سه‌رچاوه‌ی ئاڵۆزييه‌كانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین، سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی
به‌شی کۆتایی
له به‌شه‌کانی پێشووی ئه‌م زنجیره‌یه‌دا سه‌ره‌تا باسی ئه‌وه‌مان کرد که ناکرێ سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین پێوه‌ندی بده‌ینه‌وه به کولتور و ئایین و گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تیيه‌کانی چه‌ند سه‌ده‌ی رابردوو به‌ڵكو زۆربه‌ی کێشه‌کان دیارده‌یه‌کی تازه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئاڵوگۆڕه‌کانی دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی که له شه‌ش ته‌وه‌ردا پۆلین کران و پێنج ته‌وه‌ری له پێنج وتاری پێشوودا شی کرانه‌وه:
1.هه‌نارده کردنی لیبرالیزم و ناسیونالیزم و سوسیالیزم له وڵاتانی رۆژئاوایيه‌وه بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی جیهان.
2.رووخانی نیزامێکی کۆن واته سیستمی خلافه‌ت و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه له سه‌ر بنه‌مایه‌کی هه‌ڵه.
3.دۆزرانه‌وه‌ی نه‌وت که بوو به سه‌رچاوه‌ی قه‌یران و ئاڵۆزی بۆ خه‌ڵکانی ناوچه.
4.دامه‌زرانی ئیسرائیل.
5.گه‌یشتنی شه‌ڕی سارد و ئه‌نجامه‌کانی.
له‌م به‌شه کۆتاییه‌دا ته‌وه‌ری ئاخر لێکده‌ده‌ینه‌وه که بریتیه له سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی و په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی شۆڕشی ئیسلامی و تێرۆریسمی ئیسلامی له رۆژهه‌ڵاتى ناویندا. له وڵاتانی رۆژئاوایی ورده ورده ده‌سه‌ڵاتی ئایین و کڵێسا سنوردار کران و سه‌رچاوه‌ی یاسا دانان و حکومه‌تداری له خوا و نوێنه‌ره‌کانی را راده‌ستی خه‌ڵک و نوێنه‌ره‌کانیان کرا. واته دیموکراسی و سێکۆلاریزم بوو به سیستمی سیاسی وڵاتانی پێشکه‌وتوو و سه‌رکه‌وتنی زیاتری بۆ ئه‌م وڵاتانه به دوای خۆیدا هێنا.
ئه‌م ئه‌زموونه ئه‌وه‌نده سه‌رکه‌وتوو بوو که هیچ که‌س خوازیاری گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ئایینی نه‌بوو. ئایین و كڵێسا له سیاسه‌ت دوور خرانه‌وه و له ناو دڵی باوه‌ڕمه‌ندان و له ناو ژیانی تاکه‌که‌سیاندا و له گۆشه‌ی كڵێسادا جێیان گرت. به‌ڵام ئه‌زموونی سێکۆلاریزم له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو. سه‌یر ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک پێشوازیان کرد له عورفی بوونی ده‌سه‌ڵات و یاسا.
سێکۆلاریزم و مودێرنیته وه‌کوو ته‌واوکه‌ری یه‌کتر هاتنه به‌رچاو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداره‌کان ئه‌زمونێکی شکستخواردوویان له سيکۆلاریزم نیشان دا. چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێشوازیان کرد له هاتنه مه‌یدانی ژنان و خوێندن و کار کردنیان، پیشوازیان کرد له ده‌نگ دان و دامه‌زراندنی پارله‌مان و لێک جیاکرنه‌وه‌ی ده‌ستگاکانی به‌ڕێوبه‌ری و یاسادانان و پێشوازیان کرد له سه‌ربه‌خۆیی دادگاکان، به‌ڵام له هیچکام له وڵاتانی ناوچه‌دا ئه‌م سیستمه نه‌گه‌یشته ديموکراسی.
