خه‌لافه‌ته خه‌یاڵییه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لی...
سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان پێیان وایه ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرن، له قورئان و سوونه‌ت تێنه‌گه‌شتوون، ئیخوانه ڕادیكاڵییه‌كان كاتێك ڕه‌خنه‌یان لێ بگیرێت، ده‌ڵێن ئێوه له قورئان و سوونه‌ت تێنه‌گه‌شتوون، داعش و بۆكۆ حه‌رام و ئه‌بوو سه‌یاف و جه‌ماعه ئیسلامییه و هه‌موو گروپ و ده‌سته و تاقمه جیهادییه‌كانی دونیا، ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یان لێ بگریت، به تێنه‌گه‌شتوو له ئیسلام و قورئان و په‌یامه ئاینییه‌كان ناوت ده‌به‌ن، ئه‌وان قه‌ت ناڵێن ئێمه هه‌ڵه و ساقت و نه‌فامین، به‌ڵكو تۆ وا نیشان ده‌ده‌ن كه له قورئان تێناگه‌ی، ئیدی لێره‌وه شه‌ڕی تۆ له‌بری ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داعش بێت، له‌گه‌ڵ قورئان ده‌بێت!
ده‌قیقه‌ن ئه‌م تێگه‌شتنه جیهادییه، بۆ دونیای سیكۆلاریزه‌یژنی سلێمانی و بازاڕه ئه‌ده‌بی-سیاسییه‌كه‌ی بگوازه‌ره‌وه، له‌وێ ڕه‌خنه له هه‌ر سه‌ركرده و مه‌سول و مودیرێكیان بگریت، ده‌ڵێن سوكایه‌تی به سلێمانی ده‌كات، ڕه‌خنه له به‌رهه‌می هه‌ر نووسه‌رێك بگریت، پێیان وایه لێی تێنه‌گه‌شتوویت، ڕه‌خنه‌ی فڵانه كتێبی به‌ختیار عه‌لی بكه، نه‌خێر تۆ لێی تێنه‌گه‌شتووی! مه‌ریوانی وریا قانع ئه‌و دیده‌ی خراپه، نه‌خێر تۆ لێی تێناگه‌ی! ئاراس فه‌تاح و فڵان و فیسار كه‌سی تر خراپ كه‌ری سه‌قافه‌ی لۆكه‌ڵیمان لێ ده‌خوڕن، یه‌كسه‌ر تێت به‌رده‌بن و به تێنه‌گه‌شتوو له تێز و تیۆره عه‌زیمه‌كانیان قه‌رزار بارت ده‌كه‌نه‌وه!
ئێمه ده‌بێت چیتر كارمان به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌كردنی ئاراسی شێخ جه‌نگی و سروه عه‌بدولواحید و ئاڵا تاڵه‌بانی و ورده سه‌ره‌كانی تره‌وه نه‌بێت، چونكه لای من هه‌موو ئه‌مانه به‌رهه‌می عه‌به‌سییه‌تی به‌ختیار عه‌لییه‌كان و وتار و كتێبه‌كانیانه، بۆیه چیتر قسه له‌سه‌ر به‌ختیار بكه‌ین، ڕاسته‌وخۆ موحاده‌سه‌ی مه‌ریوانی وریا قانع و ئاراس فه‌تاح بكه‌ین، ئیدی ده‌بێت ڕه‌خنه له‌م سه‌رانه بگرین، ئه‌مانه‌ی كه كه‌مترین وتاریان به به‌لاش بووه، هیچ موقاله‌یه‌كیان بێ موكافات و پاداشتی چه‌ور نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ قسه له‌سه‌ر ئه‌مان بكه‌ی، دنیات لێ ده‌كرێته ساتر و سه‌نگه‌ر و گوایه به پاره هاندراویت، ده‌ی جاڕ به جه‌هه‌نووم با وابێت، هیوادارم كوردستان بیست و چوار له‌سه‌ر ئه‌م وتاره دوو هه‌زار دۆلارم بداتێ!
