هەڵەبجە، بیرهێنەرەوەی گرنگی سەربەخۆیی
تەنیا بە مەودای دوو ساڵان، دوو تاوان بە هۆی سەددامەوە روویاندا، بە دوو رەنگدانەوە و به دوو ئاکامی تەواو جیاوازه‌وه:
1- هێرشی کیمیایی هه‌ڵه‌بجه
2- هێرشی سه‌ربازی کوێت.
له‌م وتاره‌دا باسی جیاوازی ئه‌و دوو رووداوه ده‌که‌ین، که چۆن ته‌نیا له به‌ر ده‌وڵه‌تنه‌بوونی کوردستان کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه بێده‌نگی لێ‌کرا و له به‌ر ده‌وڵه‌تبوونی کوێت، نه‌ك ته‌نیا ته‌واوی جیهان پشتی ئه‌و وڵاته‌ی گرت و سه‌ددامی بۆ سزا درا، به‌ڵكو ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ حکوومه‌تی عێراق ده‌بێ غه‌رامه‌ی ئه‌و هێرشه بداته‌وه!
1- لە رۆژی شازده‌ی مارسی 1988 دا سەددام شاری هەڵەبجەی کیمیاييباران کرد، سەرەڕای کوژرانی پێنج هەزار قوربانی بێ‌تاوان و دەیان هەزار بریندار، جیهان بێده‌نگی گرته‌به‌ر و ئێستاش پاش تێپه‌ڕبوونی 31 ساڵ له‌م رووداوە، بریندارەکان هه‌ر قوربانی دەدەن. ئێستاش ژینگه‌ی هه‌ڵه‌بجه شوێنه‌واری ئه‌و کاره‌ساته‌ی پێوه ماوه. ئێستاش روح و ده‌روونی ده‌ربازبووه‌کان هه‌ر برینداره.
لە سەرەتادا کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هه‌ر به ته‌واوی خۆی لێ که‌ڕکرد. لەوانەیە ئەگەر دیمەنەکانی تەلەڤزیۆنی ئێران نەبا، که ئه‌وکاتی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆی تۆماری کردبوو، هه‌ر بە تەواوی حاشاشیان لێکردبا که شتی وا هه‌ر رووینه‌داوه، هەر وەك چۆن بۆ چەندین ساڵان پاکتاوی نه‌ژادی ئەنفالیان دێزە بە دەرخوونە کردبوو، بە بیانووی ئەوەی کە ئەو کات هیچ بەڵگەو دیمەنێکیان له‌م کاره‌ساته بەدەستەوە نەبووە.
پاش ئاشکرابوونی رەهەندەکانی تاوانەکەی هه‌ڵه‌بجه‌ش، سەرلەنوێ ئەوان جگە لە مەحکوومکردن، کاردانەوەیەکی دیکەیان نەبووە. زۆرانیش ئەوەیان بە کێشەی نێوخۆیی عێراق دەزانی! دواتر دەرکەوت هەر بۆخۆیان کەرەستەی پێویستی درووست‌کردنی بۆمبی کیمیاییان خستۆتە بەر دەستی سەددامه‌وه. کۆمپانیای ئه‌ڵمانی و چه‌ند کۆمپانیای نێونه‌ته‌وه‌یی له چه‌ند ساڵ پێشتره‌وه هه‌موو ئیمکاناتی سازکردنی چه‌کی کیمیاییان بۆ دابین کردبوو.
2- لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی 1990 دا سەددام ئه‌وجار هێرشیکردە سەر کوێت، هه‌ر چه‌ند ئامارێکی درووست به ده‌سته‌وه نيیه، به‌ڵام گومانه‌کان پێمان ده‌ڵێن ئه‌و هێرشه کەمتر لە 20 قوربانی له ناو هاووڵاتیيانی کوێتی لێکەوتەوە.
کوردەکان له هه‌موو جیهان سەریان سوڕما کە بینییان هەموو جیهان به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا دژ بە سەددام بوونە یەک بەرە و ته‌نانه‌ت یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تیشیان له‌گه‌ڵ که‌وت. ئاخر ئه‌وجار فایله‌که جیاواز بوو: ئەوجارەیان گوایا سنووری پیرۆزی وڵاتێك پێشێل کرابوو. سه‌روه‌ری وڵاتێك بێڕێزی پێکرابوو، ئه‌ندامێکی رێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان سکاڵای به دژی سه‌ددام تۆمار کردبوو. کێشەکە چیدی نێوخۆیی نەبوو!!
