ئەنجومەنی راگەیاندن لە کوردستان

Kurd24

زۆر لەو کەسانەی لە دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاگەیاندن لە کوردستان دەترسێن، زانیاریی پێویستیان لەسەر ئەنجومەنی ڕاگەیاندن و شێوەی کارکردنی ئەنجومەنی ڕاگەیاندن نییە، بۆیە پێش دامەزراندنی ئەو دامەزراوە پێویستە، بە بیانووی خەفەکردنی ڕاگەیاندن و ئازادی نووسین و قسەکردن، بە هەموو شێوەیەك دژی دەوستن و هەوڵی سووککردن و بێبایەخبوونی دەدەن. لەڕاستیدا، هەندێك لەوانەی لەگەڵ هەبوونی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنیش دان، بە هەمان شێوە زانیارییان لەسەر ئەم دامەزراوە گرنگە کەمە، یان هەر نییانە، یانیش ئەو تۆزەی هەیانە، تەواو نییە و هەڵەیە.

مێژووی دامەزراندنی ئەنجومەنی ڕاگەیاندن لە جیهان، وەك پێشتر لە گوتاری: (دەربارەی: ئەنجومەنی ڕاگەیاندن Press Ombudsman and Press Council) نووسیمان لە وڵاتی نەرویج لە ساڵی 1912 دەستپێدەکا، لە سوید لە ساڵی 1916ـەوە ئەنجومەنی راگەیاندن هەیە و لە فینلاندیش لە ساڵی 1919ـەوە ئەم ئەنجومەنە هەیە.

هەبوونی "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن"، لەڕاستیدا بەندە بە هەبوونی دیموکراتیەت، بە هەبوونی مافی مرۆڤ، بە هەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و قسەکردن و نووسین و ڕەخنەگرتن، بۆیە ئەگەر لە وڵاتێك، ئەوانەی سەرەوە نەبوو، "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن" بە کارتۆنی دەمینێتەوە و بە ئەرکە جوانەکەی "جوانکردنی راگەیاندن" ناتوانی هەڵبستێ، چونکە کەس ناتوانی ڕەخنە لەکەس بگرێت و لە هەمووش خراپتر، کەس ناتوانێ ڕەخنە لە دەوڵەت و سیاسەتی حکومەت و وەزیر و بەرپرسان بگرێت. ڕاگەیاندن لەوجۆرە دەوڵەتانە، زۆر جددییە و رەقابەیەکی توندیش لەسەر چاپ و پەخش هەیە. هەموو ئەو نووسین و نەرمە ڕەخنانە، پێش بڵاوکردنەوە، دەبێ بە کۆمەڵێك فلتەر ڕەتبووبن، کەسیش مافی وەڵامدانەوەی هیچ نووسینێکی نییە. لەو جۆرە وڵات و سیستەمانە ئەگەر ئۆرگانێك بە ناوی"ئەنجومەنی راگەیاندن" هەشبێت، ئەکتیڤ نییە و خەڵکی جاسووس و ماستاوچی و حزبی ئەم ئەنجومەنانە بەڕێوەدەبەن، بۆیە "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن" زیاتر لە مقەڕی حزبی دەکا، لەوەی لە دەزگایەکی مۆدێرن و بێلایەن، کە کار بۆ جوانکردنی ڕاگەیاندن بکات.

هەر بۆ نموونە: لە پشت ئەنجومەنی راگەیاندنی سوید، ئەم ڕێکخراوانەی خوارەوە هەن و پشتیوانی لێدەکەن: "کۆمەڵەی خاوەندارانی ڕۆژنامە"، "سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سوید"، "دەستەی گۆڤارەکانی سوید"، "پرێس کڵوب". هەروەها هەموو ئەو دەزگایانەی ڕاگەیاندن، کە کۆدێکسەکانی ئێتیکی ڕاگەیاندنیان قبوڵە و لە ڕێکخراوەکانی میدیای سوید ئەندامن، دەتوانن هانا وەبەر ئەم ئەنجومەنە ببەن و داوای یارمەتییان لێبکەن.

ئەگەر لە کوردستان "ئەنجومەنی راگەیاندن" دروست بێت، دەبی "سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان" و "یەکێتی نووسەرانی کوردستان" پشتیوانی ئەو ئەنجومەنە کوردستانییە بکەن. لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندن لە کوردستان حزبییە لە ڕاستیدا، دەبی هەموو مەکتەبی راگەیاندنی حزبەکانیش بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئەنجومەنی راگەیاندنی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانی بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و لەکاتی پێشێلکردنی ئێتیکی ڕاگەیاندن، بڕیارەکانی ئەنجومەن قبوڵ و جێبەجێی بکەن و نامەیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەهەند وەربگیرێن و لەسەر چاوان دابندرێن.

