بۆ ئه‌وه‌ى نه‌گه‌ڕێینه‌وه خاڵى سه‌ره‌تا
ئەو بوودجه‌یەی له رێى فرۆشتنى نه‌وت و داهاتى ناوخۆیی ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، نه‌ك ته‌نیا به‌شى پڕكردنه‌وه‌ى هه‌موو پێداویستییه ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان ناكات، به‌ڵكوو ئه‌گه‌ر چاكسازییه‌كى بنه‌ڕه‌تى له سیاسه‌تى ئابوورى و وه‌به‌رهێنان و بازاڕى له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، به دوور نازانرێت بمانگه‌ڕێنێته‌وه هه‌مان خاڵى ده‌ستپێكى قه‌یرانى دارایی، كه به هۆى بڕینى بوودجه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق، رووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بووه‌وه، یان رەنگە دۆخه‌كه سەر بکێشێت بۆ قۆناغێكى زۆر خراپتریش.
ئه‌وه ره‌شبینى نییه، تێگه‌یشتنێكى واقیعییه له سیاسه‌تى ئابوورى ئێستا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى خۆشحاڵییه، له دووتوێى كارنامه‌ى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكوومه‌تى هه‌رێم، زۆر خاڵى جددى و مایه‌ى دڵخۆشیمان بینین، هه‌روه‌ك له سه‌ر ئاستى ئابوورى و داراییدا، جه‌خت له فره چه‌شنى و فره ره‌هه‌ندى سه‌رچاوه‌كانى داهات كراوه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری و راكێشانی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی، له‌و كه‌رته جیاوازانه.
ئه‌گه‌ر كار به‌و كارنامه‌یه بكرێ و حكوومه‌ت جددى بێت له دۆزینه‌وه و فراوانكردنى سه‌رچاوه‌كانى داهات و ته‌نیا پشت به فرۆشتنى نه‌وت و غاز نه‌به‌ستێت، ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نییه له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا، ئه‌و قۆناغه سه‌خته ده‌رباز بكات و بناغه‌یه‌كى تۆكمه‌ش بۆ ئابوورییه‌كى به‌هێز و دوور مه‌ودا دابڕێژێت.
لایه‌نێكى تر‌ى ئومێدبه‌خش، وه‌ك ئه‌وه‌ى له كارنامه‌ى حكوومه‌ت بینیمان، پلانی چاكسازییه له كه‌رتى وه‌زیفه‌ى گشتى و كه‌رته‌كانى خۆراك و ده‌رمان. ئاماده‌كردنه‌وه‌ى پڕۆژه یاساى چاكسازى و رێگریكردن له قۆرخكاریى بازاڕ و چه‌سپاندنى شه‌فافیه‌ت له بواره داراییه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ى سیسته‌مى باج و ده‌رامه‌ته گشتییه‌كان، هه‌موویان پێكه‌وه یارمه‌تیده‌ر و راسته‌ڕێگاى چاره‌سه‌رى و بناغه‌یه‌كى پته‌و ده‌بن، بۆ ئابوورییه‌كى به‌هێز له هه‌رێمى كوردستاندا.
پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا هه‌رێمى كوردستان له توانایدا هه‌یه، دۆخى ئابوورى ئێستا، به بارودۆخێكى باشتر بگۆڕێت؟ ده‌توانین وه‌ڵامه‌كه‌مان (به‌ڵێ) بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بوونى سه‌رچاوه‌ى سرووشتى جیاواز، هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافیی كوردستان، تا ئاستێكى زۆر له باره بۆ وه‌به‌رهێنانى گه‌شتیاریى و په‌ره‌پێدانى كشتوكاڵ و كه‌رتى پیشه‌سازیى.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له رێى نه‌وت به‌ده‌ست دێت، له سبه‌یه‌كى دووردا، كۆتاییدێت، بۆیه دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى دیكه‌ى داھاتی فره‌چه‌شن، هه‌م بۆ ئه‌مڕۆ، وه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهاتى ناوخۆیى، هه‌م بۆ داهاتوویه‌كى دوور، ده‌بێته داڕێژه‌رى ژێرخانێكى پته‌وى ئابوورى. نابێ هه‌نووكه ئه‌وه‌ى به‌ده‌ست دێت، ته‌نیا له پرۆسه‌ى به‌كاربردندا خه‌رج بكرێت، گرتنه‌به‌رى سیاسه‌تێكى زیره‌كانه و راگرتنى هاوسه‌نگى له نێوان به‌كاربردن و وه‌به‌رهێناندا، له زۆر كێشه‌ى ئابوورى ده‌ربازمان ده‌كا و ده‌مانكاته خاوه‌نى ئابووریه‌كى به‌رده‌وام.
