وەرزشەکەی شاسوار عەبدولواحید

Kurd24

 لە دوای 2003 یەکێک لەو کێشانەی وەرزشی کوردستان گرفتاری بووە، دەستوەردانی سیاسی و دەسەڵاتدارەکانە، لەوەتەی لەبیرمە هەمیشە هەندێک بەرپرس هەر بۆ حەز و ئارەزوو پۆستێکی وەرزشیان گرتۆته‌ ده‌ست، بێ ئەوەی هیچی لێ بزانن، یانیش هیچ ئامانجێکی وەرزشییان هەبێت بوونەتە بەربەست لە بەردەم چوونە پێشەوەی کەسانی ئەکادیمی و وەرزشی و مافی کەسانی شارەزای ناو بوارەکەیان خواردووە.

پاڵپشتیکردنی وەرزش لە لایەن دەسەڵاتدار و سەرمایدارانەوە شتێکی باشە و لەم قۆناخەدا پێویستە، لە هەندێک یانەی کوردستان بەرپرسی گەورە بەردەوام پاڵپشتی یانەکە دەکەن و بە ماددی و مەعنەوی یارمەتی یانەکە دەدەن، بەڵام بێ ئەوەی ببنە سەرۆک یان ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بێن یانەکە بۆ دەستکەوتی کەسی بەکاری بهێنن و لە پێش کامێراکانەوە بە خەڵکی بفرۆشنەوە.

بەهۆی پاڵپشتی ماددی بۆ یانەکە، لەوانەیە بتوانین چاوپۆشی لەوە بکەین شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا ببێتە سەرۆکی فەخری یانەکە و ئەمە لە زۆر یانەی دیکەی کوردستان و ناوچەکە هەیە و تاڕاددەیەک بووەتە شتێکی ئاسایی، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە ئەم کابرایە لە ژیانی یارییەکی تۆپی پێی نەکردووە و لە ئەلفوبێی تۆپی پێ نازانێت، کەچی کراوەتە سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی.

با کارەساتەکەی شاسوار عەبدولواحێدتان بۆ روون بکەمەوە و بۆتان وێنا بکەم ئەم کابرایە چ کوفرێکی کردووە، ئێستا شاسوار عەبدلواحید وەکو ئێمیلیۆ بۆتراگینیۆی سەرپەرشتیاری تۆپی پێی یانەی ریال مەدرید وایە، ئێستا ئەو بۆتراگینیۆیەی یەکێک بووە لە ئەستێرە دیارەکانی پێشووی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا و لەگەڵ ریال مەدرید 6 جار بووەتە پاڵەوانی لالیگا و 13 نازناوی بەدەستهێناوە و لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا پلەی دووەمی یۆرۆی 1984ـی بەدەستهێناوە، لەگەڵ شاسوار عەبدلواحێد لە یانەکانیان هەمان پۆستیان هەیە و یەك حیسابیان بۆ دەکرێت!

هێشتا شاسوار عەبدولواحێد هیچ دەسەڵاتێکی لە کوردستان نەگرتووەتە دەست و هیچی نەکردووە، لە دەستپێکەوە خەریکە خۆی دەکاتە سووپەرمان و جگە لە سەرمایەداری و سیاسەت و میدیا دەیەوێت وەرشیش قۆرخ بکات، حەقوایە ئەم کابرایە کە هەر دەمی دەکاتەوە رەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و بە قۆرخکار تۆمەتباریان دەکات، رۆژێکیش بچێتە بەردەم ئاوێنە و پرسیارێک لە خۆی بکات، ئاخۆ چۆن حەقی بەخۆی داوە ببێتە سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی و پۆستێک وەربگرێت، لە کاتێکدا ئەم پۆستە تەنیا تایبەتە بەو کەسانەی پێشتر یاریزان و راهێنەری تۆپی پێ بوون و خاوەنی بڕوانامەن لەم بوارەدا.

شاسوار عەبدولواحێد تەنیا لەبەر ئەوەی چەند ملیۆنێک دیناری بۆ یانەی سلێمانی خەرجکردووە، زۆر بە ئاسانی لەلایەن بەرپرسانی یانەکە کرایە سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە، لە کاتێکدا لە سلێمانی و کوردستان بە سەدان کەسی ئەکادیمی و یاریزانی دێرینمان هەیە بۆ بەرەو پێشبردنی تۆپی پێی یانەکە و شارەکە خاوەنی پڕۆژەی مۆدێرنن، کەچی تەنیا لەبەر ئەوەی کەسی پاکن و خێروبێری ئەم وڵاتەیان بۆ خۆیان بەکار نەهێناوە، کەس ئاوڕیشیان لێناداتەوە.

یانەی سلێمانی ساڵانێکی زۆرە بووەتە قوربانی ئەو ململانێیە حیزبییەی لە سلێمانی هەیە و یانەکە لە ئاستی ناو و ویستی وەرزشدۆستانەی شارەکە نییە، بەڵام خەریکە شاسوار عەبدولواحێد بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆی بەکاری دەهێنێت و ئەو یانەیە ناشرین دەکات. جگە لەوەی شاسوار دەیەوێت یانەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار بهێنێت، پڕۆژەکەشی بۆ بەرەو پێشبردنی یانەکە شکست دەهێنێت، شەش مانگە بووەتە سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەکە کەچی تاکو ئێستا تیپێک نییە بەناوی تیپی تۆپی پێی یانەی سلێمانی، حەیدەر مەحموودی راهێنەری نوێی یانەکە لە کاتی ناساندنی بە میدیاکان زۆر بە راشکاوانە گوتی وامزانی تیپێکی تۆپی پێ هەیە، بەڵام کە هاتمە ئێرە ئینجا زانیم کە تیپەکە لە بنەڕەتەوە نییە.

تیپەکەی شاسوار دەیەوێت هەڕەمەکیانە چەند یاریزانێکی عەرەب کۆبکاتەوە و لەگەڵ راهێنەرێکی عەرەب بەشداریی خولی نایابی عێراق بکات، لە کاتێکدا پێشتر میدیای وەرزشی کوردستان ئەم رەخنەیەی لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ و دهۆک دەگرت.

شاسوار لەبەر ئەوەی فڕی بە تۆپی پێیەوە نییە، لەجیاتی ئەوەی بێت کار بۆ درووستکردنی بناخەیەک بۆ وەرزشی شارەکە بکات، بەنیازە بە سبووخکردنەوەی یاریگەی یانەکە و دانانی چەند کورسییەک و کڕینی چەند یاریزانێکی عەرەب موزایەدە بەسەر خەڵکی شارەکە بکات و پێیان بفرۆشێتەوە، ئەگەر راست دەکات و مەبەستیەتی تۆپی پێی یانسەی سلێمانی بەرەو پێش ببات و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی نایەوێت ناوبانگی یانەکە بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بەکار بهێنێت، با بیری لە کردنەوەی ئەکادیمیا و پەیمانگەی پێگەیاندنی یاریزان بکردباوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم شتانە درێژخایەنە و کاری زۆر و کەسی دڵسۆز و لێزانی پێویستە و شاسوار عەبدولواحێدیش ئامانجییەتی بە کاتێکی کەم خۆی وەکو فریادڕەسی سلێمانی وێنا بکات، دەستی بۆ ئەمە نەبردووە و دەیەوێت ماکیاژێک بۆ تۆپی پێی یانەکە بکات و دوایی بە خەڵکی شارەکەی بفرۆشێتەوە، بۆیە حەقوایە وەرزشوانانی سلێمانی و میدیاکارانی شارەکە رێگە لە شاسوار بگرن و پێی بڵێن 'چاکی مەکە، هەتا خراپتر نەبووە'.