ئەو خیانەتەی لەپرۆسەی ریفراندم كرا

Kurd24

لەوانەیە هۆكاری سەرەكی بۆ پێكەوە گرێدانی ئەو ( خیانەتەی لە پرۆسەی ریفراندۆم كراو ئەو ئاستەنگانەی بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی دروست كران) لەناونیشانی ئەم بابەتەدا، بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە ساڵی پار هەر لەو مانگەدا كۆی حزبە سیاسيیەكانی باشوری كوردستان بێجگە ( لە گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی) بڕیارياندا رۆژێك بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بكرێت و لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەشدا ئەو دوو لایەنەش بە (بەڵێ) بەشداریان لە پرۆسەكەدا كرد، بەڵام دوای ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر خیانەت لەم پرۆسە پیرۆزە كرا، بەشی زۆری حزبە سیاسیيەكان خۆیان وا پیشان دەدا كە ئەوان لەگەڵ پرۆسەكە نەبوون، سەبارەت بە شكستهێنانی هەوڵەکانى بەستنى كۆنگرەی نەتەوەيیش كە ئەویش هەر لە باشوری كوردستان كار بۆ بەستنى کرا و هەوڵدرا هەموو لایەنە سیاسیيەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان لەسەر سیاسەت و ستراتیژێك ریكبكەون و ببینە خاوەنی گوتارێكی كوردستانی لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی كوردستانيان بەسەردا دابەشكراوە و هەروەها بەرامبەر بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، بەڵام بەهۆی كاریگەری هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران شكستی هێناو، ئێستاش ئاكامەكەی ئەوەیە كە دەبینین هەر رۆژێك و بە بیانوویەك ئەو وڵاتانەی كە كوردستانيان بەسەردا دابەشكراوە لە هەر پارچەیەك فرسەتێك بۆ كورد بێتە پێشەوە دەستێوەردان دەكەن و ئەو فرسەتە لە كورد هەڵدەوەشێننەوە، لەبەرامبەریشدا هێز و لایەنە سیاسيیەكانی هەر چوار پارچە هەڵوێستێكی هاوبەشیان نیە.

ئەم دوو پرۆسە گرنگە ( ریفراندۆم و كۆنگرەی نەتەوەیی) دوو پرسی گەورەن و شایستەی ئەوەن پێكەوە گرێيان بدەین و هەڵوەستە لەسەر دروستكردنی ئەو ئاستەنگانە بكەین كە بە هاندانی دەوڵەتانی دەرەكی و بە بكەری ناوخۆی هەوڵدراوە كە لەم قۆناخەدا بێ ئاكام بن، بۆیە لێرەوە هەوڵدەدەم هەڵوەستەیەكی خێرا لەسەر هەردووكیان بكەم:

1-كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ سەركەتوو نەبوو؟

 من وەك یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە لە باشوری كوردستان و بەبەشداری لایەنە سیاسيیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان کۆبوونەوەکانى بەڕێوەچوو ، ئامادەی هەموو كۆبوونەوەكانی لێژنەى ئامادەکارى كۆنگرەكە بووم ، لێرەدا دەبێت بۆ میژوو ئەوە بڵێم بە پلەی یەكەم گوشار و كاریگەری هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا بووە هۆكاری ئەوەى كەوا كۆنگرە دوابخرێت، هەروەها هەر سێ لایەنە دەسەڵاتدارەکانى كوردستانیەكانیش پارتى و یەکێتى و بە تایبەتی( پەكەكە) بەرپرسن لەسەرنەكەوتنی كۆنگرەكە.

لە ناو لێژنەى ئامادەکارى كۆنگرە چەندین كێشە هەبوون، لەوانە كێشەی ئاڵای كوردستان هەبوو كە توانرا چارەسەر بكرێت بەوەی كە هاوشانی ئاڵای كوردستان ئەو ئاڵایەی پەكەكەش لە باكووری كوردستان بە ئاڵای كوردستانی دەزانێت هەڵبكرێت، هەروەها لەسەر پرسی سەرۆکایەتى کۆنگرە ( سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد)یش سێ پیشنیار لەلایەن ( پارتی و یەكێتی و پەكەكە) هەبوون بەمجۆرە:

1-پێشنیاری پارتی ئەوە بوو سيستمى سەرۆکایەتى پەیڕەو بکرێت واتە (سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی) هەبێت.

