ئایا کاک مەسرور دەتوانێت کابینەیەکی جیاواز پێکبێنێت؟

Kurd24

پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئەمجارە ئەگەر لای ھەموو خەڵکی کوردستان دووبارەی کابینەکانی دیکە بێت و تەنھا کەسەکانی بگۆڕێت، ئەوا بۆ کاک مەسرور سەرەتای داھاتووی سیاسی و کارگێڕی خۆیەتی لە بەرزترین ئاستی پێگەی جێبەجێکردن. وەک ئینگلیز دەڵێن (First Impression is the last impression)، واتە کاریگەریی و بۆچوونی یەکەمجار لەسەر شتێک کاریگەرییەکەی تا کۆتایی دەمێنێت. ئایا کاک مەسرور دەتوانێت کابینەیەکی جیاواز لەوانی پێشوو پێکبھێنێت، یاخود ئەویش لە ژێر ھەژموونی سیاسی و حیزبی و بنەماڵەیی لایەنەکاندا دەبێت، ھەمان کۆپی ئەوان دووبارە دەکاتەوە و، ھەر لەسەرەتاوە شقارتەیەک دەدات لە داھاتووی سیاسی خۆی و، تەنھا سەرچاوەی ھێزی دەگەڕێنێتەوە بۆ پێگە حیزبی و بنەماڵەییەکەی؟! وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر بەسادەیی لەم ئارگیومێنتانەی خوارەوەدا کورت دەکەمەوە.

یەک: پێکھاتەی ئەنجومەنی وەزیران

ئاشکرایە کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە کوردستان وەک دیفاکتۆیەک بەھێزترین دەسەڵاتی ھەیە و، لە رابردوودا بینیومانە کە دەسەڵاتەکانی دیکە لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردندا وەک پێویست رۆڵی یاسایی و چاودێری خۆیان پێنەدراوە. من چاوەڕوان ناکەم کاک مەسرور بتوانێت پێکھاتەی ئەنجومەنی وەزیران بکاتە دەستەیەکی تەکنۆکراتی بەھێز و دوور لە ناونانی سیاسی و پشکداری حیزبی، بەر لە ھەموویان لە حیزبەکەی خۆیەوە، بەڵام خۆ دەتوانێت مەرجی توانستی و لێھاتوویی و پسپۆڕی و ئەزموونداری و پڕۆژەداری و دیدگەسازی بەسەر کاندیدی پارتە سیاسیە بەشدارەکاندا بسەپێنێت. خۆ دەتوانێت داوای متمانە نەکات بۆ کاندیدی لاوازی حیزبە بەشدارەکان. نابێت دڵی بەوە خۆش بێت کە کاندیدی حیزبێکی رکابەری کەسێکی لاواز بێت، چونکە لە ئەنجامدا کابینەکەی خۆی لاواز دەکات و، رەنگە کەلێنێکی ئەو وەزارەتە، سەرلەبەری کابینەکە کۆڵەوار بکات.

دوو: دەستەی راوێژکاری

زۆر گرنگە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەستەیەک لە راوێژکاری پسپۆڕی ھەبێت لە بوارە جیاوازەکاندا کە پسپۆڕیەکانیان ھاوشێوەی کاروبارەکانی نێو وەزارەتەکان بێت و، بتوانن ھاوکار بن، نەک رێگر، بۆ وەزارەتەکانی دیکە و خودی سەرۆکایەتی ئەنجومەن.  راوێژکارەکان لە نێو ئەنجومەنی وەزیراندا ئەرکی دەوڵەمەندکردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان دەبێت بە بیرۆکەی پڕۆژە و بڕیار و کار و چالاکی ناوازە کە بیسەلمێنێت ھێزێکی گەورە لە پشتی ئەم سەرۆکەوەیە و، ھاوکاریەتی تا وەک شارەزا و ئاگایەکی پسپۆڕیەکانی حکومەتەکەی دەرکەوێت، نەک بەسەر سەرۆکدا ھەڵبدەن تەنانەت ئەگەر ھەڵەشی کرد.

