باشور له نێوان گرژییه‌کانی ئێران و ئه‌مریکادا
رابردووی ئاڵۆزیه‌کانی ئێران و ئه‌مریکا ده‌گه‌رێته‌وه بۆ چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڵام هیچکات تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئێستا له مه‌ترسی شه‌ر نیزیک نه‌بونه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری خۆلادان له شه‌ڕیش وێناچێ گه‌مارۆ ئابووریه‌کان و شه‌ڕه سیاسیه‌که‌یان به‌مزووانه کۆتایی بێت.
هه‌ر له سه‌ره‌تای شۆرشی 1979وه تاکو ئێستا ئێران و ئه‌مریکا کێشه‌یان پێکه‌وه هه‌بووه و ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هێندێک جار به شێوه‌ی تاکتیکیش وازیان له دوژمنایه‌تی راسته‌وخۆ هێنابێ، دۆست و هاوپه‌یمانه‌کانیان له دژی یه‌ک هانداوه. براوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ئێران نابێ و ئه‌گه‌ر تووشی چاره‌نووسی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تیش نه‌بێ، دیسان ئێرانێکی لاواز و که‌م ده‌سه‌ڵات ئاکامی کۆتایی ئه‌م ململانه‌یه ده‌بێ.
له‌و نێوه‌دا کورد به تایبه‌تی کوردی باشوور به‌ره‌وڕووی هه‌لێکی باش ده‌بێته‌وه که ئه‌گه‌ر که‌ڵکی پێویستی لێوه‌ربگرێ ده‌توانێ ته‌نانه‌ت بۆ پارچه‌کانی دیکه‌ش خێری تێدابێ. حکومه‌تی هه‌رێم پێوه‌ندی توندوتۆڵی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو لایه‌نی ئه‌و شه‌ڕه واته ئێران و ئه‌مه‌ریکا هه‌یه. باشوور خه‌ریکه ده‌بێته تاقه هاوپه‌یمانی ئێران له ناوچه‌دا به تایبه‌تی که به‌غداش خه‌ریکه ورده ورده خۆی له تاران دوور ده‌خاته‌وه. بڵێی کاربه‌ده‌ستانی باشوور بتوانن له‌م هه‌له مێژووییه بۆ وه‌رگرتنی چه‌ند ئیمتیازی گرنگ له ئێران بۆخۆیان و بۆ پارچه‌کانی دیکه که‌ڵک وه‌ربگرن؟ له‌م نوسراوه‌یه‌دا پێگه‌ی ئێران له ناوچه‌که، پێوه‌ندی ئێران و باشوور و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی که‌ڵکی دروست وه‌رگرتن له‌م ئاڵوگۆڕانه شیده‌کرێته‌وه.
ئێران بۆخۆی له خۆی تێکدا ده‌نا تا 2014 ده‌سه‌ڵاتی چوار وڵاتی ناوچه‌كه‌ی به ده‌سته‌وه گرتبوو، هێزی یه‌که‌می رۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو. رووخانی تاڵیبان و سه‌ددام به قازانجی ئێران شکایه‌وه و ده‌کرێ بڵێین ئه‌مه‌ریکا له شه‌ڕی دژه تێرۆر دوو دیواری بۆ ئێران رووخاند تا بتوانێ بناغه‌ی هیلالی شیعه دابمه‌زرێنێ. به‌ڵام ئێران له جیاتی سازکردنی هێژمۆنێکی نه‌رم رێگای داگیرکاری گرته به‌ر و ویستی حکومه‌ته‌کانی به‌غدا و دیمه‌شق و به‌یروت و سه‌نعا له ژێر رکیفی خۆی دابێ و کاتێک به‌ره‌وڕووی هێزی سوننه بووه‌وه به تایبه‌تی دوای به‌هاری عه‌ره‌بی له سووریا و عێراق، رێگای سه‌رکوتی راسته‌وخۆی گرتهبه‌ر که یه‌کێک له ئاکامه خراپه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی داعش بوو.
ئێران لێره‌دا تووشی دوو هه‌ڵه‌ی کوشه‌نده بوو؛ له 2014 بۆ سه‌رکوتی داعش له شه‌ڕی تکریت داوای یارمه‌تی له ئه‌مریکا کرد و له 2015 بۆ راگرتنی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات داوای یارمه‌تی له رووسیا کرد. له راستی دا ئێران به ده‌ستی خۆی سه‌روه‌ری خۆی له ناوچه‌دا پێشکه‌شی دوو زلهێزی جیهانی کرد. هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی له 2003 وه تا 2011 بۆ وه‌ده‌رنانی ئه‌مریکا له عێراق پوچه‌ڵ کرده‌وه و پوتینیشی له سووریا کرده کوێخای گه‌وره.
له 2015 چانسێكی دیکه رووی له ئێران کرد که ئه‌ویشی له ده‌ستدا. ئه‌مریکا وێرای پێنج زلهێزی دیکه له‌گه‌ڵ ئێران رێکكه‌وتن و گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێرانیان لابرد و پاره‌یه‌کی خیاڵیشیان پێشكه‌شی تاران کر. به‌ڵام ئێران له جیاتی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ده‌رفه‌ته زێرینه، جموجۆڵه‌کانی خۆی زیاتر کرد و موشه‌کی به‌ره‌وڕووی ئیسرائیل داکوتا و خۆی له شه‌ڕی یه‌مه‌نیش وه‌ردا. ئه‌وانه‌ش بیانوی پێویستیان به سه‌رۆکۆماری تازه‌ی ئه‌مریکادا که له رێكکه‌وتنه‌که پاشگه‌ز بێته‌وه.