2-پێشنیاری یەكێتی ئەوە بوو سيستمى سکرتارییەت پەیڕەو بکرێت واتە  (سكرتاریەتی كۆنگرەی نەتەوەیی ) هەبێت.

3-پێشنیاری پەكەكە ئەوەبوو سيستمى هاوسەرۆکایەتى پەیڕەو بکرێت واتە ( هاو سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی ) هەبێت.

 لەسەر ئەم پرسە و لە ئاكامی گفتوگۆكردن لەسەر ئەم پێشنیارانە هەندێك كێشە دروست بوو، بەڵام پاشان بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان هاتە سەرخەت و بەرێگای پارێزەرەكانی نامەیەكی بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی نارد، لەو نامەیەدا ئۆجەلان بە سەرۆك بارزانی گوتبوو، بەڕێزتان برا گەورە بن چیتان پێ باشە ئێمە پشتگیریتان دەكەین.

 دوای ئەم نامەیەی ئۆجەلان پەكەكە هاتەوە سەر خەت، بەڵام بە تێڕوانینێكی حزبیانە و بە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنى زۆرترین رێژەى ئەندامانى کۆنگرە بەشداریكردەوە، كە ئەمەش خاڵێكی سەرەكی كێشەكە بوو، هەر بۆ نموونە ئەگەر وای دابنێن بۆ باكووری كوردستان ژمارەیەك كورسی بۆ تەواوی لایەنە سیاسيیەكانی باكوور دیاری كرابێت و، بۆ ئەوەی هەر لایەنێكی سیاسی باكوور بە قەوارەی خۆی كورسی بەربكەوێت، پەكەكە ئەمەی رەتدەكردەوە و داوای دەكرد بە تەنیا 50% كورسیەكان بدرێتە پەكەكە و لە 50 % دیكەش ئەو حزبانەی دیكە كورسیان بەربكەوێت كە بە نزیکى لە پەكەكە ناسرابوون، هەروەها لەرۆژئاوا و رۆژهەڵاتیش هەمان پێداگیریان دەكرد، ئەمەش مانای ئەوەبوو كە پەكەكە ئامادەنەبوو لە سێ پارچەی كوردستان لایەنەكانی بەرامبەری بەپێى قەبارەى خۆیان قبوڵ بكات.

 دیارە پەكەكە بەم تێروانینە ئایدلۆژیيەی لە ناو بزاڤی رزگاری خوازی كوردستاندا، سیاسەتەكانی بە كۆمەڵێك هەڵكشان و داكشاندا بردووە ، سەرەتا داوای سەربەخۆی كوردستانی گەورەی دەكرد، پاش ماوەیەك گۆڕی بۆ فیدرالیەتی هەرێمی ، ئێستاش گۆریوویەتی نەتەوەی دیموكرات، ئەم گۆڕانكاریانەش هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ باش نەخوێندنەوەی پرسی كورد لەسەر ئاستی سیاسی و لەشكری لە ناوچەكەدا، هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی بەردەوامی پەكەكە بۆ دروستكردنی حزبی نزیک لە خۆی لە هەر چوار پارچەی كوردستان و دەستێوەردانی لە هەرچوار پارچەی كوردستان و رەتكردنەوەی لایەنە سیاسیيەكانی دیكە، ئەمەش جۆرێك لە پاشاگەردانی سیاسی و لیكترازانی لە ناو بزاڤی رزگاریی خوازی كوردستان دروستكردووە، ژینگەیەك دروست بووە كە لایەنە سیاسیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان نەتوانن لەسەر ستراتیژ و سیاسەت و گوتارێكی هاوبەش رێكبكەون.