ئه‌و وڵاتانه‌ى ته‌نیا پشت به یه‌ك سه‌رچاوه‌ى داهات ده‌به‌ستن و سه‌رچاوه‌كانى دیكه فه‌رامۆش ده‌كه‌ن، چاره‌نووسێكى باش چاوه‌ڕێیان ناكات، به پێچه‌وانه‌وه وڵاتانى خاوه‌ن فره داهات، پشت ئه‌ستوور ده‌بن به ئابوورییه‌كى به‌هێز.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له ئه‌زموونى وڵاتان فێربین و خۆمان به واقیعحاڵى وێران و سه‌ختییه‌كانى رابردوو و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌ى ئێستاى ئه‌وان، بچووێنین و به‌راورد بكه‌ین، ده‌كرێ گه‌یشتنى ئێمه‌ش به‌و رۆژه، هێنده دژوار نه‌بێت.
تایوان، وڵاتێكى نه‌وتى نییه، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى سرووشتیشى نییه، كه‌چى ئابوورییه‌كه‌ى ئه‌وه‌نده به‌هێزه، بۆته خاوه‌نى یه‌ك له‌سه‌ر چوارى یه‌ده‌گى دارایى جیهان. ئه‌و وڵاته، كه بۆ خۆى دوورگه‌یه‌كه، له رێگه‌ى زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و په‌روه‌رده و بیناكردنى كه‌سایه‌تییه‌كى لێزان و لێهاتوو، تواناى خۆى گه‌یاندۆته ئاستێكى باڵا و سه‌رنجڕاكێش.
فینلاند، وێڕاى هه‌ژارى له سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان و ناله‌بارى كه‌شوهه‌واكه‌ى، كه‌چى به‌هۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى و وه‌به‌رهێنانى به‌رده‌وام له زانست و مه‌عریفه و فێربوون و كولتوور، ئاستى ژیانى دانیشتوانى له لووتكه‌ى پێشكه‌وتن دایه و بۆته پێشه‌نگى جیهان.
كۆریاى باشوور، له دواى ساڵى 1970 به هۆى په‌یڕه‌وكردنى سیاسه‌تێكى ژیرانه‌ى ئابوورى و پشت به‌ستن به سه‌رچاوه‌ى داهاتى جیاواز، له وڵاتێكى هه‌ژاره‌وه، بۆته هێزێكى گه‌وره‌ى ئابوورى جیهانى و به وڵاتى ئه‌فسانه‌ى ئابوورى هاوچه‌رخ ناسراوه.
ژاپۆن، به هێزى عه‌قڵ و كار و بازدان به‌سه‌ر برسییه‌تى و داروپه‌ردوو و خۆڵه‌مێشى دواى جه‌نگێكى سه‌خت و خوێناوى و به دروشمى (كاركردن تا مردن) گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتى زانستى و ته‌كنه‌لۆژیی به مرۆڤایه‌تى به‌خشی و وه‌ك وڵاتێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى ئابووریى، گه‌یشتۆته ئەو پێشکەوتنەی ئه‌مڕۆ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى مالیزیا، خاوه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌وتۆى سرووشتی نییه، به‌ڵام له‌و سى ساڵه‌ى رابردوودا، به گرتنه‌به‌رى سیاسه‌تێكى نوێى ئابوورى و بایه‌خدان به سه‌رچاوه‌ى داهاتی جیاواز، به تایبه‌ت پیشه‌سازى ناوخۆیى و گه‌شتوگوزار و كشتوكاڵ، ئابوورییە‌كه‌ى گه‌شه‌یه‌كى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه بینى و بووه یه‌كێك له وڵاته به‌رهه‌مهێن و پێشكه‌وتووه‌كانى جیهان.