تا ئێستا كه‌س جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كردووه ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێت، به‌ڕێز به‌ختیار عه‌لی و هاوشێوه‌كانی، پێیان وایه زۆرترین كه‌س كه‌رن ئه‌گه‌ر له‌مان تێنه‌گه‌ن، تێگه‌شتن له‌مانیش هیچ له تێگه‌شتنی نیچه و ڕۆسۆ قورس‌تر نییه، ئه‌وانه‌ی له میتافیزیكای دیكارت تێده‌گه‌ن، چما به‌ختیار عه‌لی هاوكێشه و كوانتۆمی كام كه‌وكه‌ب و بلاك هۆڵه تا لێی تێ نه‌گه‌ن؟! ئه‌مه چ كتێبێكه تۆ هه‌ر كات ڕه‌خنه‌ت لێی هه‌بێت كه‌واته گه‌مژه و تێنه‌گه‌شتووی، به‌ڵام گه‌ر وه‌سفی بكه‌ی و پیای هه‌ڵده‌ی، ئیدی تۆ تێی گه‌شتووی؟
من له‌و ڕۆژنامانه‌ی سلێمانی كارم كردووه كه به ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ ناو ده‌بران، به یه‌قینه‌وه ده‌یڵێم، له‌وێ هیچ وتارێك كه ڕه‌خنه بووبێت له به‌ختیار عه‌لی و هاوفكره‌كانی، بڵاو نه‌ده‌كرایه‌وه، كه‌س بۆی نه‌بوو ڕه‌خنه‌یان لێ بگرێت، له هه‌ر مینبه‌رێكی تریشه‌وه ڕه‌خنه‌ت بكردنایه، به گه‌مژه و نه‌فام و نه‌خوێنده‌وار و كۆیله و ده‌سته‌مۆ و خۆفرۆش قانیان ده‌دایت! هه‌ر وه‌ك من كه ئێستا به دیدیخۆیان گوایه تێ‌یان نه‌گه‌شتووم و گه‌مژه‌م!
ئێمه له قۆناغی شۆڕشگێڕیدا نین، پێشتر شه‌ڕی مانه‌وه‌مان كرد، ئێستا شه‌ڕی گه‌شه‌سه‌ندنمان ماوه! گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی وابه‌سته‌یه به گه‌شه‌ی فكرییه‌وه، ئێستا یان ڕه‌نگه هه‌ر كاتێك بێته پێشه‌وه و داگیر بكرێین، ده‌شێت زمانه‌كه‌مان قه‌ده‌غه بكرێته‌وه و حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێمیش هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ماوه كه له هه‌ر ساتێك‌دا پێشمه‌رگه یاساغ بكرێ و ئه‌بوو زه‌علانێكی عه‌ره‌بی ببێته قائیدی قواتی موسه‌له‌حه/ فه‌رع شیمال، هیچ یه‌ك له‌م شتانه‌ش لای من كاره‌سات نین، كاره‌ساتی گه‌وره ئه‌وه‌یه ئه‌مانه ڕوو بده‌ن و گه‌نجه‌كانت پێ بكه‌نن و كێشه‌یان نه‌بێت، كه حه‌شد و پاسدار هات، هه‌موویان چاوه‌ڕێ بن بزانن چه‌ندی ماوه بگاته قوشته‌په و كه‌ی ماڵی بارزانی به دیل ده‌كه‌ونه ده‌ست ئه‌بو ئیزرائیله‌كان؟! هه‌موو ئه‌م گه‌نج و منداڵانه‌ش به‌رهه‌می به‌ختیار عه‌لی و ئاراس فه‌تاح و مه‌ریوانی وریا قانع و ورده سه‌ره‌كانی تره، كه ده‌یان ساڵه وه‌ك ئه‌فسانه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردی ئاخێنراونه‌ته ده‌ماغی هه‌موومانه‌وه!