 ئاكامی سەرنەكەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەیە كە ئێستا لە رۆژئاوای كوردستان دەبینین و توركیا بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە هێرشی كردە سەر عفرین و داگیری كرد و هەموو جیهانیش بێدەنگ بوون و ئێستا لە مەنبج پاشەكشەیان پێدەكەن، هەروەها ئەوەیە كە لە باكوری كوردستان دەبینین و نەتوانرا سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ یەكەمجار كوردی باكوور توانیان بەرێگەی هەڵبژاردن وەك فراكسيۆنێكی پەرلەمانی بچنە ناو پەرلەمانی توركیا، ئێستا لە ئاكامی ئەو سیاسەتەی پەكەكە و حساب نەكردنی بۆ حكومەتی كوردستان، ئەوەیە كە سوپای توركیا لەشكركێشی دەكات بۆ سەر خاكی باشور و دەیەوێت هێرش بۆ سەر قەندیل بكات، بێگومان هەموو لایەکمان دژى ئەو لەشکرکێشییەى تورکیاین، لە هەمان کاتدا هەموو لایەکمان ئەو راستییەیش دەزانین کەوا قەندیل لەسنوری توركیا نیە هەتا بڵێن پەكەكە لە قەندیلە بۆ ئەوەی بتوانێت خەبات لە باكوور بەردەوامی پێبدات.

 بەڵام ئەگەر كۆنگرەی نەتەوەیی سەركەتوو بوایە، پەكەكە سیاسەتێکى نەرم و واقیعبینانەى پیادە بکردبووا، ئەوا ئێستا لەهەر پارچەیەكی كوردستان كێشەیەك هەبووایە، لانی كەم رایەڵەیەكی هاوخەباتی و هاوپشتی لەنێوان تەواوی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەبوو، ئەگەر كۆنگرەی نەتەوەیی سەركەتوو بوایە، لە رۆژئاوای كوردستان، لایەنە سیاسيیەكانی رۆژئاوا هاوشانی پەیەدە لە رۆژئاوا بوونیان دەبوو، ئەگەر كۆنگرەی نەتەوەیی سەركەتوو بوایە،جیهان قبوڵی نەدەكرد كە پەكەكە لەسەر خواستی توركیا لە لیستی تیرۆردا بێت، پەکەکە لەو لیستە دەردەهێنرا.

2-ریفراندۆم سەركەتوو بوو، بە چ ئامانجێك خیانەتی لێكرا؟

 ساڵی پار كە لەم مانگەدا، رۆژی 25ی ئەیلوول بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریكرا، ئەمەش وایکرد بۆ یەكەمجار لە میژووی كوردستاندا، دۆزی كوردستان ببێتە رووداوێكی گەورە لە ناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، بۆیە وەك رووداوێكی مێژوويی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بە گەورەترین رووداوی مێژوويی لە خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان لە سەدەی بیست و یەك دادەنرێت، هەروەها لەمە گرنگتر ئەوەبوو كە ئەم پرۆسەیە بەسەركەتوویی و بەبەشداری چاودێری نێودەوڵەتی ئەنجامدرا و بۆیەكەمجار بوو لە مێژوودا گەلی كوردستان بە رێژەی 93% و بەشداری كۆی لایەنە سیاسیيەكانی كوردستان پەیامی خۆیان بە جیهان رابگەیەنن كە ئەم گەلە سەربەخۆی دەوێت و نایەوێت بەشێك بێت لەو عێراقەی ئێستا بوونی هەیە.

لە پرۆسەی ریفراندۆمیشدا بە هاوشێوەی كۆنگرەی نەتەوەیی گوشارێكی گەورەی هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێران هەبوو بۆ ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆمیش دوابخرێت، بەڵام چۆن نەیانتوانی رێگە لە پرۆسەی ریفراندۆم بگرن و پێداگیری سەرۆك مسعود بارزانی سەرکەوتووانە پرۆسەكەی گەیاندە ئامانج، ئەوا دوای سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆمیش بیجگە لە گرتنە بەری چەند هەنگاوێك بۆ گوشار خستنە سەر كوردستان نەیانتوانی هیچ هەنگاوێكی دیكە هەڵبگرن، بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان چڕكردەوە بۆ ئەوەی بەدوای بكەرێكی ناوخۆیی بگەڕێن بۆ ئەوەی بەكاری بهێنێن و رێگە نەدەن ئەو خەونەی كوردستان ببێتە واقیع، دیسانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە ئەگەر ئەو بكەرە ناوخۆییە نەبوایە نە كۆنگرەی نەتەوەیی دوادەخرا نە لە 16ی ئۆكتۆبەریشدا ئەو خیانەتە گەورەیە لە كوردستان دەكرا.