سێ: کابینەی وەزارەتەکان

زۆرجار کارمەندێکی فەرمانگەیەکی ئاسایی وەزارەتێک لە مامەڵەی لەگەڵ ھاوڵاتیەکدا تەواوی ئەو وەزارەتە نابوت دەکات. زۆر گرنگە کابینەی نێو وەزارەتەکان لە جێگر و راوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتیەکان و بەڕێوبەر و بەرپرسی یەکە کارگێڕیەکان کەسانی لێھاتوو و خزمەتگوزار و خەمخۆر و دڵسۆز و سادە بن تا ببنە نمونە بۆ خوار خۆیان. پێویستە ئەوەندەش بەھێز بن، وەزیرەکەیان پڕچەک بکەن بە پڕۆژە و بیرۆکەی نوێ بۆ فراوانکردنی پانتایی خزمەتەکانیان بە ھاوڵاتی. بەم جۆرەش دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکێکی بەھێز و خاوەن پڕۆژە و دەستەیەک لە وەزیری بەتوانا و خاوەن پڕۆژە کابینەیەکی بەھێز پێک دەھێنن.

چوار: چاودێری و ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون و لێپرسینەوە

لە وڵاتی ئێمەدا گرفتێکی گەورەی بەردەم گەشەپێدان بریتیە لە نەبوونی پرۆسەی چاودێری و ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بە شێوەیەکی کاریگەر. ئەگەر چاودێریش ھەبووبێت ھەڕەمەکی بووە و زۆرجار لێیگەڕاون راگەیاندن درکی پێبکات، نەک خودی حکومەت بۆشاییەکان بدۆزێتەوە. ئەگەریش چاودێریان کردبێت، ھەڵسەنگاندنیان نەکردوە بۆ کاروبارەکانی وەزارەتەکان و خودی ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی مەوداکانی کورت خایەن و مام ناوەندی و درێژخایەن. لە ھەموو ئەوانە کوشندەتر، نەبوونی بەدواداچوونە. ھەر بەراستی بەدواداچوون کلیلی گەشەپێدانە. سەدان چالاکی چاودێریکردن و ھەزاران راپۆرتی ھەڵسەنگاندن، بە بێ بەدواداچوون بۆ بڕیارەکان ھیچ کاریگەریەکی نابێت و تۆز ئەیانخوات. ھاوکات زۆر گرنگە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانی کابینەکەی بچنە بەردەم پەڕلەمان و، وەڵامی لێپرسینەوەکانی ئەندامانی پەڕلەمان بدەنەوە و، ئازایانە ھەڵوێستی خۆیان بنوێنن لە کاتی ھەبوونی کەموکوڕی گەورە لە کارەکانیان.

پێنجەم: دەوامکردن

ئایا کاک مەسرور دەتوانێت پێداگری لەسەر ئەوە بکات و سازشی لێنەکات کە خودی خۆی و وەزیرەکان و جێگرەکانیان و تەواوی بەڕێوبەرە گشتیەکان و بەڕێوبەرەکان رۆژانە لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تا تەواوبوونی کاتی فەرمی دەوام لە فەرمانگەکانیان بمێننەوە و، ھێندە شوێنەکانیان چۆڵ نەکەن؟! ھەر بەڕاستی دەوامنەکردنێکی رێکوپێک یەکێک بووە لە لەمپەڕە سەرەکیەکانی بەردەم راپەڕاندنی ئیش و کارەکان، بە جۆرێک ھاوڵاتیەکی ئاسایی بۆ راپەڕاندنی مامەڵەیەک چەندین جار سەردانی فەرمانگەکانی کردوە.

شەشەم: زیادەڕەوی نەکردن لە خەرجیدا

لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا و لە سیستەمێکی دامەزراوەییدا، کاربەدەستانی حکومەت کەمترین پارە خەرج دەکەن لە سنوری یاسادا، بەڵام زۆرترین پارە و خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیان دابین دەکەن. بەداخەوە لای ئێمە کاربەدەستان ھەمیشە پارەی زۆریان دەستکەوتوە و میللەتیش برسی کراوە. ئاساییە کاربەدەستان موچەی باشی خۆیان وەربگرن، بەڵام ئاسایی نیە لەولاوە پاساوی ناڕەوا بھێننەوە بۆ گوشینی گەدە و گیرفانی خەڵکی.