جارێكیان به منداڵیی له پێش ده‌رگای خۆمان دانیشتبووم، كوڕێك له سه‌ربانی ماڵی خۆیانه‌وه به دارلاستیك به‌ردێكی تێگرتم و سه‌ری شكاندم، كاتێك به گریان و به خوێنه‌كه‌وه چوومه‌وه ماڵه‌وه، باوكم چه‌ند زله‌یه‌كی لێدام و به تووڕه‌ییه‌وه وتی: ده‌ك ده‌ستی خۆش بێت، خه‌تای تۆیه، بۆ ده‌چیته ده‌ره‌وه؟ من به‌و منداڵییه‌وه بوغز گرتمی و هه‌ر بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه كه بۆچی لێم ده‌درێت؟
ده‌ی من بچمه ده‌ره‌وه یان له ژووره‌وه بم، ئه‌و كوڕه بۆی نییه و ناماقوڵ ده‌كات سه‌رم بشكێنێت؟ بۆچی باوكم له‌و كوڕه تووڕه نابێت؟ ئێستا كه دوو ده‌یه به‌سه‌ر سه‌ر شكاندمدا تێپه‌ڕیوه، تێگه‌شتم به‌ختیار عه‌لی و هاورێكانی، ڕێك به هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی باوكمه‌وه نه‌ته‌وه‌ی كورد سه‌رزه‌نشت ده‌كه‌ن، به هه‌موو هێزیانه‌وه سووكایه‌تی به مه‌سعود بارزانی ده‌كه‌ن كه ڕیفراندۆمی كرد، به یه‌ك پیتیش سه‌رزه‌نشتی حه‌شدی شه‌عبی ناكه‌ن، ڕێك وه‌ك باوكم كه زله‌كه‌ی له‌مندا، ئه‌مانیش ده‌ڵێن نه‌ك كه‌ركووك، هه‌موو كوردستانیش له‌ده‌ست بده‌ین خه‌تای كورده، ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی یه‌كه یه‌كه‌ش سه‌رمان ببڕێت ده‌ستی خۆش بێت، ئه‌ی بۆچی ڕیفراندۆم ده‌كه‌ن؟ ئیتر به هیچ شێوه‌یه‌ك ناڵێن مه‌سعود بارزانی ڕیفراندۆم بكات یان نه‌یكات، حه‌شدی شه‌عبی ناماقوڵ ده‌كا و بۆی نییه بێته سه‌رمان و داگیرمان بكات، به‌ختیار و هاوشێوه‌كانی، دێن منداڵ و گه‌نجی كورد فێر ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر حه‌شد هات ڕێی لێ نه‌گرن، چونكه خه‌تای خۆمانه، ئه‌وان بۆیه دێن چونكه ئێمه ڕیفراندۆممان كرد و ده‌بوو نه‌یكه‌ین، ڕێك وه‌كو باوكم، بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی دراوسێمان سه‌رم نه‌شكێنێت، ده‌بوو من نه‌چمه ده‌ره‌وه، مادام ده‌چمه ده‌ره‌وه، ده‌ستی ئه‌و خۆش بێت كه‌هه‌ر كاتێكی تریش به دارلاستیكه‌كه‌ی سه‌رم بشكێنێته‌وه. ئه‌مه ڕێك ئه‌و لۆژیكه‌یه كه سوكایه‌تی به هه‌موو شۆڕشه‌كانی كوردی پێ ده‌كرێ، سه‌دام بۆیه كیمیای كرد به‌سه‌رماندا، چونكه ئێمه شۆڕشمان كرد، كه‌واته ده‌ستی سه‌دام خۆش بێت، بۆیه ئه‌نفالی كردین، چونكه ئێمه ناڕازی بووین، ده‌بوو شۆرش نه‌كه‌ین، هه‌ر بۆیه به‌ختیار عه‌لی له دواین ڕۆمانیدا به شۆڕشی ئه‌یلول ده‌ڵێت: چل ساڵ شۆڕشی بێ سوود!
تێبینی: ئه‌م وتاره ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نییه، ڕه‌خنه‌یه له هه‌ڵوێستی سیاسیی به‌ختیار عه‌لی و هاورێكانی، ده‌شێت زۆر درێژتر بێته‌وه و چه‌ندین وتاری تریشی له‌سه‌ر بنووسم.