ده‌ی خۆ ئه‌مه‌یش باش نییه؟!
هه‌ندێ وڵات هه‌یه خه‌ڵكه‌كه‌ی خراپه، هه‌ندێ خه‌ڵكیش هه‌یه وڵاته‌كه‌ی خراپه، لای ئێمه تا ئێستا هه‌ردووكیان خراپ بوون، خراپ به پێوانه‌ی سه‌دامییانه نا، هه‌ر جۆره حكوومه‌تێكمان هه‌بێت، له‌وه‌ی سه‌دام و له‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ریشمان باشتره، ده‌ڵێین خراپه، چونكه وه‌ك سوید نییه، ده‌شڵێین باشه چونكه وه‌ك سووریا نییه!
لێره، نه خه‌ڵك ده‌زانێت به حكوومه‌ته‌كه‌ی بڵێت چی بكات و چی نه‌كات، نه حكوومه‌تیش ده‌زانێت چی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی باشه تاكو ئه‌وه‌ی بۆ بكات، خه‌ڵك لێره ناڕازییه. ڕه‌وشی درامای كوردی؟ باش نییه! ڕه‌وشی مۆسیقای كوردی؟ باش نییه! ڕه‌وشی كشتوكاڵ؟ باش نییه! ڕه‌وشی مناڵان؟ باش نییه! ڕه‌وشی ئایين؟ ئیمان؟ ئاسمان؟ هه‌وا؟ هه‌رچی دیكه‌ت به خه‌یاڵدا هات بپرسه، ئاسانترین و خێراترین وه‌ڵامی كوردێك هه‌ر (باش نییه)یه!
ئاخۆ ده‌بێت گه‌ل و وڵاتێكی ديكه له دونیادا هه‌بێت، له نێویاندا هه‌رچیت به‌خه‌یاڵدا هات، باش نه‌بێت لایان؟ ئه‌دی ئێوه چیتان باشه؟ ئه‌م گه‌له‌ی كه له هه‌موو سێكته‌رێكی ژیانی خۆی ناڕازییه و هه‌ر ئاوات به ژیانی ئه‌وروپایی و ئه‌مریكاییه‌كان ده‌خوازێت، كه‌چی هه‌تا ئێستاش ده‌بێت له‌سه‌ر دار و دیواره‌كان، له‌سه‌ر ده‌رگای ته‌والێته‌كان، له مزگه‌وت و باڕ و زانكۆكان، بۆی بنووسیت: تكایه پاك و خاوێنی ڕابگره، تكایه پاش خۆت ئاوی پیاكه، تكایه لێره‌دا خۆڵ مه‌ڕێژه، تكایه لێره‌دا ئۆتۆمبێل ڕامه‌گره، تكایه بێده‌نگی بپارێزه، ئیمانداره‌كانیان له نێو مزگه‌وته‌كاندا، مه‌لا و ئیمام و خه‌تیبه‌كه، له هه‌موو نوێژێكدا پێیان ده‌ڵێت: ڕه‌حمه‌تی خواتان لێ بێت، موبایله‌كانتان بكوژێننه‌وه، به‌رده‌وام ده‌بێت پێیان بووترێت ڕێك بوه‌ستن، پاڵ بده‌ن به یه‌كترییه‌وه.
میلله‌تێك كه خۆی نه‌زانێت ڕێك بوه‌ستێت، نه‌زانێت پاش خۆی ئاوی پیا بكات، نه‌زانێت له شوێنێكدا كه پێویسته بێده‌نگ بیت، بێده‌نگ بێت، ئه‌م جۆره میلله‌تانه چۆن ڕوویان دێت داوای ژیانی باش و خزمه‌تگوزاريی باش و ژینگه‌ی باش بكه‌ن؟!
