كێن ئه‌وانه‌ی گون ده‌كڕن؟
مرۆڤایه‌تی پێش ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕه‌كانی، به‌دوای ژیانی خۆش و ئارام‌دا ده‌گه‌رێ، ماوه‌یه‌ك باوبوو، گوایه ئه‌گه‌ر ببیته مه‌سیحی، ده‌تبه‌نه ئه‌وروپا و ژیانێكی خۆش و پاسپۆرت و شناسنامه‌شت ده‌ده‌نێ، به‌م هۆیه‌شه‌وه زۆرترین گه‌نج بوونه مه‌سیحی و دواتر له كه‌مپه‌كاندا كه‌زانییان له پاره و پاسپۆرت خه‌به‌رێك نییه، بوونه‌وه به موسوڵمان!
ئه‌وجا ڕێژه‌ی ئه‌و كوردانه‌ی له ئه‌وروپا به كه‌ركووكی خۆیان دایه قه‌ڵه‌م، له‌و كوردانه زۆرتره كه ئێستا له كه‌ركووكن، ئه‌وانه‌ی به ئێزیدی خۆیان دایه قه‌ڵه‌م، له‌وانه‌ی شێخان و شه‌نگال زۆرترن!
تا ئێستاش ئه‌و پرسیاره له قه‌شه و كه‌نیسه‌كان ده‌كرێ، ئایا ببیته مه‌سیحی پاره و پاسپۆرتت ده‌ده‌نێ؟ ئه‌وروپایه‌ك كه سه‌دان ساڵه حوكمی كه‌نیسه‌ی جێ هێشتووه، بۆچی پاره له ڕیته‌ڵه‌یه‌كی برسی و گه‌وجی وه‌ك ئێمه‌دا سه‌رف بكات له پێی ئه‌وه‌ی ده‌چینه سه‌ر دینه‌كه‌یان؟
له‌م ڕۆژانه‌دا گه‌نجێك ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و ده‌یویست بزانێت ئه‌و هه‌واڵه تا چه‌ند ڕاسته كه (گون) پاره ده‌كات؟، سه‌ره‌تا وامزانی (گوند) ده‌ڵێت، دواتر ڕوونیكرده‌وه كه له فه‌یسبووك هه‌واڵی ئه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه كه هه‌ر گونێكی مرۆڤ ئه‌وه‌نده پاره ده‌كات، (بڕێكی زۆری وت كه له نێوان حه‌ڤده تا بیست ده‌فته‌ر دۆلار بوو!)، پرسیم بۆچیته؟ كه‌مێك ده‌نگی كز كرده‌وه تا ئاستی چپه و به شه‌رمێكه‌وه وتی: وه‌ڵا ده‌مه‌وێت گونێكم بفرۆشم "كاكه به‌خوا كارم نییه و قه‌رزارم و ئه‌مه ژیان نییه و هتد"، ئیتر زۆر به كزۆڵه‌یی و ئا به‌م ناڕه‌زایه‌تییانه ده‌ستی كرد به شه‌رعییه‌تدان به گون فرۆشییه‌كه‌ی!
زۆریش سوێند و كه‌لامی له‌سه‌ر ئه‌وه خوارد كه شتی وا هه‌یه و كراوه و ئه‌م هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ره‌داوێكی ده‌ست بكه‌وێ و پێشه‌كیش ته‌واوی پاره‌كه یان نیوه‌ی پێ بده‌ن، ئاماده‌یه تاكێك له گونه‌كانی خۆی به‌و پاره‌یه بفرۆشێت. وتیشی "خۆم و ده هاوڕێی تریشم بڕیارمان داوه تاكێك له گونه‌كانمان بفرۆشین و به دوای ئه‌وه‌وه‌ین شوێنه‌كه بدۆزینه‌وه، خه‌ڵكی تریش زۆره كه بیفرۆشن، به‌س ده‌زگای زانیاری و پاراستن ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیر ده‌كه‌ن، بۆیه ناوێرین له هه‌موو كه‌سێك بپرسین".
