نامەیەکی کراوە بۆ: حەزرەتی (شنگن!)

Kurd24

کۆپییەکی بۆ گشت کونسڵە بەڕێزەکان

 

سڵاو قوربان حەزرەتی شنگن (خوا بتپارێزێ)...

سەدو سێ ساڵ لەمەوبەر مسیۆ پیکۆی باپیرەی فرەنسییەکان، بەهاوکاریی سێر ماکسی باپیرەی بەریتانییەکان ،بەچاوپۆشیی زلهێزەکانی تری ئەوروپاو جیهان ، قاڵبە کێک و میراتیی عوسمانییەکانیان وەکوو برا لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد، باپیرانی ئێمەیشیان دەسخەڕۆو بێبەشکرد! سەدو سێ ساڵە ئێوەی نەوەکانی ئەو زاتانە هەرخۆتان برا گەورەی ئەم ناوچەیەو هەموو دنیان! لەتەڕ دەخۆن ، لە وشک دەنوون ! سەدو سێ ساڵە ئێمەی نەوەی بەشخوراوانیش لەهەردوو جەژنە بووینە : نەپێگەیشتیین ، نە تێگەیشتیین!

کە پرچ زەردو چاوشینێکی وڵاتانی (شنگنستان) ئارەزووی گەشتی  وڵاتی ئێمە دەکات، بەیەک رۆژ گشت ڕێکارەکانی گەشتێکی بێ قڕەو هەرزان بەهای بۆ سازدەکرێ ، کە تەشریفیشی دەگاتە فرۆکەخانە لەپەنجەرەی تایبەتەوە پێشوازیی گەرمی لێدەکرێ و ڕوو لەهەر جێ و ئاستێک بکات خۆی خاوەن ماڵەو ئێمەش کرێچی، سەختترین دەرگەو تاریکترین پەنجەرەی بۆ لەسەر پشتەو بەفەرموو فەرموو بەرەو لای سەروو دەبرێت !

هەر کوردێکی داماوی ئێمەیش خەیاڵبکات گەشت بۆ پاریس ، رۆما ، ئەمستەردام بەرلین یان هەر شارێکی شنگنستان بکات، وەک ئەوەی بەناو کێڵگەیەکی مینڕێژدا ڕێ بکات ، دەبێ لە هەزارو یەک داوو تەڵە خۆی دەربازکا... ڕەزیل و ڕیسوای بەر دەرک و دیواری قەڵایینی کونسڵخانەو باڵیۆزخانەو کۆمپانیاکانی دەکرێ .کارێکی بەسەر دێنن با بەدەواری شڕی نەکردبێ .

بەڕێز  شنگنە ئەفەندی ! من دەمەوێ بەیادی جەنابتانی بێنمەوە کە ئێوە نوێنەری ئەوروپای ئازاد و سەرزەمینی مافەکانی مرۆڤن ! مرۆڤ و مافەکانی : کە یەکێکیان مافی گەشت و گەڕان و نیشتەجێبوونە !

بەنیازم سکاڵای خۆم ببەمە لای  (جان جاک ڕۆس و ڤۆلتێرو شتراوس و هیگڵ و مارکس و شۆپان وگۆتینبێرگ و بیتهۆڤن و سارتەرو سیمۆن دیبۆڤوارو دانیاڵ میترانەکەی) لەمەڕ ئێوە ! داخۆ ئەوان ئاگادارن لەوەی ڕۆژانە لەوەڵامی خواست و خەونی گەشتێکی ئێمەی کورددا، چۆن مامەڵە دەکرێین و چۆن لەناخەوە نائومێدمان دەکەن ! .. ئایا ئەوان ڕازین لەسەر ئەوەی پێمان دەکرێ و پێمان خەرجدەکرێ ؟ ئاخۆ ئەو زاتانە پێدەزانن نەوەکانیان ڕۆژانە چەند نیگەران و خەمۆکمان دەکەن ؟!