ئەنجومەنی ڕاگەیاندن لە وڵاتانی سکەندەناڤی، بەو جۆرەی خوارەوە کار دەکات:

هاووڵاتیێك لە نووسینێكی رۆژنامەیەك تەشهیری پێکرایە، ئەو هاووڵاتییە، کۆپیێك لە گوتارەکە پەیدادەکات و نامەیەکی تایبەتی خۆشی بۆ ئەنجومەنی ڕاگەیاندن دەنووسێت و هەردووکیان بەیەکەوە بۆ ئەنجومەن دەنێرێت. پاش وەرگرتنی ئەو نامەیە، لە ئەنجومەن کەسانی پسپۆر لە ڕاگەیاندن و یاسا هەن، هەڵسەنگاندن بۆ نامە و ناوەڕۆکی گوتارەکە دەکەن، ئەگەر بزانن هاووڵاتی مافی پێشێلکراوە و غەدری لێکراوە، نامەیەك بۆ سەرنووسەر، یان دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامە دەنووسن و تێیدا باس لە تەشهیر دەکەن و تکا دەکەن، ڕۆژنامە داوای لێبووردن لە هاووڵاتی بکات و خۆی ڕاست بکاتەوە. ڕۆژنامە بێگومان دەتوانێ نامەی ئەنجومەن بخاتە تەنەکەی زبڵ، بەڵام لە تەمەنی زیاد لە سەد ساڵی هەبوونی ئەنجومەن لە سوید، هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن ئەو جورئەتەیان نەکردووە، نامەی ئەنجومەن فڕێ بدەن و پشتگوێی بخەن. ئەوان بە گەیشتنی نامە، زوو نامەیەك بەناوی ڕۆژنامە بۆ هاووڵاتییەکە دەنێرن و داوای لێبووردنی لێدەکەن. ئەوان هیچ شەرم ناکەن، داوای لێبووردن بکەن، ئەگەر هەڵەیان بەرامبەر بە هاووڵاتیێك کردبێت، چونکە ئەگەر ئەو نامە نەنووسرێ، خوێنەر باوەڕ بە ناوڕۆکی ڕۆژنامە ناکات و بەوەش، ڕۆژنامە متمانەی جەماوەر لەدەست دەدات، لەوکاتەشدا خوێنەری نامینێت و ئەگەر ڕۆژنامەش خوێنەری نەبوو، دیارە تەمەنی درێژ نابیت، چونکە ئەوان خۆیان، خۆیان دەژیێنن و پارەیان لە حزبەوە بۆ ناچێت.

بەمجۆرە دەبینین، ڕاگەیاندن جوان دەبیت، چونکە ئەوەی سەرەوە جەوهەری کار و ئامانجی هەبوونی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنە. ئەوان دادگانین، دەزگای ڕاگەیاندن دابخەن، یان بە جۆرێك لەجۆرەکان سزایان بدەن، بەڵکو تەنیا کار لەسەر نامەی هاووڵاتییان دەکەن (هاووڵاتیش دەکرێ هەر کەسێك بێت)، هەڵسەنگاندن بۆ ئەو نووسینانە دەکەن، کە لەلایەن هاووڵاتی بەدەستیان دەگات، کە ڕاستەوخۆ دەکاتە جوانکردنی ڕاگەیاندن، نزیکبوونەوەی لە جەماوەر و درووستکردنی متمانە لە نێوان جەماوەر و دەزگاکانی راگەیاندن.

ئەو ئەنجومەنەی لە کوردستان دادەمەزرێ، دەبێ بە هەموو شێوەیەك لە ئەنجومەنەکانی دیکەی جیهان بکات، هیچ کەس و لایەنێك دەست لە کاروباری وەرنەدات و سەرۆك و جێگر و ئەندامانیش ئەگەر لەکاتێکدا ئەندام، یان دۆستی حزبێکیش بن، لە هەڵسەنگاندنیان دەبی بێلایەن بن و کاریگەریی حزبیان نابی بەسەرەوە ھەبێ.

بۆ ئەوەی ئەنجومەن قورسایی خۆی لەدەست نەدا، وەك لەسەرەوە نووسیم، جگە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و یەکێتی نووسەرانی کوردستان، دەبی مەکتەبی ڕاگەیاندنی حزبەکانیش پشتیوانی لێبکەن، هەروەها هەر رۆژنامە، یان گۆڤار یان ماڵپەڕێکیش لە دەرەوەی حزبەکان بیەوێ پشتیوانی خۆی لە ئەنجومەن بکا، نامەکانی بەهەند وەربگرێ، متمانەی خۆی لەناو جەماوەر دروست بکا، دەبێ دەرگای بۆ بکرێتەوە.

لە وڵاتانی ئەوڕوپای ڕۆژئاوا، کادری ڕۆژنامەنووس لەگەڵ یاساناسان "ئەنجومەنی راگەیاندن" بەڕێوەدەبەن و لە هەر وڵاتە و جۆرە ئالیاتێکیش بۆ بەڕێوەبردنی هەیە، بۆیە دەکرێ بۆ کوردستانیش جۆرە ئالیاتێك بدۆزرێتەوە، کە خەڵك رازیبکات و عەدالەت لە وەڵام و هەڵسەنگاندنەکاندا هەبێ.  

هەر ئۆرگانێك لە کوردستان بەناوی: "ئەنجومەنی ڕاگەیاندن" دروست بکرێ، کار و ئامانجی لەوەی سەرەوە زیاتربێت، ئەوە ئەنجومەن نییە و دەزگایەکی دیکەیە، ناوی ئەنجومەنی ڕاگەیاندنی پێوەنووسایە.