه و دواتر رۆڵێك که نوێنه‌رانی کورد ده‌توانن له‌م کۆڕه‌دا بیگێرن، شی ده‌کرێته‌وه.
کاتێك نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دامه‌زرا، هێندێك ئه‌وه‌نده پێی گه‌شبین بوون، که وه‌کوو پارلومانی جیهان ته‌ماشایان ده‌کرد. وایان دانابوو که هه‌موو وڵاتانی جیهان ئه‌ندامی خۆیان بنێرن بۆ ئه‌م پارلومانه و پێکه‌وه بڕیار له سه‌ر ئاڵوگۆره سیاسی و ئابووریيه‌کانی جیهان بده‌ن. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیش وه‌کوو باڵی ئیجرایی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، هه‌م پێش له دووباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ له جیهان دا بگرێ و هه‌م بڕیاره‌کانی کۆڕی گشتی جێ‌به‌جێ بکا. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند ده‌رکه‌وت که ئه‌م چاوه‌ڕوانیه له‌م رێکخراوه جیهانیه دووره له واقعبینی. ورده ورده که راده‌ی ئه‌ندامانی کۆڕی گشتی زیادی ده‌کرد، له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م کۆڕه که‌م و که‌متر بۆوه. له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی پیشوودا که ده‌یان وڵات سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به ده‌ستهێنا و سیستمی کلۆنی بریتانیا و فه‌رانسه هه‌ڵوه‌شاوه به هه‌مان راده‌ش ئه‌ندامانی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان زیادی کرد. ئه‌مه ترسی خسته ناو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که بۆخۆیان به سه‌ر دوو باڵی چه‌پ و راستی جیهانی دا دابه‌ش ببوون. له کۆڕی گشتی 77 وڵات بڕیاریان دا سه‌ر به هیچ کام له دوو بلۆکی سۆڤیه‌ت و ئه‌مریکا نه‌بن و بۆخۆیان زۆرینه‌ی کۆڕی گشتییان پێکهێنا. له‌م قۆناغه‌وه بوو که بڕیاره‌کانی کۆڕی گشتی باری ئیجرایی خۆی له ده‌ست دا و زیاتر سیمبۆلیك بوو و ده‌سه‌ڵات به ته‌واوی به ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سپێردرا، هه‌تا وڵاته تازه دامه‌زراوه‌کان نه‌توانن کۆنترۆڵی کاروباری جیهانی به ده‌سته‌وه بگرن. زۆر که‌س پێیان وایه دامه‌زرانی گرووپی 7 (پێکهاتوو له ٧ وڵاتی پێشکه‌وتووی پیشه‌سازی جیهان) دژکرده‌وه‌یه‌ك بوو به دامه‌زرانی گرووپی 77 که سیاسه‌تێکی تا راده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆیان له ئاستی جیهانیدا گرتبوو به‌ر. به کرده‌وه له سه‌ره‌تای حه‌فتاکانه‌وه کۆڕی گشتی چی دیکه گرنگی بڕیاردانی نه‌ما ته‌نیا تریبۆنێك بوو بۆ قسه کردنی رێبه‌ره‌کانی وڵاتان. وتار پێشکه‌ش کردنیش هیچ گارانتییه‌ك بۆ مانه‌وه له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوو. نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌م رۆژانه‌دا قه‌ززافی و موباره‌ك و بین عه‌لی و ئه‌لبه‌شیر و عه‌لی عه‌بدووڵڵا ساڵحیش له نیۆیۆرك خه‌ریک بوون وتاری خۆیان ئاماده ده‌کرد و نه‌یانده‌زانی تا چه‌ند مانگی دیکه هیچ کامیان له ده‌سه‌ڵات دا نامێنن.
