شەپۆلی پێشکەشکاری بێ ئیتک و پارەپەیاکەر

Kurd24

‎پێشکێشکاری بەناوبانگی بی بی سی (Sthephen Sackur) یەکێک لە بەناوبانگترین پێشکێشکارەکانی بی بی سی یە، کە بەرنامەی (Hardtalk) پێشکەش دەکات، بە  زیرەکی و توانای زۆری ئەو لە تێڕوانینیی رەخنەیانە بۆ ئەو بابەتگەلانەی شیرۆڤەی دەکات لەگەڵ میوانەکانی بەناوبانگە، بەڵام ھیچکات سترەکچەر و کوالیتەی بەرنامەی ھاردتۆک گرێدراوی بەو شەخسەوە نییە و پرۆگرامەکە لەناو بینەرەکانیدا گرنگە نەک خۆی شەخسی. ئەمە بە پێچەوانەی زۆرێک لە مێدیای کوردییە کە خەریکن رۆژانە پێشکەشکارەکان دەکەن بە ئەستێرە لەناو خەڵکدا لەبری ئەوەی بەرنامە و تەلەڤزیۆن بکەن بە ئەستێرە لای بینەرەکان.

‎بە گشتی تەلەڤزیۆنی کوردی ھێندەی لە خزمەت کارمەندێکی بێژەردایە کە خۆی نمایش بکات و خۆی دەوڵەمەند بکات و پەیوەندیەکانی لەگەڵ بەرپرسە سیاسی و بازرگانەکان درووست بکات، نیوئەوەندە لە خزمەت دروستکردنی بینەری راستەقینەی خۆیدا نییە.

‎بەبەردەوامی دەبینین کە چەند دانە بەرپرسێکی سیاسی و چەند پارەدارێک و نا ھونەرمەندێک بە ناو یەک بە یەکی تەلەڤزیۆنەکاندا نمایش دەکرێن و ھەرجارەو یەکێک لە پێشکەشکارەکان خۆیانیان لێنزیک ئەکەنەوە کە پێویست ناکات بڵێم بۆ چونکە ئاشکرایە بۆ!

‎ئەوەی ئەبێت بکرێت ئەوەیە کە ڕێگری لەم خۆخزمەتکردنە بگیرێت، ئەبێت تەلەڤزیۆن ئامانجی خەڵک بێت نەک بەزۆر دروستکردنی ئەستێرە و کاریزما. ئەبێت خودی تەلەڤزیۆنەکە ئەستێرەبێت نەک ژنێک یان پیاوێکی پێشکەشکار، ئەبێت  تەلەڤزیۆن پەروەردە و بردنەسەری ئاستی فەرھەنگی کۆمەڵگەی کوردی بەئامانج بگرێ و ئیش بۆ ژێرخانی فکری و فەرھەنگی تاکی کورد بکات، نەک درووستکردنی فەزایەکی نەخۆشی کۆپیکردنی دیوی دەرەوەی ژیانی مۆدێرنێتە لە رێگەی پێشکەشکارە کەمتواناکانیەوە.

 ئەبێت بیرکەرەوەکانی تەلەڤزیۆنەکان فەزایەکی تەندروستی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ھونەری و ئەدەبی بەرجەستە بکەن و دنەی فەرھەنگێک بدرێت کە باوەڕی بە تواناسازیی درێژخایەن ھەیە. نابێت دەزگاکانی مێدیا بەگشتی و تەلەڤزیۆن بەتایبەتی وەک مارکێتێک  سەیربکرێت، نابێت لەسەر داوای چەند شەخسێک کاڵا بەسەرچووەکانیان لەسەری ئەو خەڵکەدا ساغبکەنەوە کە بەدوایی تەلەڤزیۆنێکدا دەگەڕێن وەک بازاڕێکی نمایشی تاکەکەس.

‎ئەگەر بە وشیارییەکی کلتووری زۆرەوە رەفتار لەگەڵ ئەم دەزگا گەورەیە نەکرێت، کۆمەڵگەی کوردی لە ھەموو بوارەکاندا بەرەو سەرلێشێواوی و بودەڵەیی کەسێتی راپێچدەکات لە درێژخایەندا.

‎لە کۆتایدا کوالیتە و ئاستی تێگەیشتنی بینەری کوردی زۆر دەھێنرێتە خوارەوە و  ھاوتەریب بینەری کورد تووڕە دەکات.