ئێستا گه‌مارۆکانی پێشوو دیسان ئه‌کتیڤ بوونه‌ته‌وه و گه‌مارۆی تازه‌تریشی پێ زیاد بووه و ئه‌گه‌ری شه‌ڕی راسته‌خۆش له په‌نا گۆێچکه‌ی ئێرانه. چی دیکه ناتوانێ پاره‌ی حیزبوولای لوبنان دابین بکا. چی دیکه ناتوانێ نه‌وتی به‌لاش بۆ ئه‌سه‌د بنێرێ و خێرا خێرا بنکه‌کانیشی له سووریا بۆمبباران ده‌کرێ. به‌غدا لێی له فێڵه و له ده‌رفه‌تی گه‌مارۆی نه‌وتی ئێران بۆ زیادکرنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی خۆی که‌ڵکی وه‌رگرتوه. پوتینیش شانی لێهه‌ڵته‌کاندووه که من ئاگر کوژێنه‌وه نیم و ناتوانم به دژی ئه‌مریکا پشتیوانی له ئێران بکه‌م.
ره‌وشی ئابووری ناوخۆی ئێران له‌وپه‌ڕی خراپی دایه و ناره‌زایه‌تی خه‌ڵکیش گه‌یشتۆته لوتکه. ئێران ئێستا ته‌نیا باشوری کوردستانی وه‌کو دۆست بۆ ماوه‌ته‌ووه که ره‌نگه بتوانێ بۆ پێوه‌ندی ئابووری و ده‌ور لێدانه‌وه‌ی گه‌مارۆکان و هه‌روه‌ها بۆ فرۆشتنی نه‌وت به قاچاغ که‌ڵکی لێوه‌ربگرێ.
کورد له‌و نێوه‌دا چ که‌ڵکێک ده‌توانێ له ئێران وه‌ربگرێ؟
ویسته‌کانی کورد له‌و کاته‌دا نابێ ته‌نیا ئابووری بێ، به‌ڵكو زیاتر ده‌بێ وه‌کو هه‌لێک بۆ ئیمتیازاتی سیاسی که‌ڵکی لێوه‌ربگرێ. ئێستا تمه‌ن ئه‌وه‌نده هه‌رزانه که هه‌ر په‌یوه‌ندی ئاسایی ئابووری بۆخۆی وه‌کو سوودی ئابوری دێته به‌رچاو، به‌ڵام له سێ بواردا حکومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ که‌ڵکی سیاسی وه‌ربگرێ: پشتیوانی بۆ دووبارهبونه‌وه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، پشتیوانی بۆ خودموختاری رۆژئاوا له نه‌خشه‌ی سیاسی سووریای داهاتوودا و وه‌گه‌ڕخستنی وتووێژی ئاشکرای ئێران له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکرنی کێشه‌ی کورد له ئێران. هه‌ر سێ ئه‌م ویسته سیاسییانه ده‌توانن خاڵی وه‌رچه‌رخان له مێژووی هاوچه‌رخی کورددا.
کاتی رێفراندۆمه‌که‌ی 2017 ئێران له هه‌موو وڵاته‌کانی دیکه توندتر بوو دژی سه‌ربه‌خۆیی. خامنه‌یی یه‌که‌م سه‌رۆک بوو که گوتی رێفراندۆم به هیچ شێوه‌یه‌ک قبوڵ ناکرێ. تورکیا به هه‌موو هاشوهوشه‌کانیه‌وه به کرده‌وه هیچی نه‌کرد، به‌ڵام ئێران ئه‌وه‌ی له ده‌ستی هات به دژی ریفراندۆم کردی. که واته به‌رپرسانی باشوور له کاتی دانوستنه‌کانیاندا ده‌بێ گارانتییه‌ک له ئێران وه‌ربگرن که له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی ریفراندۆم یا راگه‌یاندنی راسته‌وخۆی سه‌ربه‌خۆیی یارمه‌تی باشوور بدات یا لانی که‌م بێده‌نگ بێ و به‌غدا و ئانکارای له دژی هاننه‌دا.
به نیسبه‌ت سووریا‌ش راسته ئێستا پوتین کوێخای گه‌وره‌یه به‌ڵام به راستی کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ مافی کورد له سووریا نییه، ئه‌وه ئێرانه که ئه‌سه‌د هانده‌دا دان به مافی کورددا نه‌نێت. به‌رپرسانی باشوور ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ن ئێران رازی بکه‌ن که له ده‌ستووری تازه‌ی سووریادا حکوومه‌تی دێفاکتۆی کورد له رۆژئاوا به ره‌سمی بناسرێ.
له هه‌مووی گرنگتر، ئێران ئێستا پێویستی به هێمنی له ناو سنووره‌کانی و به تایبه‌تی له سه‌ر سنووره‌کانیه‌تی. به‌رپرسانی باشور ده‌توانن تاران هانبده‌ن له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات وتووێژی ئاشکرا بکه‌ن و دان به مافی کورد له ناوخۆی ئێران‌دا بهێنێ. ئه‌و وتووێژانه ته‌نانه‌ت له ئه‌گه‌ری رووخانی حکومه‌تی ئێستاشدا دیسان بۆ کوردی رۆژهه‌ڵات هه‌ر ده‌بێته ده‌سکه‌وتێک. له بیرمان نه‌چێ که ئه‌م حکومه‌ته‌ی ئێستای باشوور له سه‌ر بناغه‌ی رێکه‌وتنی 1970 دامه‌زراوه. که واته هه‌ر چه‌شنه ئێعترافێک به مافی کورد له لایه‌ن هه‌ر هێزێکی دوژمن و له هه‌ر سه‌رده‌مێکدا بێ تازه بۆ پاشگه‌زبونه‌وه نابێ.
با بزانین له مانگه‌کانی داهاتوودا حکومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێ هونه‌ری دیپلۆماسی خۆی نیشان بدات؟.