هۆكار و ئامانجی سەرەكی ئەم خیانەتەی لە ریفراندۆم كرا، پێش هەموو شت غەدرێكی گەورە بوو بەرامبەر بەسەرۆك مسعود بارزانی ئەنجامدرا، لەبەر ئەوەی ئەنجامدەرانی ئەم خیانەتە تەنیا ئامانجیان ئەوەبوو كە دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی بارزانی دانەمەزرێت.

هەندێك لەوانەی كە خیانەتەكەیان ئەنجامداوە و پێش دەبابەكانی حەشدی شەعبی كەوتن و كەركوكیان تەسلیم كرد، بیانووی ئەوە دەهێێنەوە كە هێزی دوژمن نابەرانبەر بووە و نەیانوویستووە شەڕێكی دۆڕاو بكەن، بەڵام هەر تەنیا چوار رۆژ دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر و لە كاتیكدا بەهۆی خیانەتەكەوە مۆراڵى پێشمەرگەش وەك رۆژانی پێش 16ی ئۆكتۆبەر نەبوو، كاتێك هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی ویستیان بەرەو دهۆك و هەولێر پێشرەوی بكەن، هێزی پێشمەرگەی كوردستان پیشانی جیهانی دایەوە كە چۆن مقاوەمەت دەكات، هەر لەو شەڕانەدا هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی سەدان تانك و زرێپۆش و هەمەر و هامڤی لە مەخمور و پردێ و سحێلا بە هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بەجێبهێڵێت، لەدوای ئەم بەرگریيە قارەمانانەیەش باردۆخەكە بەتەواوەتی گۆڕا و زەمینەیەكی تازە هاتە پێشەوە.

هەر بۆیە ئەگەر ئەو خیانەتە نەبوایە و لە كەركوك بەرگری بكرابووایە ، ئەوا چۆن بە چەند رۆژێك دوای مقاوەمەتی پردێ و مەخموور و سحێلا باردۆخەكە گۆڕا وتەنانەت وتوێژیش لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستی پێكردەوە و دوای ئەویش پەیوەنديیە دیپلۆماسيیەكانی كوردستان و جیهان وردە وردە گەڕایەوە و، دواتريش گەمارۆی ئاسمانی لەسەر كوردستان هەڵگیرا، ئەوا لەدوای بەرگریيەكی ئاواش لە كەركوك دوای چەند رۆژێك جارێكی دیكە باردۆخەكە دەگۆڕا  و ئێستا لەگەڵ عێراق دانوستاندنی ئەوەمان دەكرد سنوری نێوان كوردستان و عێراق چۆن بێت.

لەم دوو فرسە مێژووییەدا (ریفراندۆم و كۆنگرەی نەتەوەیی) كە دوو دەسكەوتی گەورە و پیرۆز بوون بۆ هەموو كوردستان و بە پلەی یەكەم بە هۆكاری بكەری ناوخۆیی ئاستەنگیان بۆ دروستكراوە، دەبێت ببنە دوو وانەی گەورە و گرنگ بۆ هەموو حزبە سیاسيیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەو وانەیەش ئەوەیە ئیرادەی گەلی كوردستان توانای ئەوەی هەیە خەبات سەربخات و هەنگاو بەرەو یەكریزی و یەكگوتاری و دەوڵەتی سەربەخۆ هەڵبگرێت، بەڵام ئەوەی بۆتە ئاستەنگ كە ناهێڵێت ئاواتەكانمان بێتەدی، بەهێزی دوژمنەكانمان نین، بەڵكو خۆخۆری و یەكتری رەتكردنەوە و تێروانینی تەسكی حزبیانەی بەشێكی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە.

*سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان  YNDK