ئایا ئه‌مریكا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه؟
توركیا له ئێستادا وه‌ك سوڵتانیزمێكی نوێ و سیستمێكی كۆماریی تاكه‌كه‌سی، ده‌زانێت سه‌خته به‌رگه‌ی ئه‌م دۆخه بگرێت كه ئه‌مریكا سه‌پاندویه‌تی به‌سه‌ریدا، به‌ڵام به ناچاریی ده‌بێت قبوڵی بكات تا ئه‌مریكا به كاوه‌خۆ كاره‌كانی له سوریا‌و عێراق و ئێران و یه‌مه‌ن ته‌واو بكات و به كورتیه‌كه‌ی سه‌قامگیریی بۆ ئیسرائیل و ده‌ستكراوه‌یی بۆ عه‌ره‌بستانی سعودیی مسۆگه‌ربكات.
"مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك"ـیش كاتی خۆی زیاتر له‌ناو قه‌یرانی سه‌خت و جه‌نگ و ئاژاوه‌دا هات و خۆی كرده سیمبولی توركه‌كان و تا ئێستاش تارماییه‌كانی ئه‌م كاریزمایه ماون به‌سه‌ر زیهنیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ی تاكی توركیه‌وه، ئه‌ردوغانیش ده‌یه‌وێت هه‌مان رێگا‌و سه‌ختی تاقی بكاته‌وه.
ئه‌ردوغان وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی خۆرهه‌ڵاتی باڵا‌و وتاربێژێكی تورك و سوڵتانێكی نوێ ده‌یه‌وێت سوود له‌م ده‌رفه‌ت و ئاژاوه‌یه وه‌ربگرێت و نمایشی كه‌سایه‌تیه‌كی موجاهیدو رزگاركهرو پاڵه‌وان بۆ خۆی بكات و به‌ته‌واوی وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌تاتورك ده‌ربكه‌وێت و وێنای ئهمریكاو ئیسرائیل وه‌ك دوژمنی ئیسلام و تورك بكێشێت و خۆشی وه‌ك پاڵه‌وانی به‌رگری ئه‌م شانۆیه بناسێنێت، به‌ڵام وێنه‌كه به جۆرێكی تره، ئێستا ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌ردوغاندا له‌مپه‌ره نه ئه‌مریكایه‌و نه ئابوری لاواز‌و لیره‌ی توركی، كاریزمای ئه‌تاتوركه له خه‌یاڵدانی توركیادا و ده‌یه‌وێت تێكیبشكێنێت و له جێگای ئه‌و دابنیشێت، ئه‌مه‌ش دوای ترساندنی كۆمهڵگاو هه‌ره‌سی لیره‌ی توركی و گرانبوونی شتومه‌ك و هه‌ڵایسان و بێكاریی، دواتریش به ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌و شۆڕشێكی ئابوری گه‌شه‌سه‌ندوو ده‌یفرۆشێته‌وه به خه‌ڵكی، چونكه ئه‌ردوغان خۆی داهێنه‌ری ئه‌و بیرۆكانه‌یه له‌وه‌ته‌ی هاتۆته سه‌ر شانۆی سیاسی توركیا‌و ئه‌مانه‌ش هه‌موو به سهپۆتی ئه‌مریكا ده‌كات.
راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه توركیا زۆر هیلاك و شه‌مزا نیه‌و مه‌ترسیه‌كانیش ئه‌وه‌نده زۆرنین و په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا‌و ئه‌مریكاش ئه‌وه‌نده قه‌یراناویی و ئاڵۆزنین بگاته ئاستی هه‌ره‌شه‌ی سه‌ربازیی و كێشمه‌كێشی جه‌نگی، بگره له‌هه‌ندێ جێگای سوریادا وه‌ك "منبج" ئۆپه‌راسیۆن و مانۆڕی هاوبه‌شی سوپای ئه‌مریكی و توركی هه‌یه، ته‌نانه‌ت كرتنه ئامانجی "زه‌كی شه‌نگالی" له‌چوارچێوه‌ی هه‌مان مانۆڕ‌و ستراتیجی موخابه‌راتی هاوبه‌شدایه، ئاخر هیچ لۆژیكی تێدا نییه به‌هۆی قه‌شه‌یه‌كه‌وه، كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دهستگیرگیراوه توركیایه‌كی به‌هێزو ئه‌ندامی ناتۆ‌و دڵخوازی خودی ئه‌مریكا خۆی بخاته لێواری مه‌ترسی له‌ناوچوونه‌وه، گریمان توركیا مه‌ترسی له‌ناوچوونیشی هه‌بێت له ئێستادا به‌هۆی سزاكانی ئه‌مریكاوه، چۆن ده‌وڵه‌تێكی بچووكی وه‌ك قه‌ته‌ر كه سه‌كۆیه‌كی ستراتیجی ده‌ریایی و ئاسمانی ئه‌مریكایه جورئه‌ت ده‌كات بێته رزگاركه‌ری توركیا به وه‌به‌رهێنانێكی گه‌وره به بڕی 15 ملیار دۆلار، كه‌واته له بنه‌ره‌تدا مه‌ترسیه‌كه ئه‌وه‌نده گه‌وره نیه‌و ره‌نگه هه‌ر نه‌شبێت و بۆ ئه‌وه بێت توركیا ئابوری خۆی پێ بههێزبكاتهوهو قه‌رزه‌كانی پێ بداته‌وه له داهاتوودا، كه‌واته هه‌ره‌شه‌كانی ئه‌مریكا بۆ توركیا هه‌ره‌شه‌ی جددی و مه‌ترسیدارنین وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ئێران هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌رنا، با ئه‌میره‌كه‌ی قه‌ته‌ر بتوانێت به هانای ئێرانه‌وه بچێت له پاش ئه‌وه‌ی وته‌بێژی كۆشكی سپی هه‌ره‌شه‌ی كرد‌و ووتی ئه‌وه‌ی له‌مپه‌ر بێت له‌به‌رده‌م ستراتیجی سه‌پاندنی سزای ئێمه به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌بێت به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵبگرێت، ته‌نانه‌ت عێراقێكی شیعه‌ی دۆست و هاوپه‌یمانی ئێران له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه تێگه‌شت و "حه‌یده‌رعه‌بادی" رێوشوێنی گرته‌به‌ر دژی ئێران، عه‌بادیش كه‌وته به‌ر نه‌فره‌تی میدیاكانی ئێران، به‌دیوه‌كه‌ی تریشدا ره‌نگه ئه‌م سزایانه بۆ سه‌ر توركیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه بۆ ئه‌وه‌ش بێت توركیا بیانووی به‌ده‌سته‌وه بێت نه‌یه‌وێت هاوكاری ئێران بكات وه‌ك دۆست و هاوپه‌یمانێكی ستراتیجی!
توركیا پێش گرتنی قهشهكهو سه‌پاندنی سزا ئابوریه‌كانی ئه‌مریكا به‌سه‌ریدا، كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌بوو ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا هه‌میشه هه‌وڵیداوه ئابوری توركیا زۆر هه‌ره‌س نه‌هێنێت و به‌رده‌وام له ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا بمێنێته‌وه له‌گه‌ڵیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا به‌راستی دژی توركیا بێت به ئاسانی ده‌توانێت ده‌موچاوه‌كانی حوكمرانی توركیا بگۆڕێت به ئه‌ردوغانیشه‌وه، به‌ڵام هه‌م بازرگانی چه‌ك و هه‌م بازرگانی نه‌وت و ئاسن و مه‌عده‌ن و شمه‌كی پیشه‌سازیی و كۆنتراكتی گه‌وره‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵیداو تا ئه‌م ساته‌ش به‌رده‌وامه.
