چۆن باوی نه‌ماوه قوڕمساغ؟
عه‌ره‌به‌كان 23 ده‌وڵه‌ت و چه‌ندین دۆڵ و دورگه و ده‌وار و ده‌ریایان له‌ژێر ده‌ستدایه و زمانه‌كه‌شیان به‌هۆی قورئانه‌وه، چاره‌كێك له مرۆڤایه‌تی قسه‌ی پێ ده‌كات، ئاواش هێشتا یه‌ك عه‌ره‌ب نادۆزیته‌وه جورئه‌ت بكات و بڵێت: باوی عروبه نه‌ماوه!
فارسه‌كان هه‌رچی دیرۆك و شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته دزیویانه و كردوویانه به‌هی خۆیان و به هۆی میراتی دوانزه ئیمامیشه‌وه، ئیمپراتۆریایه‌كی سته‌مكاریان دامه‌زراندووه و ده‌ستیان خستووه‌ته كاروباری دوانزه ده‌وڵه‌ت و دائیره‌ی ناوچه‌كه، ئاواش فارسێك نادۆزیته‌وه بڵێت باوی ئێرانیزم نه‌ماوه!
تازه فۆنت و ته‌ڕه نووسه‌رانی كوردیش، كه هه‌ندێكیان له وه‌همی پڕ باق و بریقی چه‌ند كتێبێكدا غه‌رق بوون و هه‌نده‌كه‌ی تریشیان كه مه‌ترسیداره‌كه‌یانن (شاگردی ئیمپریالیزمی شه‌رقی!)، له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئوسترالیا دانیشتوون و پاسپۆرت و شناسنامه‌ی ئه‌وێنده‌ریان له باخه‌ڵدایه و له هه‌رشوێنێكدا تێ‌یان بگیرێت ده‌ڵێن: ئوسترالین، ئه‌مه‌ریكین، فه‌ره‌نسین، هۆڵه‌ندی و سویدی و هتدین و سه‌فاره‌ته‌كه‌یان دێت و قوتاریان ده‌كات، كه‌چی لێره‌ش به گه‌نجێكی بێداد و بێ حاڵ و بێ مه‌ئوای كورد (كه نه‌عل له‌پێیه‌ك له نه‌جه‌فه‌وه هاتووه حوكمی ده‌كات!) ده‌ڵێن: باوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه نه‌ماوه!
ئه‌ی ئه‌گه‌ر باوی نه‌ماوه، ئه‌و نه‌عل له‌پێیه بۆچی به ناوی عروبه‌وه لێره‌یه؟ بۆچی رێگه به‌تۆ نادات وه‌ك خۆی ده‌ست و ده‌نگت هه‌بێت؟! بۆچی نایه‌ڵێت مدیری شوڕته‌ی كه‌ركوك به كوردی قسه بكات؟ ئه‌گه‌ر باوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه نه‌ماوه، ئه‌ی بۆچی ئوستانداری سنه به فارسی قسه ده‌كات؟ بۆچی موحافیزی كه‌ركوك له قه‌بیله‌ی جبورییه؟ بۆچی نوێنه‌ره شه‌رعییه‌كانی كورد له باكور لاده‌به‌ن و قه‌یوم ده‌خه‌نه جێگه‌كه‌ی؟!
جا ئه‌م پڕۆژه‌ی سڕینه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه له‌مێشكی منداڵی كورددا، له‌مێژه له‌لایه‌ن قه‌رارگا و سوپای قودس و ده‌زگای سایبه‌ری ویلایه‌تی فه‌قیهه‌وه داڕێژراوه و فه‌رده دۆلاری بۆ ته‌رخان كراوه، ئیدی چه‌ند كرێگرته‌یه‌كیان خستووه‌ته سه‌ری و گوایه به‌ناوی به‌رگری له قوتی خه‌ڵك و بژێوییه‌وه، سه‌دان فه‌لسه‌فه‌ی درێژ و دووباره داده‌تاشن و هه‌ركه‌سیش ته‌ره‌فداری نیشتمان و سیمبول و شكۆمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێت، ده‌یكه‌نه نیشانه و هێرشی ده‌كه‌نه سه‌ر تا سووكی بكه‌ن! (پاش ئه‌م وتاره‌ی منیش، ئه‌و شاگردانه‌ی ئیمپریالیزمی شه‌رقی ده‌بینن كه چۆن دێنه سه‌ر خه‌ت!).
ئه‌مانه دێن هه‌رچی نه‌هامه‌تی و ڕه‌زاله‌تی كورده، كورتیده‌كه‌نه‌وه له باس و خواستی موچه و گوزه‌ران و گه‌نده‌ڵییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی و هانی گه‌نجی كورد ده‌ده‌ن كه تف له دیرۆك و شكۆی خۆیان بكه‌ن و هه‌موو دونیا ژێرزه‌به‌ن بكه‌ن بۆ مووچه‌كانیان، جا ئه‌گه‌ر مووچه‌كانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ش درا، ده‌چنه سه‌ر باسێكی تر، لایان گرنگ نییه ئه‌و باسه چییه، ته‌نیا گرنگ ئه‌وه‌یه كار بكه‌ن تا سیمبوله نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌ك ئاڵا و نیشتمان و پێشمه‌رگه له‌پێش چاوی نه‌وه‌ی نوێ بێ مانا بێت!