3- ئەوە روونترین پەیام بوو بۆ کوردەکان، کە دەبێ لەبیری دەوڵەتێکی سەربەخۆدا بن بۆ خۆیان. زۆر ئاشکرا بوو که ته‌نانه‌ت کاره‌ساتێکی وه‌کوو جینۆساید و ئه‌نفال و کیمیاييباران، ئه‌گه‌ر سنوورێکی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌به‌زاندبێ ده‌کرێ هه‌ر وه‌کوو رووداوێکی ناوخۆیی ته‌ماشای بکرێ.
سه‌یر ئه‌وه‌یه که هیچ که‌س له لای گرنگ نه‌بوو که خەڵکی کوێت تەنانەت رۆژێکیش بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکاییان خەباتیان نەکردبوو. بگرە هەرخۆیان نەیانزانیوە کە خودموختاری، فیدڕالیزم، سەربەخۆیی یاخود هەر جۆرێکی دیکەی دەسەڵاتی نەتەوەیی چیيە. هه‌ر لە پڕ خۆیان لە وڵاتێکی سەربەخۆدا بینیەوە. شێخێکیان ساتوسەودایه‌کی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان به تایبه‌تی بریتانیا کرد و بۆخۆیان بوونه ده‌وڵه‌ت و پاڵیان دایەوە. له کوێت سه‌یرتر دوو وڵاتی قه‌ته‌ر و به‌حرێن بوون، که تا ئاخرین ساته‌کان هه‌ر قه‌رار بوو به‌شێک له ئیماراتی یه‌کگرتووی عه‌ره‌بی بن، به‌ڵام له ناکاو و به بڕیارێکی ساده بوونه خاوه‌ن وڵاتی خۆیان. ئیدی نەتەوەیه‌کی 40 میلیۆنی و خاوەن 5 هەزار شەهیدی هەڵەبجە و 182 هەزار شەهیدی ئەنفالیش دەبێ ئاوێ بێنن و دەستان بشۆن.
4- ئێستا و پاش رووخانی سەددامیش کوردی باشوور هه‌ر دەبێ لە بەرامبەر هەڕەشەکانی بەغدا ململانێ بکەن. ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ هه‌ر جۆره پتەوبوونی هێز و دەسه‌ڵات و یا کڕینی هەر جۆرە چەك و تەقەمەنییەك لە بەغدا، دەبێتە مەترسیی و دڵه‌خورپه بۆ کوردی باشوور و وەبیرهێنەرەوەی سەردەمی جێگیربوونی هەنگاو بە هەنگاوی هێز و دەسەڵاتی سەددام و حزبی به‌عسه بۆیان. له بیریان ماوه تا کاتێك نوری مالیکی لاواز ده‌بوو و لێی ده‌قه‌وما و کابینه‌ی بۆ ساغ نه‌ده‌بۆوه، ده‌هات له هه‌ولێر میوان ده‌بوو و کۆنفرانسی سازکردنی حکوومه‌تیان بۆ ده‌گێڕا و له ئاکامدا به مه‌منونی و وه‌کوو سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌ڵبژێردراو ده‌گه‌ڕاوه به‌غدا، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده هێندێك چه‌ك و برێك پاره‌ی به خۆیه‌وه ده‌دی، چاوی له کورد سوور ده‌کرده‌وه. له بیریان ماوه که حه‌یده‌ر عیبادی له کاتی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن و سه‌رده‌می شه‌ڕی داعشدا له کورد ده‌پاڕاوه، كه‌چی دوو ساڵ دواتر له کاتی رێفراندومدا چۆن پشتی له کورد کرد و که‌رکووکی داگیر کرده‌وه.
کورد لە عێڕاق تەنیا نەتەوەیەکی جیهانه که سەرەڕای تاوانی پاکتاوی نه‌ژادیش، داکۆکی لە پێکەوە ژیان لە پاڵ حکوومەتی پێشوو دەکا. هه‌موو جینۆسایده‌کانی جیهان جیابوونه‌وه و سازبوونی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی لێبۆته‌وه ته‌نیا کورده که حازر بووه دوای جینۆساید دیسان شانسی پێکه‌وهژیان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب تاقیبکاته‌وه، بەڵام حکوومەتەکانی عێڕاق دەریانخستووە چ سووننە حاکم بێت یا شیعە، سەبارەت بە پرسی کورد هیچ جیاوازیان نیيە و بەردەوام وەک تاوانباری سەرەکی دێنە ئه‌ژمار. با بزانین عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌توانێت ئه‌و یاسا نه‌نووسراوه‌یه‌ی به‌غدا بۆ تاقه یه‌کجار وه‌لابنێ؟
یادی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو قوربانییانی جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز و به‌رێز بێ.