فیدراڵیزم و ئابووری كوردستان
وه‌ك پێناسه، ده‌توانین بڵێین فیدراڵیزم به سیسته‌مێكی سیاسی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێك ده‌گوترێت كه به پێی ڕێككه‌وتنی دوو یا چه‌ند حكوومه‌ت و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، ئه‌و ناوچه، وڵات یان هه‌رێمه به‌ڕێوه‌ده‌بردرێت (۱). فیدراڵیزم نه‌ته‌نیا به یه‌كێك له پێشكه‌وتووترین سیسته‌مه‌كانی دیموكراسی ده‌ناسرێت و وڵاتانی كانادا، ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا، ئاڵمان، ئۆستڕاڵیا، هیندستان و ته‌نانه‌ت یه‌كێتی ئه‌ورووپاش ئه‌و سیسته‌مه په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو به‌هۆی نزیكتربوونی په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و حكوومه‌تی خۆجێیی، به‌رزتربوونی ئاستی به‌رپرسیارێتی حكوومه‌ت به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی كه‌سانی ناوخۆی شاره‌زا و … ده‌توانێت ببێته هۆكاری گه‌شه‌ی ئابووری زیاتر له‌چاو شێوازه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌ت. بۆیه پشكی وڵاتانی فیدراڵ له لیستی وڵاتانی پێشكه‌وتوو له بواری ئابووریه‌وه زۆربه‌ر چاو و له به‌رامبه‌ر وڵاتانی خاوه‌ن هه‌ركام له شێوازه‌كانی تر زیاتره (لیستی وڵاتانی ناو G7 و OECD و G20).
هه‌بوونی فیدراڵیزم له وڵاتان یه‌كێكه له ڕێگاچاره‌كانی لابردنی جیاوازی له به‌ینی شار و پارێزگا یان ناوچه جیاوازه‌كانی وڵات بۆیه ئه‌و جۆری حكوومه‌ته له‌لایان نه‌ته‌وه یان ناوچه‌كانی كه كه‌مینه‌ن له وڵاتانی جیهان، خوزیاری زیاتری هه‌یه و حه‌ولی بۆ ده‌درێت. هه‌ڵبه‌ت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فیدراڵیزم له كۆی وڵاته‌كان، یه‌ك كۆنسێپت په‌یڕه‌و ده‌كات به‌ڵام یه‌ك پێناسه و پڕۆسه‌ی تایبه‌تی نیه و چیرۆكی دامه‌زراندنی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له هه‌ر كام له‌و وڵاتانه جیاوازه. سه‌ركه‌وتووبوونی فیدراڵیزم و پێكانی ئامانجه‌كانی په‌یوه‌سته به چۆنێتی داڕشتنی په‌یوه‌ندی ئیداری و ده‌سه‌ڵات له نێوان حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان. پته‌وبوونی بنه‌ماكانی فیدراڵیزم ده‌توانێت یه‌ك یان چه‌ند هه‌رێمێكی به‌هێز بۆ پاڵپشتی و پته‌وتركردنی ژێرخانه‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵ ساز بكات و به پێچه‌وانه‌وه كێشه و كێبڕكێ و دژایه‌تی نێوان هه‌رێمه‌كان و حكوومه‌تی فیدراڵ ده‌توانێت ببێته هۆی په‌كخستنی ئیداری و ئابووری كه داوێنی هه‌مووی وڵات ده‌گرێت نه‌ك ته‌نیا یه‌ك هه‌رێم. له سیسته‌می فیدراڵی به‌هێز، هه‌رێمه‌كان زیاتر فۆكس ده‌كه‌نه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ناوچه‌یی و په‌ره به‌و پیشه‌سازی و بیزنسانه ده‌ده‌ن كه له‌و ناوچه‌یه سه‌ركه‌وتووتر ده‌بێت، هه‌روه‌ها به په‌ره‌پێدان به ئاڵ و گۆڕی بازرگانی له نێو وڵاتی فیدراڵ، په‌ره به ئابووری گشتی وڵات ده‌ده‌ن و ده‌بنه بازاڕێكی نزیك و جێگای متمانه بۆ كاڵاكانی یه‌كتری و پاشان به‌هێزتر له بازاڕه‌كانی جیهان ده‌رده‌كه‌ون. به‌ڵام ئه‌وه كاتێك ڕووده‌دات فیدراڵیزم به دادپه‌روه‌رانه داڕشترابێت و حكوومه‌ته‌كانی فیدراڵ و هه‌رێمه‌كان پاڵپشتی یه‌كتر بن. بۆیه چۆن دابه‌شكردن و پابه‌ندبوونی لایه‌نه‌كان به‌و دابه‌شكردنه بۆ گه‌شه و