سه‌یر بوو لام، گه‌نجێك كه ئه‌گه‌ر خۆی ببه‌یته مه‌یدانی ئاژه‌ڵان، نرخی كاوڕێكی نه‌بێت، ئیتر چۆن تاكێك له گونی ١٧ ده‌فته‌ر دۆلار ده‌كات؟ كێ ئه‌مه ده‌كڕێت و بۆ چییه‌تی؟ زۆر به یه‌قینه‌وه وتی"كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی له هه‌ولێرن و به دزییه‌وه ئه‌م كاره ده‌كه‌ن!". ده‌ی ئاخر ئێمه ئه‌قڵمان كه حه‌یاتیترین پارچه‌ی مرۆییمانه، له هیچ مه‌زادخانه‌یه‌كی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكادا پاره ناكات، ئیتر گونمان چۆن پاره ده‌كات و بۆچییانه؟
جا بۆنا؟ كێ ناڵێت عه‌قیمسازی یان خه‌ساندن له‌م وڵاته‌دا ناكرێ و پاره‌ی باشیشی بۆ ته‌رخان نه‌كراوه؟ سه‌ره‌تا باسه‌كه‌م به‌لاوه كۆمیدی بوو، دواتر هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كم كرد و ترسام، به‌خۆمم وت تۆ بڵێی پاره بكات؟ یه‌كسه‌ر زه‌ڕب و ته‌قسیمێكم كرد، ئێمه له باشوور نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن كه‌سین، واداینێین نیوه‌مان ئافره‌ته، كه‌واته سێ ملیۆن گوندارمان هه‌یه و خاوه‌نی شه‌ش ملیۆن گونین، بۆ هه‌ر گونێك به‌قه‌ولی ئه‌و گه‌نجه وتمان ١٧ ده‌فته‌ر دۆلار ده‌ده‌ن، له ئه‌نجامه‌كه‌ی تۆقیم، جا خۆ بێت و ئه‌و پاره‌یه بكات، تێكڕای گونی هه‌موومان به چوار ملیار دۆلارێك ده‌كڕدرێت، ئێ باشه ئێران و توركیا بۆ ئه‌و پاره‌یه ته‌رخان ناكه‌ن و به ساڵێك تۆم و توخماتمان بسڕنه‌وه؟ ئیتر ئه‌م هه‌موو پاره‌یه بۆچی له جه‌یش و جاشدا سه‌رف ده‌كه‌ن؟ ئه‌وجا كێ ناڵێت ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته نییه؟
ته‌له‌فۆنم بۆ به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم كرد و نه‌مزانی له‌كوێوه پرسیاره‌كه‌م بكه‌م، نیوه‌یم وت و خۆی تێگه‌یشت، من له‌وه‌ی كه به‌دوای نهێنییه زانستیه‌كه‌یه‌وه‌بم و بزانم كه ئیمكانی گون چاندن و گون فرۆشی هه‌یه، له‌دووی ئه‌وه بووم تا بزانم ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌ی گونفرۆشی هه‌بێت، ئه‌وان چی ده‌كه‌ن؟ وتی: شتی وا ئیمكانی نییه و نه‌كراوه و ناشكرێت، ئه‌گه‌ریش بكرێت، ئه‌وه بازرگانییه به مرۆڤه‌وه و به قورسترین مادده‌ی یاسایی سزایان ده‌ده‌ین، وتیشی حه‌تمه‌ن به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین!
هه‌مان پرسیارم له دكتۆر باساك به‌رزنجی سه‌رۆكی سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان كرد، لای سه‌یر و نامۆ بوو، به‌ڵام ئه‌ویش هیچ شتێكی سه‌رنجڕاكێشی نه‌دا، ته‌نیا هه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ی لا كۆمیدی بوو! به‌ڵام لای من ڕه‌نگه هێنده‌ش كۆمیدی نه‌بێت، له نێو ئه‌م بازاڕه شلۆقه‌ی سه‌رمایه‌داریدا، كه له هه‌ر خوله‌كێكدا ئه‌شێت ڤێرژنی شتێك دابه‌زێ و هی سه‌د شت به‌رز بێته‌وه، چۆن وا بكه‌ین زوو ده‌وڵه‌مه‌ند بین؟!
مرۆڤ یان خۆی به شێوه‌ی چێژی كاتی و ده‌ستكه‌وتی باش، وه‌ك سۆزانییه‌كان ده‌فرۆشێت، یان به ته‌واوه‌تی وهه‌ر له گرێژنه‌وه وه‌ك جاشه‌كانی ئه‌وسا و ئێستا خۆی ده‌فرۆشێت، یانژی پارچه‌یه‌ك له جه‌سته‌ی خۆی له ناچاریدا بۆ نان و مان، ده‌فرۆشێت!
پسپۆڕانی پزیشكی پێیان وایه مرۆڤ هیچ پارچه‌یه‌كی زیاده‌ی نییه كه بیبه‌خشێ و خۆی پێویستییه‌كی پێی نه‌بێت، پێشیان وایه مرۆڤ هیچ ئۆرگانێكی سه‌ره‌كی و حه‌یاتیی زیاده‌ی نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی و به نرخه، ته‌نیا بۆخۆی به‌های هه‌یه، له‌وانه دڵی مرۆڤ یان مێشكی، گه‌ر نرخیشیان ده‌یان ملیۆن دۆلار بێت، ناتوانێت بیفرۆشێت و خۆیشی زیندوو بمێنێت، ئه‌وه‌ی زۆر باوه گورچیله‌یه، به‌ڵام گون فرۆشی دۆخێكی جیاوازه، ئێمه كه خه‌ڵكی وه‌هامان هه‌یه له فرۆشتنی یه‌ك شار سڵ ناكاته‌وه، ئه‌دی ئه‌گه‌ر هه‌واڵه‌كه ڕاست بێت و گون پاره‌ی كرد، ئه‌وه‌ی خۆی نا، به‌س چۆن دڵنیا بین ئه‌وه‌ی ئێمه نافرۆشێت؟ ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌یه و ڕاستییه، گون فرۆشه‌كان دیارن، به‌ڵام گون كڕه‌كان كوان؟!