پارتی، حیزبه خێڵه‌كییه‌كه‌ی دوێنێ!
یه‌كێتی كه چووه شاخ، چاپخانه و ڕادیۆ و ته‌نانه‌ت تیپی مۆسیقاشی برد، كۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌ران و مامۆستایان و چه‌ندین گروپ و سه‌ندیكایشی دروست كرد، ئه‌و گۆرانییه شۆڕشگێڕییانه‌ی له شاخ و بنه به‌رد و ئه‌شكه‌وته‌كان تۆمار كران، له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆی ستۆدیۆ مۆدێرنه‌كان كاریگه‌رتر بوون!
هه‌میشه پارتی له ڕووی زمان و به‌یانه‌وه، شكستی خواردووه به‌رامبه‌ر به یه‌كێتی، ڕادیۆكه‌ی یه‌كێتی هه‌میشه له‌وه‌ی پارتی بیسه‌ری زۆرتر بوو، كه‌م جار هه‌بووه به‌لاغه‌ت و زمانی ڕاگه‌یاندنی پارتی، هۆڵیوده لۆكه‌ڵییه‌كه‌ی یه‌كێتی ببه‌زێنێت، ئه‌م حیزبه هه‌میشه براوه‌ی ناو وتار و قسه و كۆڕه فكرییه‌كان بووه، ئه‌م دۆخه تا ساڵی ١٩٩٦ هات و له‌وێشه‌وه به مردوویی تا ساڵی دوو هه‌زار هات و ئیدی وه‌ستا!
بۆیه یه‌كێتی له‌و ماوه‌یه‌دا كه درێژكراوه‌ی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووش بوو، جه‌ماوه‌رێكی باشی به چه‌ند نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆخۆی په‌روه‌رده كرد، په‌روه‌رده‌یه‌ك كه "هه‌رچی خراپه پارتی ده‌یكات و ئێمه‌ش كه باش ناكه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌یه پارتی نایه‌ڵێت و ڕێگره!".
لای ئه‌م جه‌ماوه‌ره هه‌میشه پارتی خێڵه‌كی و نه‌فامه، بۆیه هه‌رگیز نایه‌وێت به ئه‌پده‌یتێكی نوێوه له‌م حیزبه بڕوانێت، دواین وێنه‌ی پارتی لای ئه‌م خه‌ڵكه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی له ساڵی نه‌وه‌د و شه‌شه‌وه بۆی كێشا بوو!
ئیدی ئه‌مڕۆش، خه‌ڵكێكی زۆر هێشتا پارتی قه‌بووڵ نه‌كردووه، ئه‌وان هه‌ر به ڤێرژنی نه‌وه‌د و شه‌شه‌وه له‌م حیزبه ده‌ڕوانن، نایانه‌وێت ئه‌وه قه‌بووڵ بكه‌ن كه پارتی زۆر شتی تیا گۆڕاوه، ده‌یانه‌وێت پارتی هه‌ر وه‌كو پێشتر بێت و هه‌ر وه‌كو ئه‌وسا لێ بخورێت تا بیانوویان هه‌بێت جنێوی پێ بده‌ن!
ئه‌وانه‌ی كه ڕقیان له پارتییه، نایانه‌وێت پارتی هیچ چاكه‌یه‌ك بكات، ئه‌سڵه‌ن ئه‌وان چێژ له هه‌ڵه‌كانی پارتی وه‌رده‌گرن، به‌رده‌وام به‌وه گه‌شه ده‌كه‌ن كه پارتی هه‌ڵه‌ی قوڵتر و به ئازارتر بكات! ده‌ی ئه‌گه‌ر پارتی كاری باش بكات، لای خه‌ڵك خۆشه‌ویست ده‌بێت، ئه‌وانیش ئه‌مه‌یان ناوێت! به‌شێكی به‌رچاو له حیزبه‌كان بۆیه دروست بوون چونكه پارتی كه‌موكورتی زۆری هه‌بوو، ئه‌وان به‌رئه‌نجامی خراپه‌ی پارتی بوون له ڕۆژگارێكدا، بۆیه ئه‌گه‌ر پارتی خۆی ڕێك بخاته‌وه و چاكسازییه‌كی باش بكات، هیچ یه‌ك له‌و حیزبانه بازاڕیان گه‌رم نابێت، كه‌واته هه‌میشه ده‌بێت پارتی وه‌ك هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره نیشانی جه‌ماوه‌رێكی زۆر بدرێت! بۆیه ناخوازن ئه‌م حزبه له گه‌نده‌ڵی بێته ده‌ره‌وه و ببێته حیزبێكی ماقووڵ، ئه‌گه‌ر پارتی بیه‌وێت خۆی چاك بكات، ڕێی لێ ده‌گرن، ئه‌وان حه‌ز ده‌كه‌ن كه‌شتی كوردستان غه‌رق بێت مادام كه‌شتیونه‌كه‌ی بارزانییه!