"لیماك هۆڵدین" یه‌كێك له گه‌وره‌ترین كۆمپانیا توركیهكانهو گرێبه‌ستێكی كردووه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ دروستكردنی باڵه‌خانه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له قودس به بڕی 21 ملیۆن دۆلار، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا مه‌به‌ستی نه‌بێت ئه‌م گرێبه‌سته ناكات، ده‌یان كۆمپانیای زه‌به‌لاحی توركی هێشتا له ئه‌مریكا وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، ئاڵوگۆڕه بازرگانیه‌كان نه‌وه‌ستاون به‌ڵكو باجی خراوه‌ته سه‌ر، توركیا چه‌ند په‌رۆشه بۆ دروستكردنی مه‌رجه‌عیه‌تی دینی سوننی له ناوچه‌كه، ئه‌وه‌نده‌ش حه‌زی به كرانه‌وه‌و وه‌به‌رهێنان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئهمریكاو به‌رده‌وامیشه له‌سه‌ری، ئه‌مه جگه له بیزنسی نه‌وت و كانزا له سوریا‌و عێراق له رێگه‌ی داعشه‌وه، بۆیه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دووره له راستیه‌وه شتێك هه‌بێت به‌ناوی شه‌ڕی ئهمریكاو توركیا، ئه‌وه‌ی هه‌یه شه‌ڕ نییه به‌ڵكو سیاغهكردنهوهو فۆرمهڵهكردنهوهی په‌یوه‌ندیه بازرگانی و سیاسیه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌یه، به‌كارهێنانی توركیایه بۆ ئه‌وه‌ی به باشترین شێوه رۆڵی پۆلیسی باشتر له‌ناوچه‌كه ببینێت و خزمه‌ت به ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا بكات، ئه‌گینا ئه‌مه‌ریكا بیه‌وێت سزای توركیا بدات و بیخاته ناو بۆته‌ی ئابڵوقه‌ی ئابووریه‌وه به قه‌شه‌یه‌ك نایكات، به یه‌ك ده‌ورانی فرۆكه‌ی زیره‌ك و به هه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ربازیی ده‌یكات، یان ئه‌مه‌ركا مه‌به‌ستی بوایه ئه‌وكاته ده‌یكرد كه توركیا به هه‌موو هێزی خۆی لهشكركێشیكرد بۆ سه‌ر جه‌رابلوس و منبج و عه‌فرینی داگیركرد و ره‌شه‌كوژی كرد‌و هه‌موو دنیا باسی تاوان و جینۆساید‌و مافی مرۆڤیان دهكردو ئه‌مریكاش ورته‌ی لێوه نه‌هات، ئاخر له‌شكركێشی تورك و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئه‌م وڵاته بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوری خۆی زۆر له "كوه‌یت" گه‌وره‌تره، كه ئه‌مریكا عێراقی پێ گۆڕی و كردیه فاكته‌ری سیاسی و مۆتیڤی گورزی ئاسمانی و دنیای بۆ تێگه‌یاند، ئه‌مریكا بۆچی هه‌مان كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی نییه پاش ئه‌و هه‌موو له‌شكركێشی و سنوربه‌زاندن و داڵده‌دانه‌ی رێكخراوه توندئاژۆكانی وه‌ك به‌ره‌ی نوسره‌و داعش و كردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌و شوێنی حه‌وانه‌وه بۆیان، كه‌واته گه‌مه‌كه دیاره بۆ شوێن و جێگای تره‌و توركیا‌و ئه‌مریكا له‌ناو گرێبه‌ستێكی سه‌ربازی ستراتیجی دورمه‌ودا وه‌ستاون.
توركیا به‌ڵێ خۆی كێشه‌ی هه‌یه‌و كێشه‌ی قوڵ، قه‌رزێكی زۆری بانكه جیهانیه‌كان و هه‌ڵاوسانی ئابوری و داڕمانی لیره‌ی توركی، كێشه‌ی ناوخۆیی و په‌كه‌كه‌و گویله‌ن و ئازادی سیاسی و پرسی ئۆپۆزسیۆن كه وه‌ك مۆته‌كه‌و كابوسی به‌رده‌م ئه‌ردوغان ده‌ناسرێت، گرتنی هه‌زاران ئازادیخواز‌و چالاكوانی سیاسی، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن توركیا به‌ره‌و مه‌ترسی راسته‌قینه ده‌به‌ن و به ئاسانی ئه‌مریكا ده‌توانێت له رێگه‌یه‌وه ده‌ستكاری دۆخی توركیای پێ بكات، وه‌ك چۆن كاتی خۆی تۆركۆت ئۆزال و چیلهرو بایكاڵ و دواتر بڵند ئه‌جه‌ویدی گۆڕی و عه‌بدوڵا ئۆچ ئالانی بۆ هێنان و ئینجا رێگای خۆشكرد بۆ ئه‌م تایپه له سه‌عاده‌ت و ره‌فاهی ئیسلامی و داد‌و گه‌شه‌پێدان، به‌كورتی ده‌ستكاری جومگه‌ی سیاسی توركیا بۆ ئه‌مریكا ئه‌وه‌نده كارێكی قورس نییه وه‌ك ئێران، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ئێران بگۆڕێت له رێگای توركیا‌و دراوسێكانی ئێرانه‌وه.
به‌دیوه‌كه‌ی تردا ئه‌ردوغان ده‌یه‌وێت رزگاركه‌ری ئه‌م دۆخه‌ی توركیا له ده‌ستی خۆی بمێنێته‌وه‌و بیسه‌لمێنێت هیچ ده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌كی وه‌ك په‌رله‌مان رۆڵی نیه‌و نه‌ماوه، خۆی به‌ده‌ستی خۆی شانی دایه به‌ر ئه‌م ئه‌ركه قورسه، ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌جددی شه‌ڕی ئه‌مریكا بێت دژی توركیا، نه به ئه‌میری قه‌ته‌رو فه‌توای شێخه‌كان چاك ده‌كرێته‌وه و نه به ختوكه‌دانی جیهانی ئیسلامی و سۆزی سوننه‌ی عه‌ره‌بی كه ناوه ناوه پشتگیری خۆیان ده‌خه‌نه روو بۆی.
توركه‌كان باش ده‌زانن راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و باڵانسه كه‌وتوه به پاشه‌كشه‌و سازشی گه‌وره ده‌كرێت له‌لایه‌ن خودی ئه‌ردوغانه‌وه، یان به ته‌سلیم بوون به‌و واقیعه تازه‌یه‌ی كه ئهمریكاو جیهانی رۆژئاوا خوازیارن بێته‌دی، به‌ڵام ئه‌ردوغان بۆ ئه‌وه‌ی توشی ئیحراجی و شكستی رۆحی نه‌بێته‌وه دێت به‌م سیناریۆو شانۆیانه كاره‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات و سازشهكه له‌دواجاردا ده‌كات به‌ڵام به ده‌ستكه‌وته‌وه، سازشی گه‌وره‌ی توركیا بۆ ئه‌مریكا ده‌بێت له‌م ره‌هه‌ندانه‌وه بێت، ده‌ستهه‌ڵگرتنی توركیا له ئاژاوه نانه‌وه له وڵاتانی وه‌ك سوریا‌و عێراق و فه‌له‌ستین و تاراده‌یه‌ك ئه‌مه هه‌ستی پێ ده‌كرێت، ماڵئاوایی توركیا له كه‌مپی روسیا‌و ئێران، ده‌ستوه‌رنه‌دان له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ترامپ و سیاسه‌تی ئێستای كۆشكی سپی، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت توركیا له‌وه زیاتر نه‌بێته سه‌رئێشه بۆ ده‌وروبه‌رو ناشیه‌وێت له‌وه زیاتر گه‌وره‌بێت و باڵه‌كانی بكاته‌وه به‌رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا به‌بێ گڵۆپی سه‌وزی خۆی، به كورتی ئه‌مریكا توركیایه‌كی ده‌وێت له‌ژێر ستراتیجیه‌تی خۆیدا بێت و بچێت و چیتر هه‌ڕه‌شه نه‌بێت بۆ وڵاتانی وه‌ك عه‌ره‌بستانی سعودی و ئیسرائیل و ئه‌وه‌نده‌ش دۆستی ئێران و روسیا نه‌بێت، به‌مانایه‌كی تر توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌هێشتن و لابردنی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجه‌رلیك نه‌كات وه‌ك هه‌ره‌شه به‌كاربهێنێت، به‌ڵكو توركیا هه‌مووی ئه‌نجه‌رلیك بێت بۆ ئه‌مریكا.