هەرلە وەڵامی یەکەم سڵاودا (لەسەر فەرمانی جەنابی شنگن) کۆمپانیایەک بڕێ پارەمان لێ دەسێنێ و داوادەکات هەرچی بەڵگەنامەی فەرمیمان هەیە لە ڕۆژی لەدایکبوونەوە تا ئێستا، بە بڕێ پارە هەرهەموویان لای وەرگێڕێکی یاسایی وەربگێڕینە سەر زمانی ئینگلیزی . دەبێ بەڵگەمان پێ بێ کە لانی کەم شەش مانگ لەوەوبەر 10 هەزار دۆلارمان لەبانکێک پاشەکەوت کردووەو زیادوکەمی کردووە . تاپۆی خانوو، ساڵنامەی نوێکراوەی ئۆتۆمبێل و پشتگیریی فەرمانگە بە ئینگلیزی و بەبڕی مووچەوە. دواتر دەبێ لەکۆمپانیایەکی تر بەرانبەر بە بڕێ پارە بیمەی تەندروستی ، ژووری هۆتێل و تیکتی فرۆکەی هەردوو سەر دابینبکەیت .. ئینجا فۆرمێکی چەند لاپەڕەیی پڕدەکەیتەوە ، هەرچی لەژێر بەڕەیە پێت دەخەنە سەر بەڕە !. کەڕۆژی پێشکەشکردنی (دۆسییەکەت!) هات، دەبێ سەرلەبەیانی تا لای نیوەڕۆ چاوەڕێی ڕەحمەتی کۆمپانیا بیت بۆ ئەوەی لێتی وەربگرن . ئینجا لەبەرانبەر ئەو ڤیزایەی (کە هێشتا لە عیلمی غەیبدایە) بڕێ پارەی ترت لێ دەستێنن ... وەک هەر تاوانبارو گومانلێکراوێکیش پەنجەمۆرت لێ وەردەگرن. ماوەی پازدە بیست ڕۆژ لەنیگەرانی و ئاوات و مۆتەکەو خەونی ڕەنگاڵەیی و ڕەشوسپیدا بەڕێدەکەیت ! تۆ بڵێی ڤیزەم بدەنێ ؟! بڕواناکەم ڤیزەم بدەنێ ! لەوانەیە و ڕەنگەو پێم وایە بمدەنێ ! نا نا نەوەڵڵا نامدەنێ ! ئەمدەنێ ! نامدەنێ ! ئەمدەنێ ! نامدەنێ !... لەدوی سێ هەفتە لەپڕ لە مۆبایلەکەتەوە لە ( پایتەختی کوردستانەوە) کەسێک بە عەرەبی لێت دەپرسێ :

(ـــ مرحبا ! انت فلان ابن/ بنت فلان؟ ــــ نعم ! .. ـــ قبل مدة قدمت علی ڤیزا مال فرنسا ؟ ـــ نعم ! ــــ تکدر تجی تستلم جوازک یمنە بالشرکة ! .... طووووط )

لەخۆشیاندا خەریکی باڵ بگریت، هەزارو یەک خەیاڵ و پڵاو دەکەیت ! خۆت دەگەێنیتە کۆمپانیا... دیسانەوە  نۆرەدەگریت... دڵت لەسەر سەد لێدەدات ! دواجار زۆر بەساردی پاسپۆرتەکەت ڕادەستدەکەنەوەو پێت دەڵێن : سۆری! بەداخەوە!

بەڵێ جەنابی (شنگن)! ئێمە ملیۆنان مرۆڤی کوردین کە چاوپۆشی و بەرژەوەندییەکانی ئێوەی دیموکراسی خواز بێ بەشیان کردووین لە بوونی دەوڵەت و سەروەریی خاک و نەتەوە ! سەد ساڵە ڕێمان پێ نادەن پاسپۆرتێکی بەهادارو بەڕێزمان هەبێ ! هەرگیز هاوکارمان نەبوون بۆ ئەوەی دەوڵەت و داوودەزگاو یاساو دەستوورێکمان هەبێ ، بەهاو حورمەتی ئینسانیمان بپارێزێت !.

مرۆڤی کورد چەند ساڵ جارێک خەون بە گەشتێکی دوو هەفتەییەوە دەبینێ بۆ وڵاتانی سەرزەمینی ئازادی و مافی مرۆڤ، کەچی بە ناهەق سەدان دۆلاری پێ خەرجدەکرێ، هەرچیی بەڵگەنامەی شەخسیی هەیە پێی ئاشکرادەکرێ ، بە دەیان ڕۆژ کاتی لەچاوەڕوانیدا بەهەدەر دەدرێ ، لەدواییدا قەرزاریشی دەکەنەوەو  پێی دەڵێن :  (تۆ  شایستەی ئەوە نیت پێ بنێیتە سەر خاکی ئێمە! هەتا ماویت هەر دەبێ ئەم نانە بەو ڕۆنە بکەیت!).