من پاڵپشتی تۆی هاوڵاتیم و حه‌قی خۆته له كاتی خۆیدا موچه‌كه‌ت وه‌ربگریت و خۆش بژیت و كواڵتی ژیانت به‌رزبێت، به‌ڵام چۆن ده‌بێت ئه‌مه له‌سه‌ر حیسابی وه‌لانانی شكۆی قه‌ومی و پشتكردنه نه‌ژاد و زمانی خۆت بێت؟!
به‌قه‌ولی كابرای كه‌ركوكی، مه‌قول چییه نه‌ته‌وه‌یه‌ك ڕابێنیت كه له‌نێو هه‌موو ئاره‌زووه‌كانی دونیادا، ته‌نیا داوای مووچه‌كه‌ی بكات؟ تۆ ده‌بێت داوای مووچه‌كه‌ت، داوای دیموكراسی، داوای دادگه‌ری و سه‌ربه‌خۆیش بكه‌یت، ئه‌مانه هه‌موویان یه‌ك پاكێجی مرۆیین، هیچ یه‌ك له‌مانه له‌بری یه‌كدی نین، هیچ یه‌ك له‌مانه به‌دیلی یه‌كتری نین، هه‌رهه‌موویان پێكڕا حه‌قی تۆن، تۆ ده‌بێت هه‌موویت هه‌بێت، نابێت نه‌ته‌وه‌یه‌ك مادام پاره‌ی ده‌وێت واز له سه‌ربه‌خۆیی بێنێت، مادام دیموكراسی ده‌وێت واز له ده‌وڵه‌ت و شكۆی خۆی بێنێت!
ئێ خۆ كورد پاره‌ی هه‌بوو كه شۆڕشی كرد، گلاراوی بوو له‌خۆی تێكدا؟ ئه‌گه‌ر شۆڕشه‌كانت بۆ ده‌وڵه‌ت و شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو، بۆ ئه‌نفالت به‌سه‌ر خۆتدا هێنا هه‌ی نه‌گبه‌ت؟ بۆ كیمیاویت به‌سه‌رخۆتدا ڕژاند هه‌ی ماڵ كاول؟ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌كانی ئه‌بوغره‌یبت چێشت؟ خۆ سه‌دام سه‌ری موجه‌میده‌كه‌ی به‌رز ده‌كرده‌وه و ده‌یگوت: واتان بۆ ده‌كه‌م كه به ده دینار پڕی بكه‌ن له خواردن! ئه‌مه‌ت بۆ له‌خۆت تێكدا قوڕمساغ؟!
ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێت باوی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ماوه، با خۆی واز له پاسپۆرت و شناسنامه ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكی و ئوسترالییه‌كه‌ی بێنێت و بێته‌وه وه‌ك تۆ له‌گه‌ڵ خێڵی (جبور و عوبێد و جه‌حیش و دلێم و چه‌له‌ب و شه‌مه‌ر و حه‌ردان و هتد...) بژی و فدراسیۆنێك دروست بكات و به پاسپۆرت و شناسنامه شڕ و سه‌خیفه‌كه‌ی عێراقه‌وه ئه‌م ژاوه ژاوه بكات!
ئه‌مه‌ریكییه‌ك له كۆشی دایكی ده‌كه‌وێته خواره‌وه سه‌دان قه‌مه‌ری به ئاسمانه‌وه‌یه، سه‌دان ناڤیگه‌یشنی له زه‌ریا و ده‌ریاكانی جیهاندایه، سه‌دان بۆمبی ئه‌تۆمی هه‌یه و هه‌موو جیهان لێی ده‌ترسێت، بۆ ئه‌و پێویست ناكات ئینگلیزپه‌روه‌ری بكات و هه‌میشه بنه‌ڕێنێت، به‌ڵام تۆ كه هیچ نیت! ئه‌ستێره‌ت به ئاسمانه‌وه نییه، پاڵت به جه‌نگه‌ڵه‌كانی ئه‌مازۆنه‌وه بووایه ڕاحه‌ت تر بوویت له‌وه‌ی كه پاڵت به حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسدارانه‌وه‌یه، ئیتر چۆن به‌گوێی كه‌چه نوسه‌رێكی سۆشیاڵخۆر و تازه فۆنتی فه‌یسبووك ده‌كه‌یت؟؟
ئێره عێراقه، وڵاتێك كه پیره په‌ككه‌وته‌یه‌كی دوره دنیا و بێ ئاگا له ژیان، به فه‌همی 14 سه‌ده به‌ر له‌ئێستاوه، فه‌توایه‌ك به‌سه‌ر یاسا و ده‌وڵه‌ت و دونیای نوێ‌دا ده‌رده‌كات و به شه‌و و ڕۆژێك دووسه‌د هه‌زار منداڵ و ته‌واڵی عه‌شایری عه‌ره‌بی چه‌كدار ده‌كات و هه‌ركاتێك پێیان خۆش بێت، وه‌ك گه‌له گورگ به‌ری ده‌ده‌نه گیانی تۆ، ئیتر چۆن به منداڵێكی كورد ده‌ڵێیت ده‌ستبه‌رداری نه‌ژاد و زمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆی بێت و كار بۆ دروستكردنی "شارستانیه‌تی دیموكراتیك" بكات و له‌نێو ئه‌م زه‌لكاوه‌دا و له‌گه‌ڵ ئه‌م قرش و تیمساحانه‌دا بژی؟!