ئاوه‌دانی و داهاتووی وڵات زۆر گرینگه. وه‌ك نموونه، له ئیسپانیا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌وڵ دراوه چه‌ند هه‌رێمێكی ناڕازی وه‌كوو كاتالۆنیا و باسك به پێدانی ماف و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر له‌ناو حكوومه‌تی فیدراڵی بهێڵێته‌وه به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام به جه‌نگ (وه‌كوو باسك) یان به ده‌نگ (وه‌كوو ڕێفڕاندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كاتالۆنیا) له هه‌وڵی جیابوونه‌وه و دابڕان له ئیسپانیا دابوون. ئه‌مه له كاتێكدایه كه ئه‌و كێشه‌یه له ئه‌ڵمانیا و ئه‌مه‌ریكای پاش شه‌ڕی جیاخوازی، نابینرێت. سه‌ره‌كیترین كێشه‌ی هه‌رێمی كاتالۆنیا وه‌ك نوێترین نموونه‌ی هه‌وڵ بۆ جیابوونه‌وه له وڵاتێكی فیدراڵی ئه‌ورووپا، كێشه‌ی ئابووری بوو. ئه‌و هه‌رێمه پێیوابوو كه زۆربه‌ی به‌شه‌كانی دیكه‌ی ئیسپانیا پێشكه‌وتووتره به‌ڵام له‌لایان حكوومه‌تی فیدراڵ پاڵپشتی ناكرێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش سیسته‌می دانراو بۆ باج و دابه‌شكردنی پشكی ئه‌و هه‌رێمه له دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی بیانی ئیسپانیا دادپه‌روه‌رانه نیه و مافه‌كانی پارێزراو نابێت بۆیه له كۆتا هه‌نگاو، هه‌وڵی دا به ڕێفڕاندۆم ئه‌و مافه به‌ده‌ست بێنێت.
له عێڕاقی پاش ٢٠٠٣ێش، هه‌رچه‌ند هه‌وڵ دراوه له ده‌ستووری عێڕاقی، فیدراڵیزم وه‌ك شێوازی حكوومه‌ت دابندرێت و جێبه‌جێ بكرێت به‌ڵام ئایا ئه‌و سیسته‌مه تا چ ڕاده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بووه؟ یان به سه‌ركه‌وتوویی دابه‌زێندراوه؟ و تا چه‌ند توانیوێتی یان ده‌توانێت ئامانجه‌كان بپێكێیت؟ و به‌ربه‌سته‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه كامانه‌ن؟
له عێڕاقی فیدراڵی پاش 2003 كه زنجیره‌كان تا ڕاده‌یه‌ك له‌ده‌ست و پێی كوردستان كرانه‌وه، گه‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بواری ئابووری و ئیداری زۆر به‌رچاو بووه، ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ساڵانه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی 2007 بۆ 2013 به زیاتر له 8% ده‌خه‌مڵێندرێت كه زۆر جیاوازه له به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێڕاق. ده‌یان میڵیارد دۆڵار وه‌به‌رهێنانی بیانی بۆ كه‌رته‌كانی نه‌وت، گاز و بیناسازی كوردستان ڕاكێشرا و كه‌رته‌كانی دیكه به‌هۆی ئه‌وانه‌وه به‌ره‌وپێش چوون. به‌ڵام كێشه‌كانی حكوومه‌ته‌كانی فیدراڵ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كانی ئیداری و به‌ڕێوه‌بردن، دابه‌شكردنی بوودجه، به‌ڕێوه‌بردن و فرۆشتنی نه‌وت و هه‌روه‌ها ناوچه كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه زۆربه‌یان خاوه‌نی سامانی سروشتین، به‌ربه‌ست بوون له په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان. ده‌توانین بڵێین فیدراڵیزم له عێڕاق تا ڕاده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌سته به شه‌خس و به‌رپرسه‌كان تا سیستمه‌م. بۆیه گۆڕانی كه‌سه‌كان، ئاستی فیدراڵیزم له عێڕاق به‌رز ده‌كاته‌وه یان دایده‌به‌زێنێت، واتا فیدراڵیزمێكی تایبه‌ت بۆ عێڕاق پێناسه ده‌كرێت كه جیاوازه له كۆی وڵاتانی دیكه‌ی خاوه‌ن ئه‌و سیسته‌مه.
