لە ناو ئەم ئاگربارانە کورد چی بکات؟

Kurd24

وەکو دیارە ناوچەکە ئەمجارەش ژانی لە دایکبوونی بارودۆخێکی نوێی گرتووە، بەڵام پێناچێت ئەمجارەش لە بەرژەوەندی کورد بشکێتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەگوزەرێ و بەپێی درووشمەکانی خەڵکە ناڕازییەکەی بەغدا و باشووربێ، دیارە تێگەیشتنێکی باشیان بۆ مەسەلەی کورد لە عیراقدا نییە، نەك هەر ئەمە، بەڵکو گەلێکیان هەرێمی کوردستان بەزیادە و سەرچاوەی نەهامەتییەکانی خۆیان دەزانن، بۆیە پێموایە بەسەرکەوتنی ئەمانە کێشەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا قوڵتر دەبنەوە.

جگەلەمەش بە سەرکەوتنیان بەسەر ئەو چینە سیاسییەی ئێستای حوکمڕان، عێراق نابێتە وڵاتێکی دیموکراتی و مەدەنی، ئەو درووشمانەی رۆژانە خەڵکە راپڕیوەکەی دەیڵێنەوە و گوێمان لێ دەبێ، هەر هەمان کولتوور و ئاوازی پێشووە، بە گۆڕانێکی کەم و ناچارییەوە، وەک "بالروح و بالدم"ی سەردەمی بەعسییەکان، هەر بەردەوامە، تەنها ناوی سەددامیان لێ کردووه‌تەوە، ئەمەشیان رەنگە هەر لە ترسان بێ، بۆیە بەم کولتوورە دەوڵەتی مەدەنی دانامەزرێ و هیچ ماف و ئازادییه‌کیش لە رێی خوێنەوە بەدەست ناهێت، ئەوەی بەخوێن بەدەست بهێنی هەر بەخوێنیش لە دەستی دەدەی ئەمڕۆنا سبەی. لەگەڵ ئەوەشدا مافی خەڵکە خەبات بکەن بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان.

ئەو شۆڕشەی عێراق یەك شتی گرنگی سەلماند، ئەویش ئەوەیە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق کە خۆی لە حکوومەت و پەرلەماندا دەنوێنێت، هیچ ترووسکاییەکی دیموکراتی تێدا نییە و پێناچێت ئەمانە بەهەڵبژاردنی دەنگی خەڵك هاتبن، چونکە هەر وڵاتێك پەرلەمانی هەڵبژێردراوی هەبێ، نابێ بەم شێوازە مامه‌ڵە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی خەڵك بکات، ئەگەر راست بێ ئەوان نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵك بن پێویست بوو دوای نەگەیشتنە چارەسەر، یەکسەر خۆیان هەڵوەشاندباوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان بکردایە و خەڵکیان نقومی گۆمی خوێن نەکردبایە.

لە بەریتانیا لەماوەی ئەم خولەی پەرلەماندا، ئەمە سێیەمجارە هەڵبژاردنی تێدا بکرێ، هەر حکوومەت و پەرلەمانێك نەیانتوانی لەگەڵ خەڵکی ناڕازی بگەنە ئەنجامێك خۆیان حەل دەکەن و وڵات دووچاری گێژاوی نادیار ناکەن.

ئەوەی کورد پێویستە چی بکات لە عێراق، ئەوەیە نابێت وا تێبگا بە دوورەپەرێزی و بێلایەنی دەتوانێت خۆی لە کێشەکانی عێراق رزگار بکات، بەپێچەوانەوە هەموو کێشەکانی عێراق دواجار زیانیان بۆ ئێمە هەیە، مادام ئێمە بەشێکین لە عێراق، پێویستە رۆڵی گرنگیش لە عێراق ببینین، هەرچەندە تاکو ئێستا هەڵوێستی سیاسی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی ئیجابیانەی هەیە و توانیویەتی تا رادەیەکیی باش هاوسەنگی لەنێوان داخوازییەکانی خۆپیشاندەران و بڕیارەکانی حکوومەت بۆ چاکسازی راگرێ.

بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لەکۆبوونەوەکانی لایەنە سیاسییەکانی عیراقی و کۆکردنەوەیان بۆ گفتوگۆ لە بارەی چارەسەر بۆ دۆخی ئێستای عێراق، هونگاوی ئێجگار پڕبایەخن، هەروەها ناردنی شاندی باڵا لەسەرەتای گرفتەکان لەلایەن سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و پێشنیازکردنی کۆمەڵێك چارەسەر بۆ قەیرانەکان زۆر گرنگ بوون، چونکە هەمیشە کۆمەڵێك لە ناوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق گلەیی و رەخنەی ئەوەیان لە هەرێم و لایەنە سیاسییەکانی هەبوو کە هەمیشە لە دوورەوە سەیری کێشەکانی عێراق دەکەن، رەنگە لەمەشدا تارادەیەک هەق بن، هەرچەندە دۆخی عێراق ئاڵۆزە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەگەر نەڵێم ئەستەمە ئەوا زۆر زەحمەتە، بەڵام بە خۆدوورگرتن و بێلایەنبوونمان لە کێشەکان چارەسەر نییە.

چارەسەربوونی دۆزی کورد لە هەموو پارچەکانی دیكه‌ی کوردستان پەیوەستە بە دۆخی هاتنەئارای کەشێکی دیموکراسی بەبێ بوونی ناوەندی دیوکراسی لەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژی چارەسەر ئەستەمە، بۆیە بەرلەوەی کورد خەباتی نەتەوەیی بکات، پێویستە لەگەڵ هەموو ئەو هێزو لایەنە دیموکراتی و مەدەنییانەی لەناو ئەو وڵاتانە خەبات بۆ دیموکراتی دەکەن هەماهەنگ و هاو خەبات بن، بۆ سەرکەوتنی هێزە دیموکراتخوازەکان لەو وڵاتانە، چونکە بەدیموکراتی نەبێ هێزە سیاسیەکانی نەتەوەی تورك و فارس و عەرەب، چ حزبە ئایینیەکانیان یان نەتەوەییەکانیان، مافەکانی گەلی کورد ناسەلمێنن.