ئه‌وه حه‌قیقه‌تێكه كه پێشتر پارتی حیزبێكی به‌رته‌سك و داخراو بوو، نه ڕێژه‌ی ئازادیییه‌كه‌ی ژێرده‌ستی به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی سلێمانی و نه تێگه‌شتنی سیاسیشی له ئاست هۆشیاریی ده‌سته‌بژێری خوێنده‌وار و ڕۆشنبیرانی وه‌خت بوو! بۆیه ئه‌وه‌ی كه‌مێك خوێنده‌واری هه‌بووایه و سه‌روكاری له‌گه‌ڵ فكر و كتێب هه‌بوایه، خۆی ده‌پاراست له نزیك بوونه‌وه له‌م حیزبه و زۆرتر ڕووه و چه‌په‌كان و به‌گشتیش ڕووه و یه‌كێتی ده‌ڕۆشت!
ڕۆژگاری پێشوو، پارتی زۆرتر پشتی به چه‌ك و گوشاره فیزیكییه‌كان به‌ستبوو بۆ ڕاگرتنی خه‌ڵك، به‌ڵام ئه‌وڕۆ پارتی ته‌واو پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ دوێنێیدا و ڕووشی نایه‌ت حاشا له‌و دوێنێیه‌ی بكات! دوێنێیه‌ك كه پڕ بوو له تووندڕۆیی سیاسی، ئه‌م پارتییه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه، سه‌د بارته‌قا له‌وه‌ی دوێنێ باشتر و كراوه‌تره، ئازادی لای ئه‌و هیچی كه‌متر نییه له‌و شوێنانه‌ی كه جاڕی بۆ ده‌درێ و ماركێتینگی له‌سه‌ر ده‌كرێ!
به‌ڵام هه‌ڵه‌كانی ئه‌م حیزبه له‌مڕۆدا ئه‌وه‌یه كه كوردایه‌تی له تاكه كه‌سدا چڕ كردووه‌ته‌وه و به‌ستوویه‌تییه‌وه به خودی بارزانییه‌وه، هه‌موو قووه‌تی زاتی و ماددی و سیاسی مه‌سعود بارزانیش دوو ملیۆن كه‌سی پێ ڕازی ده‌كرێ، گه‌رنا وتمان سێ ملیۆن كه‌سی پێ ڕاده‌گیرێت، ئه‌دی چوار ملیۆنه‌كه‌ی تر؟ هه‌ر ته‌ماشا بكه‌ن و بڵێن بارزانی ڕاست ناكات؟!
پشت به‌ستن به سه‌ركرده و چڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو خواسته‌كان له‌سه‌ر هێزی سیاسی و مه‌عنه‌و‌ی تاكه كه‌سێك، گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتییه، كه‌سیان هیچ ناكه‌ن و هه‌موویان هه‌ر ته‌ماشا ده‌كه‌ن و ده‌شیانه‌وێت هه‌موو شتێكیان بۆ چاك بكرێت! مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی و كورد به‌تایبه‌تی، هه‌رگیز خۆیان هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هێز و ژیری ناده‌ن، به‌درێژایی ساڵاكه‌نیان له چاوه‌ڕوانی ده‌ركه‌وتنی مرۆڤێكی ژیر و به‌هێزن و چاوه‌ڕێن ئه‌و كه‌سه هه‌موو شته‌كانیان بۆ چاك بكات و هه‌موو خواسته‌كانیان بۆ به‌دی بێنێت!
ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردی و هه‌موو توانا و هێزی خۆی خستبووه سه‌ر توانا فه‌ردی و زاتییه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا، وا خه‌ریكه پارتییه‌كانیش ده‌یكه‌نه‌وه، كه‌سیان هیچ ناكه‌ن و هه‌ر ده‌یانه‌وێت بارزانی بۆیان بكات، ده‌یانه‌وێت بارزانی بۆیان ببێته قازی، پۆلیس، مه‌لا و پزیشك، ده‌یانه‌وێت بارزانی ده‌وڵه‌تیان بۆ دروست بكات و نه‌وتیان بۆ بفرۆشێت و به‌سه‌ریاندا دابه‌ش بكات، خۆ مرۆڤی ئێمه له دووی سیستم و ئیداره نییه، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت تاكه‌كه‌س ئه‌م شتانه‌ی بۆ بكات، ده‌یه‌وێت بارزانی ئاگای له‌و بێت كاتێك ده‌چێته نه‌خۆشخانه، مزگه‌وت، پارك و وه‌ك خه‌لیفیه‌كی ئیسلامی به كۆڵانه‌كاندا بگه‌ڕێ و یه‌ك یه‌ك له كێشه‌كانیان بكۆڵێته‌وه! هه‌مووی چاوه‌ڕێی كه‌سێكن شتیان بۆ بكات، كاتێكیش كه‌سه‌كه نه‌یتوانی شته‌كانیان بۆ بكات جنێوی پێ ده‌ده‌ن، وه‌ك ده‌ڵێن شكست دۆخێكی كاتییه، ئه‌وه هیچ نه‌كردنه به‌رده‌وامی پێ ده‌دات. كورد هیچ ناكات، به‌مه‌ش هه‌میشه له شكستدا ماوه‌ته‌وه!