شكۆ بۆ یاسا بگەڕێننەوە

Kurd24

سوڵحی عەشایەری ئەگەچی لە زۆر حاڵەتدا گرفتەكان چارەسەر دەكات، بەڵام پێچەوانەی یەكسانی و دادپەروەریە، لە بەرئەوەی لەسەر بنەمای دەسەڵات و هێزی دارایی یاخود كۆمەڵایەتی و سیاسیی كار دەكات.

هەتا سوڵحی نێوان بنەماڵەكان و عەشیرەتەكان لە یاسا دەنگ زوڵاڵتر بێت، قەت یاسا ناتوانێت رۆڵی خۆی لە چەسپاندنی دادپەروەری و پارێزگاریكردن لە مافەكان ببینێت.

ئەگەرچی تۆماركردنی سكاڵا و پەنابردنە بەر دادگا، سەروەربوونی یاسا و دەستەبەركردنی دادپەروەری و یەكسانییە، بەڵام هێشتا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، وەك پێویست پەنای بۆ نابردرێت، بەڵگەش ئەوەیە، بۆ چارەسەركردنی زۆربەی كێشە و ئاڵۆزییە كۆمەڵایەتییەكان، سوڵحی كۆمەڵایەتی و عەشایەری برەوی زیاتری لە پەنابردنە بەر یاسا هەیە، ئەوەی زیاتریش مایەی نیگەرانییە، زۆر جار خودی كەسانی تایبەتمەند لە ناو ئەو دام و دەزگایانەی كە پەیوەستن بە جێبەجێكردنی یاساوە، خەڵك لە پەنابردنە بەر یاسا و تۆماركردنی سكاڵا سارد دەكەنەوە، ئەمەش بە بیانوی ئەوەی كە پرۆسەیەكی درێژخایەنە و ئامۆژگاری خەڵك دەكەن، گرفتەكان لە رێگەی كۆمەڵایەتی چارەسەر بكەن و لە جیاتی یاسا پەنا ببەنە بەر سوڵح.

زۆر جار ئەو كەسانە، خۆیان دەبنە بەشێك لە هەڵسوڕاوانی سوڵحی كۆمەڵایەتی، بەمەش خودی كاراكتەرەكانی دامەزراوە یاساییەكان بۆخۆیان دەبنە بەشێك لە كێشە، نەك چارەسەری كێشەكە، هەر كاتێكیش سوڵح دەكەوێتە ناو كێشەكان، یاسا لاڵ دەبێت و هیچ رۆڵێكی نامێنێت.

جێبەجێكردنی یاسا، یەكسانیی تاكەكان لە كۆمەڵگەدا زامن دەكات و یەكەمین هەنگاوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ خەڵك و توندكردنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان تاك و یاسا و بەرقەراربونی دادپەروەری.

بە پێچەوانەشەوە: هەتا سوڵحی نێوان بنەماڵەكان و عەشیرەتەكان لە یاسا دەنگ زوڵاڵتر بێت، قەت یاسا ناتوانێت رۆڵی خۆی لە چەسپاندنی دادپەروەری و پارێزگاریكردن لە مافەكان ببینێت.

 پەنابردنە بەر چارەسەری عەشایەری و كۆمەڵایەتی، ئەگەرچی زۆرجار رێگاكان كورتدەكاتەوە و لە هەندێك حاڵەتدا چارەسەرە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێت كە مەرج نییە ئەو چارەسەرە سوڵح بێت.

یاساكانی خێڵ پڕن لە تۆڵە و چەوساندنەوەی تاكەكان و كچ لە جیاتی خوێن دان و چەندین رێسا و نەریتی تر، كە بۆ چارەسەركردنی گرفتێك، دەرگا دەكەنەوە بۆ دەیان كێشەی گەورەتر.

ئەو كاتەی لە كۆمەڵگە بە گشتی سوڵح جێگای یاسا دەگرێتەوە، دەبێت زۆر ئاساییش بێت كە جیاوازیی زەق لە نێوان كەیسەكان و چارەسەرەكاندا دەربكەوێت، چونكە سوڵح پێگەی كۆمەڵایەتی و خێزانی و دارایی و سیاسیی كەسەكان دەخوێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەگەر یاسا رۆڵی خۆی ببینێت، ئەو جیاوازیانە كاڵ دەبنەوە و یەكسانی بەرقەرار دەبێت.

سوڵحی عەشایەری ئەگەچی لە زۆر حاڵەتدا گرفتەكان چارەسەر دەكات، بەڵام پێچەوانەی یەكسانی و دادپەروەریە، لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای دەسەڵات و هێزی دارایی، یاخود كۆمەڵایەتی و سیاسی كار دەكات و بەم پێیەش، دیسان مافەكانیش قۆرخ دەكات بۆ ئەو كەس و خێزان و عەشیرەتانەی كە خاوەن پێگە و دەسەڵاتن.

 خۆشبەختانە، رووكردنە یاسا بە تایبەت بۆ بەرگریكردن لەو چالاكی و هێرشانەی دەكرێتە سەر كەس و خێزان و لایەنەكان زیادی كردووە و بەو هیوایەین بگاتە ئەوەی سەروەری بۆ یاسا بگەڕێتەوە و ببێت بە نەریتێك و كەس ناچار نەبێت تەنانەت چاو لە كۆمێنتێكی نەشیاوی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیش بپۆشێت.

هەروەك لە ماوەی رابردوودا چەندین سكاڵای یاسایی لەسەر چەند دەزگایەكی راگەیاندن تۆماركرا و هەندێك لەو سكاڵا یاساییانە لە لایەن بەرپرسانی دەسەڵاتدار بوون، تەنانەت لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەیش، كاتێك هەواڵێكی بێ بنەمای لە سەر بڵاو بووەوە، راستەوخۆ و بە شێوەیەكی فەرمی رایگەیاند، پەنا دەبەنە بەر یاسا و سكاڵا تۆمار دەكەن.

ئەمەیان هیوابەخشە، لەلایەكەوە كاتێك دەبینین لەسەر ئاستی كەس و دام و دەزگا حكومیەكانیش، لە جیاتی پشتبەستن بە هێزی دەسەڵات و پێگەی سیاسی و حكومی خۆیان، بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان روودەكەنە دادگا، لە لایەكی تریشەوە لەسەر ئاستی تاكەكەس و هەروەها لەسەر ئاستی گشتیش، ئەگەر شكۆ بۆ یاسا بگەڕێتەوە، ژمارەیەكی زۆر لەو دیاردە كۆمەڵایەتیانەی كە ئێستا بوون بە بار بەسەر كۆمەڵگەوە و تاك و خێزان بە دەستیانەوە دەناڵێنن، كەم دەبنەوە.

لە كابینەی نۆیەمدا، گوڕوتینێك بە ئاشكرا لە راپەڕاندنی كارەكان دەبینرێت، لەو بارەیەوە تا ئێستا بە گشتی چەندین وەزارەت بە جددیەكی زۆرەوە كار دەكەن و ماوتەوە و چاوەڕوان دەكرێت، وەزارەتەكانی دیكەش، بە گەرموگوڕی زیاتر كار بۆ چەسپاندنی یاسا و دادپەروەری بكەن.‌

بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری یاسایی لەناو خەڵكدا و جەختكردنەوە لەسەر ماف و ئەركەكان و ئاسانكردنی رێكارە یاساییەكان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكان لە لایەنی سكاڵاكار لە لایەكەوە و دامودەزگای پەیوەندیدار لەلایەكی ترەوە، دەبێتە سەرەتایەك بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی گشتی بە یاسا و بەرقەراربوونی دادپەروەری.