زۆربه‌ی كورد پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر پیشه‌یه‌كی ديكه‌ی هه‌بێت، دادوه‌ره و ڕۆڵی دادگا ده‌گێڕێت، له‌گه‌ڵ تاكسییه‌كدا سواربه، هه‌تا ده‌تگه‌یه‌نێته شوێنه‌كه‌ت، سه‌دان تاوانبارت بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات، له‌گه‌ڵ سه‌وزه فرۆشێكدا ده‌مه ته‌قه‌یه‌ك بكه، هه‌تا چوار ده‌سك سه‌وزه‌ت بۆ ده‌كاته عه‌لاگه‌یه‌كه‌وه، په‌نجا كه‌ست وه‌ك جاش و خۆفرۆش و خیانه‌تكار و دز و گه‌نده‌ڵ پێ ده‌ناسێنێت، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كت (كه خۆی خۆشی ده‌وێن) لێ ده‌كاته یه‌سوعی زه‌مانه و چه‌ندی دیكه‌یشت (كه خۆی ڕقی لێیانه) به شیاوی مل په‌ڕاندن و زیندانیكردن بۆ ڕاڤه ده‌كات! هه‌مووی پێیوایه باشترین شێوازی حوكمڕانی و تیۆره‌ی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت لای ئه‌وه!
له‌م جۆره وڵاته شڵه‌ژاوه نا سه‌قامگیره ڕۆژهه‌ڵاتییانه، كوردیش به تایبه‌ت به‌شه‌كه‌ی باشووری، به پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای یاسایی (هیچ كه‌س تاوانبار نییه و هیچ كه‌س سزا نادرێت، تا ده‌قێك نه‌یسه‌پێنێت) ڕه‌فتار ده‌كات، ئێستا مێنته‌ڵێتی كورد یاسا و دیموكراسی و ڕێسا و عورفه‌كانیشی تێپه‌ڕاندووه، لای زۆرینه هیچ كه‌س باش نییه، چونكه ئه‌و تاوانێكی هه‌ر لێ ده‌دۆزێته‌وه!
ته‌نیا لای ئێمه و ئه‌م وڵاته ڕۆژهه‌ڵاتییانه‌ی هاوشێوه‌مان، گه‌مژه‌یی له زه‌ره‌رت نییه، تۆ چه‌نده‌ت پێ خۆشه گه‌مژه‌به، هیچ زه‌ره‌ر ناكه‌یت، مه‌خوێنه‌ره‌وه، بیر مه‌كه‌ره‌وه، مه‌چۆ قوتابخانه و زانكۆ، هیچت له ده‌ست ناچێت، هیچ پاڵنه‌رێك نییه وا له تاكی ئه‌م وڵاته بكات كه شتی باشتر بكه‌ن، تۆ ئه‌گه‌ر باشیت له خێری خۆته، به‌ڵام كوا باشیت؟ هه‌ر جنێو به یه‌كدی ده‌ده‌ن، جارێكی دیكه وتوومه و ئێستاش ده‌یڵێمه‌وه: ئه‌و جنێوانه‌ی كوردێك له ڕۆژێكدا به كوردێكی دیكه‌ی ده‌دات، به‌شی شه‌ش مانگی سویدییه‌ك ده‌كات كه به سویدییه‌كی دیكه‌ی بدات!
ئێستا كورد نه‌ك كه‌ره‌سته، به‌ڵكو گوند و شاریش هاورده ده‌كات، گوندی ئیتاڵی و ئه‌ڵمانی و ئینگلیزی، لوبنان سیتی و ئه‌مریكان سیتی و ده‌یان سیتی دیكه، ئه‌م میلله‌ته هه‌رچی درووستكراوه‌كانی دونیا هه‌یه، له ده‌ره‌وه هاورده‌ی ده‌كات، كه‌چی خۆی جگه له مرۆڤ، جگه له تاكه‌كانی خۆی، جگه له منداڵ و گه‌نجه بێ كار و سه‌رلێشێواو و برسی و شڕۆڵه‌كانی خۆی، هیچ شتێكی دیكه هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ناكات، ده‌ی خۆ ئه‌مه‌یش باش نییه؟!