ئه‌ندیشه‌ی لیبرالیزم له وڵاتانی عه‌ره‌بی له ژێر قورسایی ناسیۆنالیسم و سوسیالیسمدا پشتی شکا. ته‌نانه‌ت به نرخی وازهێنان له لیبرالیزمیش، دیسان ئه‌و دوو بیرۆکه‌یه واته ناسیونالیسمی عه‌ره‌بی و سوسیالیسمی عه‌ره‌بی نه ته‌نیا به هیچکام له ئامانجه‌کانیان نه‌گه‌یشتن به‌ڵكوو بوونه سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و گه‌نده‌ڵی و دیکتاتۆری.
واته ئه‌زموونی وڵاتانی رۆژئاوایی له رۆژهه‌ڵاتى ناوین دووباره نه‌بووه. هۆکاری شکست خواردنه‌که‌شی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ که‌مته‌رخه‌می تاکه‌کان یا پێشوازی نه‌کردنی کۆمه‌ڵگا به‌ڵكوو ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتداران بوون که خه‌ڵکیان به سێکۆلاریزم بێ‌متمانه کرد. له په‌نجاکان و شه‌سته‌کان له هه‌موو زانکۆکانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین کچان و ژنانی خوێندکار ده‌بیندران. له کارگه‌کان و شوێنه پیشه‌سازیيه‌کان مه‌جالی کار کردنیان بۆ ژنان ره‌خسا. سیستمی یاسادانان له ئایین جیا کراوه. ده‌نگه ئیسلامیيه‌کان زۆر لاواز بوون و هیچکات نه‌یانتوانی جه‌ماوه‌ر له خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه. کاتێک له میسر سه‌ید قوتب ئیعدام کرا یا له ئێران خومه‌ینی گیرا و له وڵات دوور خرایه‌وه هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ و ناڕه‌زایه‌تیيه‌کی جه‌ماوه‌ری لێنه‌که‌وته‌وه چون خه‌ڵکانی ئێران و میسر پێیان وابوو وڵاته‌که‌یان له گه‌شه و پێشکه‌وتن دایه، به‌ڵام به داخه‌وه هیچکامیان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.
ده‌کرێ بڵێین له سه‌ره‌تاکانی حه‌فتاکانه‌وه رۆژهه‌ڵاتى ناوین به‌تاڵ بوو له هه‌رچی بیر و ئه‌ندیشه‌یه. ناسیونالیسم، سێکۆلاریزم، سۆسیالیسم، کۆماريخوازی هه‌موو شکستیان هێنا بوو. هه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک که توانیبای جه‌ماوه‌ر له ده‌وری خۆی کۆ بکاته‌وه، ده‌یتوانی جێگای به‌تالی ئه‌م بۆشاییه پر بکاته‌وه. له‌و نێوه‌دا عه‌ره‌بستانی سعودی ده‌سپێشخه‌ری کرد، واته پێش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێران ده‌ستی کرد به ئیسلامگه‌رایی ئه‌ویش به مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆی. له ته‌واوی ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا سعودی زراوی رژابوو له هه‌ر بیرۆکه‌یه‌ک که ده‌هاته رۆژهه‌ڵاتى ناوین. ناسیونالیسمی عه‌ره‌بی به مانای برایه‌تی عه‌ره‌بی بۆ عه‌ره‌بستان به مانای به‌خشینی هێز و پاره‌ی خۆی به باقی براکانی بوو. سوسیالیسمی عه‌ره‌بی به مانای به‌رابه‌ری عه‌ره‌بی رێک به مانای دابه‌ش کردنی سه‌روه‌ت و سامان له نێوان عه‌ره‌به‌کاندا بوو، کۆماری خوازی عه‌ره‌بیش که هه‌ر خه‌ونێکی پرمه‌ترسی بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتداری عه‌شیره‌یی سعودی.