سه‌ركه‌وتووبوونی فیدراڵیزم له وڵاتێكی وه‌ك عێڕاق كه بنه‌ماكانی دیمۆكراسی و پێكه‌وه ژیان تاكوو 2003 تێیدا لاوازبووه، پێویستی به گۆڕانكاری له بیر و باوه‌ڕی هه‌ر تاكێكی هاونیشتمانی هه‌یه. ڕوونه‌دانی ئه‌و گۆڕانكاریه وایكردوه كه كه‌سێكی سه‌ربازی فیدراڵی عێڕاق له كاتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕی ئه‌نفاڵكراوانی كورد له سه‌ماوه دژی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان بێت كه یاساییه و ئه‌ركی ئه‌ویش پاراستنی یاسایه. ئه‌و بۆچوونه له لایه‌ن به‌شێك له پاڕڵه‌مانتاران و كه‌سانی پایه‌به‌رزی حكوومیش له چه‌ند ساڵی پێشوو بینراوه كه ئه‌وانیش سوێندیان بۆ پاراستنی یاسا خواردوه به‌ڵام پێده‌چێت بۆچوونی هه‌رتاكێك له یاسا جیاوازبێت.
چه‌ند ساڵ له‌وه پێش له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ژاپۆنی هاوكاریه‌كمان له پڕۆژه‌یه‌ك هه‌بوو، ئه‌وكات كۆمپانیاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر مه‌راقی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالیتی (ISO 9000) یان هه‌بوو، هه‌ر به‌و جۆره‌ی ئه‌و مه‌ڕاقه له هه‌رێمی كوردستانیش چه‌ند ساڵێكه ده‌ستی پێكردوه، ئه‌و كات له نوێنه‌ری ئه‌و كۆمپانیایه‌مان پرسیار كرد ئایا ئه‌وانیش خاوه‌نی ئه‌و بڕوانامه‌یه‌ن؟ زۆر به ڕاحه‌تی جوابی داوه “نا نیمانه” و كاتێك سه‌رسووڕمانی ئێمه‌ی بینی كه چۆن ده‌بێت كۆمپانیایه‌كی ژاپۆنی كه له زۆر شوێنی جیهان به ده‌یان میلیۆن دۆڵار پڕۆژه‌ی هه‌بێت، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دامه‌زرانی سیسته‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالیتی نه‌بێت، ئارامتر جوابی داوه كه “ئه‌و سیسته‌مه ده‌بێت له مێشك و كه‌لتووری كه‌سان بێت ده‌نا له‌سه‌ر كاغه‌ز هیچ به‌هایه‌كی نیه”. ده‌توانین بڵێین فیدراڵیش وایه، له وڵاتێك وه‌كوو عێڕاق یان ئیسپانیا ئه‌و بڕوا و باوه‌ڕه كه‌متر ده‌بێت و له ئاڵمانیاش به دروست داڕشتن و ڕێزلێنانی، حه‌موان ده‌كاته یه‌ك ڕووح و یه‌ك جه‌سته.
ئێستا كه حكوومه‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێڕاق تاڕاده‌یه‌كی باش و كه‌م وێنه له ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابڕدوو له‌یه‌ك نزیك بوونه‌ته‌وه و به یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ن و په‌یامی پۆزیتیڤ له هه‌ردوو لایه‌ن ده‌بیسترێت، باشترین كاته بۆ به‌هێزتر كردنی بنه‌ما و بیر و باوه‌ڕی فیدراڵیزم بۆ ئه‌وه‌ی پاڵپشتی زیاتر بۆ گه‌شه‌ی ئابووری هه‌ر دوو لایه‌ن بكات كه ئه‌گه‌ر ئه‌وه جێبه‌جێ كرێت كێشه‌كان زۆر به ئاسانی چاره‌سه‌ر ده‌بن و ده‌بنه هۆی خێراتربوونی ڕێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان. پاڵپشتی فیدراڵیزمی ڕاسته‌قینه و به‌پێی ده‌ستوور ده‌توانێت ببێته یه‌كه‌م ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌ولێر بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی داهاتوو و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی بیرۆكه‌ی دژ به مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه به پێی فیدراڵیزم به‌ده‌ستی هێناوه. به‌رده‌وام بوون یان سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه ده‌توانن مه‌ترسی خێرا و به‌هێزبن بۆ ئابووری و گه‌شه‌ی هه‌رێمی كوردستان له داهاتوو هه‌ر چۆن له 2014 ه‌وه ڕوویان تێكرد و خێرایی پێشكه‌وتنیان دابه‌زاند.
سه‌رچاوه‌كان:
1) وه‌رگیراو له: https://www.law.cornell.edu/wex/federalism