ره‌نگه خوێنه‌ر پرسیار بکا ئێستا که نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆڕی گشتیيه‌که‌ی ئه‌وه‌نده بێ ده‌سه‌ڵات بووه چ گرنگێکی هه‌یه که کورد له‌م کۆڕه نوێنه‌ری هه‌بێ یا نه‌یبێ! له بیرمان بێ که هه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه یه‌کگرتووانه بوو که بڕیاری قه‌ده‌غهبوونی فڕین به سه‌ر ئاسمانی باشووری کوردستانی دا و ده‌ستی سه‌ددامی بۆ هێرشکردنه سه‌ر کوردستان به‌ست. که‌واته به هه‌موو که‌م و کوڕیيه‌کانيیه‌وه -که ئێمه بۆ چاکسازیيه‌که‌ی هیچمان پێ ناکرێ- هه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه یه‌کگرتووانه له زۆر بواری مافی مرۆڤی و سیاسی و یاساییه‌وه ده‌توانێ پشتیوانی کورد بێ. به پێچه‌وانه‌که‌شی له غیابی ئێمه‌دا و له چالاك بوونی داگیرکارانی کوردستان دا ده‌توانێ زۆر له ئاست کورددا خراپ بێ. ئاخر نموونه‌ی ناخۆش له‌م بواره‌دا، پشتیوانی نه‌کردنی کۆڕی گشتی و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان بوو.
هه‌ر ئه‌م جۆره‌ی که له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌ی پێکرا، کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان گه‌وره‌ترین فۆرۆمی دیپلۆماسی جیهانه. له یه‌ك کاتژمێردا ده‌کرێ چه‌ندین سه‌رۆك کۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان ببینی. بۆ ئێمه جارێ گرنگ نیيه ئه‌ندامی فڵانه کۆڕ یا ئه‌نجومه‌ن بین، به‌ڵام گرنگه که بتوانین له‌م هه‌له بۆ ناسینی توانا‌کانی کوردستان و به‌رجه‌سته‌کردنی ده‌وری گرنگی ئێمه له شه‌ڕی دژه تێرۆر و دژه داعش و هه‌روه‌ها جوگرافیا و جيۆپۆلیتیکی کوردستان که‌ڵك وه‌رگرین. له هه‌مووی گرنگتر تیمی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ لۆبی بکا بۆ ئه‌گه‌ری دووباره بوونه‌وه‌ی رێفراندۆمێکی سه‌ربه‌خۆیی. ئێمه ته‌نانه‌ت دوای سه‌ربه‌خۆيیش پیویستیمان به ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌یه. وڵاتی کۆسوڤۆ سه‌رباقی ئه‌وه‌ی که چه‌ندین ساڵه بۆته وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام له به‌ر ڤێتۆی رووسیه ناتوانێ ببێته ئه‌ندام، له حاڵێکدا سوودانی باشوور زۆر خێرا وه‌کوو ئه‌ندام وه‌رگیرا. که‌واته پێویسته هه‌ر له ئێستاڕا له‌گه‌ڵ هه‌ر پێنج ئه‌ندامی دائیمی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، پێوه‌ندی دیپلۆماتیکمان به هێزتر بکه‌ین و متمانه‌یان بده‌ینه دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ مه‌ترسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیيه‌کانی هیچ زلهێزێك ساز ناکا. هه‌روه‌ها پێویسته وه‌فدی کوردستان له‌م دیدارانه‌دا ناڕاسته‌وخۆ نوێنه‌رایه‌تی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ش بکا به تایبه‌تی رۆژئاوای کوردستان که ئێستا خاوه‌ن ستاتوسێکی وه‌کوو باشووری پێش رووخانی سه‌ددامه. پێویسته تێ‌بکۆشن داکۆکی له سوریایه‌کی لامه‌رکه‌زی و فره نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ن و خوازیاری چاره‌ی ئاشتیانه‌ی کێشه‌ی کورد له باکوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بن. دڵنیام ئه‌م هه‌ڵوێسته پارا ناوچه‌یی‌یه (که پێشتر له وتاری پارادیپلۆماسی کورددا زیاتر شی کراوه‌ته‌وه) قورسایی کورد زیاتر ده‌کا و کوردی وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن پرۆژه بۆ ئێستا و بۆ داهاتووی خۆی نیشان ده‌دا که وڵاتانی جیهانیش ده‌توانن حیسابی بۆ بکه‌ن و بیر له پرۆژه‌ی هاوبه‌ش و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له نێوان خۆیان و کوردستان دا بکه‌نه‌وه.