سه‌نگاپووره، وه‌ك مالیزیا سه‌رچاوه‌ى سرووشتی زۆرى نییه، به‌ڵام به هۆى به‌رزكردنه‌وه‌ى لێهاتوویى و توانایى مرۆیى و زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ى جیاواز، ژیانى خه‌ڵكه‌كه‌ى گه‌یانده ئاستێكى به‌رز.
غانا، یه‌كێكه له وڵاته هه‌ژاره‌كانى جیهانى سێیه‌م، كه‌وتۆته رۆژئاواى ئه‌فریقیا، سێ چوار ساڵه به‌هۆى چاكسازیى له ئابوورى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و په‌یڕه‌وكردنى فۆڕمێكى نوێى ئابوورى، كێرڤى به‌رهه‌م و داهاتى به شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو هه‌ڵكشاوه، ساڵى 2016 گه‌شه‌ى ئابوورى 3,6% بوو، ساڵى 2017 گه‌یشته 7,9% و ساڵى 2018 گه‌یشته 8,3%، كه ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كى زۆر باشى گه‌شه‌كردنه له سه‌ر ئاستى جیهان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى غانا، هێشتا له قۆناغى كورتهێنانى بوودجه دایه، به‌ڵام گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورییه‌كه‌ى به‌و خێراییه، نموونه‌یه‌كى به‌رچاوه له‌و قۆناغه‌دا. ئه‌وه‌ش راسته، غانا وڵاتێكى نه‌وتییه، به‌ڵام كارى بۆ ئه‌وه كردووه، نه‌وت بخاته خزمه‌ت بنیاتنانه‌وه‌ى وڵات و دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى گرنگ و ستراتیژى بۆ دواڕۆژى وڵاته‌كه و هێنانه پێشه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى تر‌ى ئابوورى. به تایبه‌ت له رێى زیادكردنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان به‌گشتى و كاكاو، به تایبه‌تى.
هه‌ر له‌و ئه‌فریقیایه، رواندا، دواى ئه‌و هه‌موو كوشت و كوشتار و ململانێ خوێناوییه ناوخۆییه، له ده پازده ساڵى رابردوو، ده‌ستى كرد به چاكسازییه‌كى سیاسى و ئابووریى ریشه‌یى. به ئیراده و كارى مه‌زن خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته قۆناغى هه‌ژارییان ده‌رباز كرد و به هۆى پێشكه‌وتنى به‌رچاو له كه‌رتى كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار و پیشه‌سازیى بچووك و ته‌كنه‌لۆژیا، وه‌ك ده‌گوترێت بۆته سنگاپووره‌ى كیشوه‌رى ره‌ش. له ماوه‌ى كه‌متر له پازده ساڵدا، داهاتى ئابوورى ئه‌و وڵاته، ده به‌رانبه‌ر زیادى كردووه و گه‌شه‌ى ساڵانه‌ى ئابوورى گه‌یشتۆته 7,8%، به هۆى ئه‌و بینین و دیده‌ى وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ى ئابوورى و سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردن له‌و وڵاته هه‌یه، چاوه‌ڕوانى زۆر زیاترى به ئاراسته‌ى گه‌شه‌پێدان لێده‌كرێت.
به كورتى، ئه‌و وڵاتانه‌ى پشت به یه‌ك جۆر داهات، یان ته‌نیا داهاتى سه‌رچاوه سرووشتییه‌كان ده‌به‌ستن، ناتوانن بكه‌ونه نێو كێبركێیه‌كى فراوانى به‌رهه‌مى ناوخۆیى، له سه‌ر ئاستى لێھاتوویی و تواناى مرۆیش، چونكه تاكه‌كان چاویان له داهاتى ئاسان و بێ كێبركێ و ماندووبوونه، رووبه‌ڕووى ته‌مبه‌ڵى ده‌بنه‌وه و تواناى گه‌ڕان به دواى داهێنان و چوونه پێشه‌وه‌ى خێرا، له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. ئیتر دونیابینى فراوان و سیاسه‌تێكى ژیرانه، زۆر شت ده‌گۆڕێ و گه‌یشتنیش به دونیایه‌كى زۆر باش، مه‌حاڵ نییه.