حەوتەم: بازرگانی نەکردنی کاربەدەستان!

یەکێک لە ھۆکارەکانی شکست لە حوکمڕانیدا، بریتیە لە قۆزتنەوەی پۆستی باڵا بە مەبەستی بەشداریکردن و پشکداربوون لە پڕۆژەی بازرگانی کەرتی تایبەت. زۆر گرنگە یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران پڕکردنەوەی بەڵێننامە بێت بە وەزیر و جێگرەکانیان کە بە ھیچ جۆرێک پشکداری نەکەن لە بازرگانی و سەرمایەگوزاری کەرتی تایبەت و، سودمەندبوونی کەسیی لە پڕۆژەکانی حکومەت و وەزارەتەکەی. بێگومان پێویستە خودی خۆیشی ھەمان بڕیار لەسەر خۆی جێبەجێ بکات.

ھەشتەم: تێپەڕاندنی پشکداری حیزبی لە پۆستەکانی بەڕێوبەری گشتی و خوارتر

ھەر وەک ھەنگاوێکی زۆر سەرەتایی بەرەو بەدامەزراوەییبوون، پێویستە بەڕێز سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران، ئەگەر نەشتوانێ وەزیر و جێگرەکانیان لە دەرەوەی پشکداری حیزبی دیاری بکات، پێداگر بێت کە پۆستەکانی بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەری و خوارتر مەرجی حیزبیان نەبێت، بەڵکو لێھاتوویی و شیاوی بکرێنە پێوەری سەرەکی. ئەگەر دەسەڵاتەکانی خوارەوە بەھێز و تەکنۆکرات بوون، دەسەلاتی سەرەوەش بەھێز دەرەکەوێت.

نۆیەم: دەزگایەکی راگەیاندنی رەخنەگر

یەکێک لەو کارە جوانانەی کە سەرۆکی ئەم کابینەیە دەتوانێت ئەنجامی بدات دامەزراندنی کەناڵێکی ناوخۆییە کە بەردەوام گرفتەکانی ھاوڵاتیان و رەخنە و گازەندەکانیان بگوازێتەوە، لە پاڵ ئاماژەدان بە دەستکەوتە گەورەکانی حکومەت. بوونی دەزگایەکی راگەیاندنی لەو جۆرە حکومەت دەکات بە چاودێر بەسەر خۆیەوە و، دەتوانێت پردی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھاوڵاتی بەھێز بکات.

دەیەم: بودجە

نەبوون یان دواکەوتنی بوجەی ساڵانە لە کاتی خۆیدا، یەکێک بووە لە لاوازیەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ھەرێمی کوردستان. پێویستە لەو بابەتەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران راستەوخۆ بەدواداچوون بکات بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی بوجەی ساڵانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک دارایی و پلاندانان و وەزارەت و دەستە و پێگەکانی دیکە.

لە کۆتاییدا، بە بڕوای من ئەگەر دەستپێکی کارەکانی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی وەزیران ئەو خاڵانەی لەخۆگرت، ئەوا دەتوانێت داھاتوویەکی بەھێز بۆ خۆی مسۆگەر بکات تا رادەی بەرجەستەکردنی راستەقینەی حکومەتێکی ئەلەکترۆنی خزمەتگوزار، بە پێچەوانەوە ئەویش ئومێدی خەڵکی لەدەست دەدات و، تەنھا دەبێتە دەسەڵاتدارێکی خۆسەپێنی دیکە بەسەر میللەتێکدا کە بەردەوام خەونەکانی خنکێنراون و ئاواتەکانی کوژێنراونەتەوە. لای من ئەمە چاڵێنجێکە و روبەڕووی سەرۆکی نوێی حکومەت دەبێتەوە. ئایا دەیسەلمێنێت کە دەتوانێت بیباتەوە؟!

 

* مامۆستای زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی