شه‌ڕی سۆسیال پاسداره‌كان!
ئه‌گه‌ر خه‌ڵك ده‌وڵه‌تی له یه‌كێتی و گۆڕان و ئیسلامییه‌كان ناوێ و ئه‌گه‌ر ئه‌ی ڕه‌قیب هیچ نییه و ئاڵا هیچ نییه و دروشم و نه‌ته‌وه هیچ نییه، ئێ بۆ ده‌نگ بدات به‌مانه و ڕاسته‌وخۆ نایدا به حه‌شدی شه‌عبی؟ ئێ خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كامێكمان ئه‌م شتانه‌مان نه‌وێت، حه‌شدی شه‌عبی مه‌منوونمان ده‌بێت ئه‌ندامی بین و له‌گه‌ڵی بین، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی له ڕێی سۆسیال پاسداره‌كانه‌وه ئاڵا و ده‌وڵه‌ت و ئه‌ی ڕه‌قیبیان نه‌ویست، هێشتاش هه‌ر له ژێر شه‌قی حه‌شدی شه‌عبیدان!
له سه‌رده‌می فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌مه‌وه تا سه‌دام، ئه‌گه‌ر ئه‌م شتانه‌مان نه‌ویستایه لێیان، ئه‌وان بۆچی ئه‌نفالیان ده‌كردین؟ گلاراومان بوو شۆڕشمان كرد و ماڵی خۆمان كاول كرد؟! جا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت و ئاڵا و شكۆمه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان نه‌وێت، نه‌ك حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵكو حكومه‌تی فه‌نزوێلاش نانمان ده‌داتێ گه‌ر خاكه‌كه‌مانی بده‌ینێ، به‌ڵام ئێوه نه‌وه‌یه‌كتان پێگه‌یاند، خاكیشی نه‌وێت و حه‌شدی شه‌عبیش هه‌ر تێی هه‌ڵدات! ئاڵاش بسووتێنێ و هێشتاش هه‌ر لای حه‌شدی شه‌عبی ڕێزی نه‌بێت!
خۆ له تیۆراتدا، هیچ یه‌ك له‌م حیزبانه‌ی له كوردستان هه‌ن، خراپ نین، په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی هه‌ر كامیان (جگه له ئیسلامییه‌كان) جێبه‌جێ بكه‌یت، كوردستان ده‌بێته سوید و نه‌رویژ، به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌ی كه دروشمی سه‌ر لۆگۆكه‌ی (مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ كوردستان) بوو، خۆی ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و پاسدارانی گرت و هێنایه سه‌ر كوردستان، كۆمه‌ڵێك مووچه‌خۆری حه‌شدی شه‌عبی و سۆسیال پاسدار و جووڵانه‌وه‌ی بناری داگیركراوی گۆیژه‌ش، پاڵپشتی و پشتیوانی میدیاییان لێ كرد و تا ئێستاش هانی منداڵان و گه‌نجی تووڕه ده‌ده‌ن تا سوكایه‌تی و جنێو به موقه‌ده‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی بده‌ن و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه داگیركه‌ره‌كانیان به‌لاوه جوان بێت، میكیاژی ئه‌مه‌ش به باسكردنی گه‌نده‌ڵی و خراپه‌ی پارتی ده‌كه‌ن و كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی سه‌ر به جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، بۆ ته‌واوكردن و چه‌سپاندنی پڕۆژه‌ی سۆسیال پاسداره‌كان، به‌رده‌وام له كه‌ركووك ئه‌و مووچه‌خۆرانه‌ی حه‌شد ده‌دوێنێ كه حوكمڕانی ئه‌وسای كوردی له كه‌ركووك پێ خراپ و ئه‌وه‌ی به‌شان و باڵی ئه‌وه‌ی ئێستای حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌ڵبدات!
به‌ڕێوه‌بردنی كورد كارێكی قورسه، ئه‌م میلله‌ته هه‌میشه بێگانه به‌ڕێوه‌ی بردووه و به تێكڕای مێژوو، جگه له‌م سێ ده‌یه‌یه‌ی كۆتایی به‌شێكی باشوور، هیچ كات كورد به ده‌ست خۆیه‌وه نه‌بووه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئێستا عه‌میدلڕوكن وه‌تبان، جه‌بان، حه‌مدان، سندان و سه‌بغانێك له هۆڕه‌كانی خوارووی عێراقه‌وه بێنیت، ده‌توانێت هه‌موویان به بێ قڕه به‌ڕێوه ببات و كه‌سیش جه‌ساره‌ت نه‌كات یه‌ك ڕه‌خنه بگرێت، چونكه كورد زوو ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ بێگانه و داگیركه‌ره‌كه‌ی نه‌رم ده‌كات، ئه‌ها ئه‌و كاته‌ی كه‌ركووك به‌ده‌ست كورده‌وه بوو، هه‌موو ڕۆژێك هه‌را و خۆپیشاندان بوو له جێیه‌كی ئه‌و شاره، به‌ڵام ئێستا كه حه‌شدی شه‌عبی و حاكمی سه‌ربازی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، كه‌سێك نا‌بینیت هه‌رایه‌ك بكات و جیكه‌ی لێوه بێت و سه‌ر ئێشه‌یه‌ك بۆ حه‌شد و پاسدار دروست بكات!
كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی خۆ خۆر و جنێوده‌ره، به پێچه‌وانه‌ی عه‌ره‌به‌وه كه ئه‌گه‌ر له هه‌ر شوێنێكیش بدۆڕێن، هه‌ر له‌گه‌ڵ كورددا براوه ده‌بن! عەرەب بۆ ھەموو دۆخێک دەبێت، لەوپەڕی شه‌ڕه‌نگێزییدا، وەک عێراق و لیبیا و سوریا و یه‌مه‌ن و ھتد، لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا، وەک ئیمارات و قەتەر و بەحرەین! له‌وپه‌ڕی موحافه‌زه‌كاریدا، وه‌ك سودان و سعودیه! له‌وپه‌ڕی كراوه‌ییدا، وه‌ك تونس و میسر! ده‌ی کورد بۆ ئەم دۆخانه نابێت، ڕژێمە عەرەبییەکانی پێشوو عەرزێک و بڕێک پارەیان دەدا بە عەشیرەتێکی بەدەوی و لە هۆڕه‌كانی بەسرەوە دەھاتن بۆ مەخمور نیشتەجێ دەبوون، كه نه‌ك هه‌ر زمان و فه‌رهه‌نگیان به‌م شوێنه جودا بوو، به‌ڵكو ژینگه و ئه‌تمۆسفێره‌كه‌ش بۆیان جودا بوو، به‌ڵام گوێیان پێ نه‌ده‌دا و ده‌هاتن، له ڕومادییه‌وه ده‌هات بۆ قه‌ره‌هه‌نجیر، له فاوه‌وه ده‌هات بۆ پردێ!
زۆرترین ئه‌و وڵاتانه‌ی كه ئێستا به نیشتمانی عه‌ره‌بی حیسابن، وڵاتی عه‌ره‌بی نه‌بوون و عه‌ره‌ب بۆی چووه، مه‌مله‌كه‌تی عه‌ره‌بی ته‌نیا حیجاز و حه‌به‌شه بووه، ده‌ی ئه‌وان به‌رده‌وام له فتوحاتی خێڵه‌كی و دینی و نه‌ته‌وه‌ییدا بوون، تۆی سلێمانی كه نا‌توانیت له هه‌ولێر بژیت و تۆی هه‌ولێری نا‌توانیت له هه‌ڵه‌بجه بژیت و هیچیشتان ناتوانن له بادینان بژین، گشتیشتان پێكه‌وه ناتوانن له یه‌ك شوێن بژین، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خێڵه‌كی و دواكه‌وتوو زیاتر نین، تێكڕای مێژوو هه‌ڵبده‌ره‌وه، میسڕ عه‌ره‌بی نه‌بووه و بووه‌ته عه‌ره‌ب! تونس عه‌ره‌بی نه‌بووه و بووه‌ته عه‌ره‌ب! عێراق عه‌ره‌بی نه‌بووه و بووه‌ته هی عه‌ره‌ب! ئێستاش دووسه‌د عه‌ره‌ب بێنه له سلێمانی نیشته‌جێی بكه، پاش ده ساڵ تۆرمه‌نامه‌یه‌كی دوور و درێژی عه‌ره‌بی له‌و شاره‌دا ده‌نووسنه‌وه!
ده‌ی تۆ پێنج دۆنم زه‌وی و ده ده‌فته‌ر بده به كابرایه‌كی كه‌لاری، ناچێته به‌رتله بژی! ئێ کورد هه‌تا ئێستاش له‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆی به‌ولاوه ئیمانی به هیچ گوند و گاڕانێكی تر نییه، له‌و ماوه‌یه‌دا باوكم به نه‌خۆشی هاته هه‌ولێر، هه‌ر كه منی بینی، باوه‌شی پیا كردم و وتی: كوڕه غه‌ریبه‌كه‌م! تۆ بڕوانه 160 كیلۆمه‌تر له هه‌ولێره‌وه تا گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی خۆمان دوورم، باوكم منی پێ غه‌ریبه! هه‌تا ئێستاش هه‌موو خه‌ڵكی سلێمانی هه‌ولێریان پێ غه‌ریبستانه، هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر سلێمانییان پێ غه‌ریبستانه، بۆیه سۆسیال پاسداره‌كان كه‌ركووكیان دا و ته‌نیا هه‌ندێكمان پێمان ناخۆش بوو، ئه‌وانی ترمان پێده‌كه‌نین و چاوه‌ڕێی فه‌تحی هه‌ولێریش بوون!