(بەر مەیانەكە) و (شێخەڵلا)ی سۆشیال میدیا

Kurd24

بەیانی لەخەو هەڵدەستم.

پێش ئەوەی لە جێگەكەم هەستم، سەیرێكی مۆبایلەكەم ئەكەم.

بەیانیەكی ساردە.

شیعرێكی كورتی خۆم دەبینم لەگەڵ وێنەیەكەم لە پەیجێكدا بڵاوكراوەتەوە، چاوێك بە كۆمێنتەكاندا دەخشێنم...

ئەو كاتەم بیردەكەوێتەوە، كە تەمەنم دوانزە ساڵ بوو، لە بەردەم مزگەوتی گەورە لەگەڵ خوشكەكەم و دایكم لە بەردەمی دوكانێكدا خەریكی كڕینی پاقڵاوە و شەعریە بووین، كەسێك لە دواوە دەستی بۆ بردم.

 هەرچەندە من ئەو كاتە هێشتا جەستەی خۆمم بە تەواوی نەناسیبوو، سەرم لە ئەلفوبێی جوانی و حەز و ئەم شتانە دەرنەدەكرد، بەڵام باش عەقڵم بەوە دەشكا، كە ئەم لەشە هی منە و هیچ كەسێك بۆی نییە بە دڵی خۆی دەستم لێ بدات، بەرچاوم ڕەش بوو، بێ ئەوەی بیر بكەمەوە، لە ناو جەرگەی ئەو بازاڕە قەرەباڵغەدا ئاوڕم دایەوە و پڕ بە دەنگم جنێوێكم پێدا و بە هەموو هێزم مشتەكۆڵەیەكم كێشا بە پشتیا. وامدەزانی دنیا كۆتایی هاتووە و ئەمە گەورەترین كارەساتە رووبدات. پیرەمێردێكی درێژی جامانە بەسەر، مشتەكۆڵە بچكۆڵەكەی من، جەزرەبەی گەیاندێ و وەك كەر سەر سمێكی دا و جامانەكە لە سەری كەوتە خوارەوە، بە هەردوو دەستی جامانەكەی لە ئاستی سنگیدا گرتەوە و ئاوڕی نەدایەوە و ڕۆیشت، دەنگی گەنجەكان هاتە گوێم كە لای سیاجێكەوە وەستابوون، یەكێكیان جنێوێك بەو پیاوە دەدات و هاوڕێكەی پێی دەڵێ وازی لێبێنە، پێویستیی بە بەرگری نییە، خۆی ئازایە، گوێم لە دەنگێكی ترە دەڵێ وەڵا ناو جەرگی بڕی.‌

لە بیرمە، من ئەو كاتە ئەوەندە شەرمن بووم، تەنانەت ڕووم نەدەهات بەخێرهاتنی میوانیش بكەم، یاخود وەڵامی سڵاو بدەمەوە، لەناكاو بیرم دەكەوێتەوە، كە من لە بەردەم دووكانەكە، لەگەڵ دایكم پاقڵاوە و شەعریەمان دەكڕی، دڵم پڕ دەبێت و تەریق دەبمەوە و لچم دەلەرزێت، كابرای دوكانداریش بەدەم دانانی پاقڵاوەكەوە، بە دەنگێكی بەهێزەوە پێم دەڵێت نەكەی بگریت، ئیشی خۆتت كرد، مەیكە بە نوزە نوز، قسەی كابرای دوكاندار، كە دیارە بە حوكمی شوێنەكەی ڕاهاتووە بەو جۆرە ڕووداوانە، كەمێك هێزم دەداتێ، بەڵام دایكم تەریق بۆتەوە و هەموو بازاڕ سەیری ئێمە دەكات.

لەگەڵ گەیشتنمان بۆ ماڵەوە، دایكم زەرفەكانی دادەنێت و‌ باسی ئەوە بۆ باوكم دەكات، كە بوین بە فیلمی هەموو بازاڕ.

باوكیشم دوای ئەوەی چیرۆكەكە دەزانێت، بە دانیشتنێكی ئارامەوە لەسەر قەنەفەكە سەیرێكی من دەكات و دەستخۆشانەم لێدەكات. ئیتر من شانازی بە خۆمەوە دەكەم و جار جارەش وەك پاڵەوانیەتییەك، چیرۆكی ئەو پیرەمێردە دەگێڕمەوە، كە ناو جەرگیم بڕی.

ئەو ڕووداوە وای لێكردم متمانەم بەوە بێت، كە من دەتوانم خۆم بپارێزم و كەس ناتوانێت دەستم بۆ درێژ بكات، بەڵام ببڕای ببڕ نەچوومەوە ناو بازاڕە قەرەباڵغەكان، ڕاستییەكەی دایكم و باوكیشم منیان بە شەڕانی دەهاتە بەرچاو و ئامادە نەبوون هەموو جارێك توشی ئەم جۆرە ڕووداوانە ببن.

سۆشیال میدیا هەموو دیوارەكانی شكاند و كۆمەڵگەی كرد بە شێخەڵا و بەرمەیانێكی گەورە، چیتر لە دەستی خۆماندا نییە كە نەچینە ناویان و دوور بوەستین لێیان، ئەم (بەرمەیانە) جیاوازە لە بەرمەیانەكەی منداڵیم، لێرە ئیتر دەبێت بێدەنگ بین، بە بێدەنگی بەلای كۆمێنت و دەستبردنەكاندا بڕۆین و زیاتر نەیانوروژێنین.

شیعرێكم بە وێنەیەكمەوە دابەزیووە، لە مەیدانێكدا كە هیچ پەیوەندیەكی بە شیعر و ئەدەبیاتەوە نییە، لە كۆمێنتەكاندا پیره‌ پیاو ئاسا دەست نا، زمان درێژ دەكەن و من كە لە دوازدە ساڵییەوە هەڵمبژاردوە، چیتر نەچمە ئەو شوێنانەی پیره‌ پیاو تێیدا دەستم بۆ دەبات، بەتەما نیم بە تەمەنی سەروو چل ساڵیمەوە دابەزمە ناو مەیدانی كەسانی بچووك، بەڵام چاوێك بە پرۆفایلی دوو كۆمێنتچیدا دەگێڕم، پرۆفایلی دەمپیسێك پڕە لە باسی فەلسەفە و شەوی یەڵدا و عەشق و شیعر و پرۆفایلی حەشەریەكەش هەمووی ناوی خوا و پێغەمبەر و دووعا و نزایە.

من منداڵه‌كەی جاران نیم، من دەبێت منداڵەكەی ناخم بپارێزم لە دەستی هاوشێوەی پیره‌ پیاوه‌ خوێڕیەكە.

هەر لە ژووری خۆم قاوەیەك دروست دەكەم و لەگەڵ یەكەمین قوم لە قاوە تاڵەكە و دەنگی نەرمی ئەحمەد كایا، ڕۆژەكەم شیرین دەبێت و ئەوەی بیرم نەمێنێت پیره‌ پیاو و بەرمەیانەكەیە.