بۆیه به شکست هێنانی ئه‌م بیرۆکانه، خێرا سعودی هه‌وڵی پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ی دا ئه‌ویش له رێگای میسر و ئه‌نوه‌ر ساداته‌وه. هه‌زاران مزگه‌وت به پاره‌ی سعودی له میسر ساز کرا. به‌رنامه‌ی رۆژانه‌ی ئایینی هاته ناو ته‌له‌ڤیزیۆنی میسر، ئه‌ندامانی ئيخوان و لموسلیمین به پێشنیازی سعودیه نه ته‌نیا له زیندان ئازاد کران که رێگایان پێ درا بێنه پارله‌مانیش. ئه‌و کات میسر سه‌نته‌ری جیهانی عه‌ره‌ب بوو، هه‌ر گۆڕانکاریيه‌ک له‌و وڵات، خێرا هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ی ده‌گرته‌وه، سادات هه‌م پێویستی به پاره‌ی سعودی بوو هه‌م ده‌یهه‌ویست ناسریسته‌کان لاواز بکا و فه‌زای سیاسی بۆ ئاشتی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل خۆش بکا. نه‌یده‌زانی ئیسلامیه‌کان ئێستا زیاتر له ناسریسته‌کان دژایه‌تی پرۆسه‌ی ئاشتی ده‌که‌ن. بۆیه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستان بۆ په‌ره پێدان به ئیسلامی سیاسی به دژی پاشماوه‌کانی ناسیونالیسم و سوسیالیسم رێککه‌وتبوون. ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ سه‌رهه‌ڵدانىی دیارده‌ی ئیسلامگه‌رایی حکومه‌تی.
له‌و لاتر ئه‌زمونێکی شکست‌خواردووی سێکۆلاریزم و مۆدیرنیته‌یه‌کی سه‌قه‌ت له ئێران ئیسلامیه‌کانی به هێز کردبوو. ئه‌وکات هێشتا کێشه‌ی سوننه و شیعه‌ش سه‌ریهه‌ڵنه‌دابوو و له فه‌له‌ستین و لوبنان ورده ورده ئیسلامیه‌کان به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی خه‌بات به دژی ئیسرائیلیان له چه‌په‌کان و ناسیونالیسته‌کان وه‌رگرت و بوونه پاڵه‌وانی رزگاری فه‌له‌ستینیش.
خومه‌ینی له نه‌جه‌ف را هاوکات هێرشی ده‌کرده سه‌ر شای ئێران و سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل. زلهێزه‌کان ئاچماز ببوون، ئه‌مه‌ریکا زۆر ده‌ترسا چه‌په‌کان له ئێران به ده‌سه‌ڵات بگه‌ن و سۆڤیه‌تیش له دووباره بوونه‌وه‌ی کوده‌تای ئه‌مه‌ریکی ده‌ترسا بۆیه هه‌ردووکیان پێشوازیان کرد له به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی خومه‌ینی وه‌کوو باشترین 'دوهه‌می مومکین'. واته ئه‌مه‌ریکا ده‌یزانی تازه شای بۆ راناگیرێ و سۆڤیه‌تیش ده‌یزانی حیزبی توده هیچ شانسێکی نیه. پێیان وابوو شه‌ڕی خومه‌ینی که‌متره له باقی بژارده‌کان. ئه‌وه‌ش بوو به سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئیسلامگه‌رایی شۆڕشگێڕی.
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی خێرا ئه‌فغانستان له لایه‌ن سۆڤیه‌ته‌وه داگیر کرا. ئه‌وه له حاڵێکدا بوو که سه‌رکه‌وتنی ئێران ئیسلامیيه‌کانی سه‌رانسه‌ری ناوچه ته‌نانه‌ت له هیند و فیلیپینیشی هاندابوو که شانسی خۆیان بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له سێکۆلاره‌کان و دامه‌زرانی حکومه‌تی ئیسلامی تاقی بکه‌نه‌وه. ئه‌فغانستان مه‌یدانیک بوو بۆ ئه‌وانه‌ی که جارێ مه‌جالی تاقیکاریان له وڵاتی خۆیان نه‌بوو و ده‌یانتوانی بێنه ئه‌و وڵاته خه‌بات بکه‌ن. به‌م شێوه‌یه ئیسلامگه‌رایی چریکیش سه‌ریهه‌ڵدا.