جەنابی (شنگن)ی بەرزو بەڕێز ! ئێوە بەردەوام بۆ ئەم ڕێگری و ڕەزیلکردنەمان دوو پاساو دێننەوە، یەکەم : ترسی ئەوەتان هەیە کەگەیشتینە لای ئێوە ئیتر نەگەڕێینەوە . دووەم : گومان دەکەن کە ڕەنگە ئێمە تیرۆریست بین !!  بۆ پاساوی یەکەمتان دڵنیابن ئەگەر ڕێمان پێ بدەن دووساڵ جارێک بەئاسانی و بە خەرجییەکی کەم گەشتێکی یاسایی بکەین، زۆربەی هەرە زۆرمان پاش دوو هەفتە چاومان تێر دەبێ و هەندێ دیاریی دەکڕین و لەمانگێک زیاتر بەرگەی گرانیی ژیان و کەلتوورو خواردن و یاساو ڕێساکانی وڵاتانی ئێوە ناگرین ، وەک چۆن چووین ئاواش دەگەڕێینەوە ! ڕێژەیەکی زۆر کەمیش ئەگەری نەگەڕانەوەی هەیە، ئەو چەند حاڵەتەش چارەسەریان ئاسانە : یاساکانی وڵاتی خۆتانیان بەسەردا جێبەجێ بکەن و بڕایەوە ! بەڵام کە جەنابت خۆتمان لێ بکەیت بە شیری چۆلەکەو وەرگرتنی ڤیزامان لێبکەنە ئیمتحانی بەکەلۆریاو دەریشمان نەچێنن ، ئەوا بەدەستی خۆتان بازاڕی کۆچی نایاسایی گەرمدەکەن ... خەڵکێکی زۆر وارو ێوختیان هەڕاجدەکەن و لەبریی ئەوەی سەردانی کونسڵخانە بکەن، لەگەڵ قاچاخچییەک پێکدێن و خۆیان دەدەنە دەس قەزاو قەدەر ! لەجێی (بیرکاری و زانست و هونەرو ئەدەب) منداڵەکانیان فێری مەلەدەکەن (دەریای ئیجە خۆت بگرە وا هاتین!) هەندێ دەبنە خۆراکی شارک وماسیی ناودەریا و دەبنە قوربانیی (کەنسڵی کونسڵخانەکانت)، هەندێکیش پێش گەیشتنیان بەسەرزەمینی (شنگنستان!) دەگیرێن و بەدەستی خاڵی دیپۆرت دەکرێنەوە . هەندێکی زۆر کەمیشیان بە نیوەگیانی دەگەنە جێ ، ئەگەرچی نائومێدیش بن و هیچ بەهیچیش نەکەن ، تازە ناتوانن بگەڕێنەوە چونکە کەوتوونەتە سەر ساجی عەلی و لە نیشتمانی خۆیان، هیچیان لەدوای خۆیان جێ نەهێشتووە !

بۆ پاساوی  دووەمیش ، فەرموو با چاوێک بە ئامارەکانی خۆتاندا بخشێنینەوە  تا بزانین ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە ئەوروپاوە پەیوەندییان بە داعشەوە کردو بۆ کوشتنی ئێمە هاتنە ناو خاکی کوردستان و عێراق، زیاترن !  یان ئەوانەی ئێمە بۆ ئیوەمان ناردوون؟!

جەنابی حەزرەتی (شنگن)! من مامۆستای زانکۆم و (لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادی و مافەکان کە لەفرەنساوە  بەدنیادا پەخشبوو) هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە بچمە ئەوروپاو لەوێ ببمە بار بەسەر میللەتانەوە، یان ببمە پاسەوانی سەگ و قاپشۆری ریستۆرانتەکانتان، پاسپۆرتەکەیشم بەپاڵ ڤیزەی چەندین وڵاتی دەوروبەرەوە (دوو وێنەی جوانی جەنابتیشی) لەسەرە ، کەچی هێشتاش بە شایستەی خۆتم نازانی! من تەنیا نموونەیەکم لە سەدان حاڵەتی تر لەناو هونەرمەندو دادوەرو نووسەرو ئەکادیمی و کاسبکارو بازرگان و خانەوادەو گەنج و خەڵکی سادەی ئەم کوردستانە!

ئافەرین ئەوروپای دایکی ئازادی و مافی مرۆڤ ! دیارە خۆت بڕوات بە فەلسەفەکانی خۆت نەماوە ! ئافەرین حکومەتی عێراق و ئافەرین حکومەتی هەرێم ! کە پاش دەیان ساڵ نەتانتوانی (بایی پیتزایەک نەک ڤیزایەک!) متمانەو بەها بۆ هاووڵاتییەکانتان دەستەبەربکەن ! ئافەرین وەزارەتی ڕۆشنبیری ، وەزارەتی خوێندنی (باڵا) و وەزارەت و ئەنجومەنە (باڵا)کانی تر... ئافەرین کە نەتانتوانی هەیبەت و بەها و (باڵای) دادوەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و مامۆستاو ئەکادیمییەکانی خۆتان لەلای کونسڵخانەکانی (حەزرەتی شنگن) بپارێزن ! دەبووایە  ئێوە بەتەنها یەک تەلەفۆن یان ئیمەیل و نووسراوێکی فەرمیی، ڤیزاتان بۆ دەیان کارمەندی جێ باوەڕی خۆتان وەرگرتباو ڕێتان نەدابا لەنێوان کۆمپانیاو (کەنسڵ ـــ خانەکاندا!) بەو جۆرە خەرج و کات و کەرامەتیان بەهەدەر بچێ!