چاره سه‌رنه‌بوونی کێشه‌ی فه‌له‌ستین وایکرد که ئیسلامیيه‌کان وه‌کوو پاڵه‌وانه تازه‌کانی ئه‌م مه‌یدانه روو بکه‌نه جیهاد و تێرۆریسم. دیاره له سه‌رده‌می ناسیونالیسته‌کانیشدا کرده‌ی تێرۆری له لایه‌ن فه‌له‌ستینه‌کانه‌وه ده‌دیترا، به‌ڵام هیچکات سیمای سه‌ره‌کی خه‌بات نه‌بوو. ئیسلامیيه‌کان به تێکهه‌ڵکێش کردنی جیهاد و تێرۆریسم سنووری رۆژهه‌ڵاتى ناوینیان به‌زاند و ته‌واوی جیهانیان به گۆڕه‌پانی تێرۆریسمی خۆیان دانا. واته ویستیان شکستی لۆکا‌ڵی خۆیان له فه‌له‌ستین به تێرۆریسمی گڵۆبال قه‌ره‌بوو بکه‌نه‌وه.
که واته ده‌کرێ بڵێن دوای ناکامی هه‌موو ئیسمه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به خاتری بێ‌عورزه‌یی ده‌سه‌ڵاتداران، له سه‌ره‌تای حه‌فتاکانه‌وه ئیسلامی سیاسی به ته‌واوی هاته مه‌یدان. له پێشدا ئيسلامی حکومه‌تی سعودیه، دواتر ئیسلامی شۆڕشگێڕی له ئێران و ئیسلامی چریکی له ئه‌فغانستان و ئاخره‌که‌ی ئیسلامی تێرۆریستی له فه‌له‌ستین و باقی جیهان.
ئێستا زیاتر له چل ساڵ به سه‌ر به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی ئیسلامی سیاسیش‌دا تێپه‌ر بووه و ئیسلامیسمیش تێکه‌ڵ به باقی ئیسمه دۆڕاوه‌کانی رۆژهه‌ڵاتى ناوین بوو. کرده‌وه‌ی وه‌حشیانه‌ی ئسیلامیيه‌کان دوای شۆڕشی ئێران، دوای ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان و دوای ده‌سه‌ڵاتی داعش، هاوکات له‌گه‌ڵ قووڵ‌بوونه‌وه‌ى ململانێی شیعه و سوننه ته‌واوی جیهانی بێزار کردووه له ئیسلامگه‌رایی.
ئێستا ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و بیرۆکه جوانانه‌ی که به سه‌قه‌تی ئیجرا کران. واته لیبرالیسم و دیمۆکراسی، واته سۆسیالیسم و دادپه‌روه‌ری، واته ناسیونالیسمی دیمۆکراتیک و مرۆڤ ته‌وه‌ر. به‌ڵام له بیر نه‌که‌ین کێشه‌کانمان پێوه‌ندی به ئایین و کولتوره‌وه نیه، به‌ڵكوو دیارده‌یه‌کی تازه‌ی سه‌ت ساڵه‌یه که زلهیزه‌کان و رووداوه‌کانی جیهان له ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتى ناوین به‌رپرسی بوون نه ئه‌وه‌ی که خاکی ئێمه نه‌فرین کراو بێ.
ئێمه‌ش ده‌توانین وه‌کو وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتى دوور له چین و کۆریا و ڤێتنام و کامبوج و … واز له شه‌ڕ و کوشتار بهێنین و بیر له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌مان بکه‌ینه‌وه، به یارمه‌تی ئه‌و هێزانه‌ی که له سه‌رهه‌ڵدانی کێشه‌کانمان ده‌ستی باڵایان هه‌بوو و ئێستا ده‌بێ پشکی خۆیان له ئاوه‌دانکرانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری و ئاسایش بۆ خه‌ڵک به ئه‌ستۆ بگرن.