ئه‌گه‌ر كاك نه‌وشیروان بمایه...
خاڵی هاوبه‌شی نێوان هه‌موومان شه‌ڕه، تێكڕای لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆت هه‌ڵبده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ی باپیره‌ی من و باپیره‌ی تۆی پێكه‌وه به‌ستووه‌ته‌وه شه‌ڕه، كێ ده‌توانێت ساڵێكی مێژووی كوردم پێ بڵێت كه شه‌ڕی خۆخۆری و خۆكوژی تیا نه‌كراوه؟
ئێمه شه‌ڕ و ناكۆكی و خۆخۆری ئێستامان ده‌به‌ستینه‌وه به نه‌وت و ئاشتی هه‌ورامی و نه‌بوونی مووچه‌وه، به‌ڵام له سه‌رده‌می بابان و سۆران و ئه‌رده‌ڵان و بۆتان و به‌تلیس-یشدا نه‌وت و موچه و پایه وپه‌رله‌مانمان نه‌بوو، كه‌چی هه‌ر شه‌ڕمان ده‌كرد، له‌وه‌ته‌ی هه‌ین له یه‌كدی ده‌كوژین و قه‌تیش ته‌ریق نابینه‌وه!
یه‌كێتی به‌شی ڕه‌میكردنی هه‌موو كورد فیشه‌كی هه‌یه، پارتی به‌شی كوشتنی هه‌موو كورد فیشه‌كی هه‌یه، گۆڕان به‌قه‌د كوشتنی هه‌موو كورد فیشه‌كی پێ كۆده‌كرێته‌وه و ڕه‌نگه ئێستا نیوه‌شی هه‌بێت!
ئێمه سه‌دان بیانوومان هه‌یه كه شه‌ڕی یه‌كتری پێ بكه‌ین، من هه‌ر ئێستا ده‌توانم بێ بیركردنه‌وه، سه‌د خاڵت بۆ بژمێرم كه وه‌ك بیانووی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی نێوان پارتی و گۆڕان كه‌ڵكی لێ وه‌ربگریت! به‌ڵام نازانم چیت پێ بڵێم وه‌ك خاڵی دۆستایه‌تی و یه‌كدی ویستی نێوانیان!
له‌وه‌ته‌ی هه‌ین به‌دوای خاڵی هاوبه‌شی نێوانمان نه‌گه‌ڕاوین، یه‌ك ملیۆن پارتی ڕقی له چوارسه‌د هه‌زار گۆڕانه، چوارسه‌د هه‌زار گۆڕان ڕقی له پێنجسه‌د هه‌زار یه‌كێتییه، پێنجسه‌د هه‌زار یه‌كێتی به‌خوێنی سه‌ری یه‌ك ملیۆن پارتی تینووه، هه‌موو ئه‌مانه زه‌ڕب و ته‌قسیم بكه‌ن و حیزبه‌كانی تریشی تێكه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌وجا بزانن ئێمه له چ قیامه‌تێكداین!
كورد له قۆناغی سه‌رزه‌نشتكردندایه، یانی ته‌نیا خراپه و فاوڵ و لادانه‌كان سه‌رزه‌نشت ده‌كات و هیچ سزایه‌كی پێ نییه بۆیان، هیچ پلانێكی پێ نییه بۆیان، ته‌نیا و ته‌نیا سه‌رزه‌نشتیان ده‌كات و زۆربه‌ی كاتیش به جنێو به‌ڕێیان ده‌كات، حكومه‌ت مه‌كینه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، ده‌شێت ئه‌م مه‌كینه‌یه خراپ بێت، به‌ڵام له‌نێویدا چه‌ندین واشه‌ر و برغوی به‌سود هه‌یه، كه‌س نایه‌وێت ئه‌و بورغووه به‌سوده بێت، هه‌مووی ده‌یه‌وێت مه‌كینه‌كه بسوتێنێت!
ژیری هه‌ر ئه‌وه نییه كه به‌باشی قسه له‌سه‌ر شتێك بكه‌یت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ش ژیرییه كه به نه‌زانانه قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌یت! ئێمه هیچ داتا و زانیارییه‌ك ناده‌ین به خه‌ڵكی خۆمان، ته‌نیا هانیان ده‌ده‌ین كه به ویژدان و عاتیفه‌ی خۆیانه‌وه قسه له‌سه‌ر دیارده‌كان بكه‌ن و بڕیار بده‌ن، بۆیه زۆربه‌ی كات كه تووڕه ده‌بن دۆ و دۆشاو تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن (هه‌رچه‌نده زۆر ئاسانه!).
سه‌یری كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی خۆمانم ده‌كرد، له نێوبازاڕ له‌خه‌ڵكی ده‌پرسی هه‌ست ناكه‌ی ئه‌م جه‌ژنه بازاڕ كزه و خه‌ڵك نانی نییه و مووچه‌ی نییه و ئیتر ئاله‌م قسه هه‌ست بزوێنانه، خۆ ئه‌م پرسیارانه بۆ ئه‌وه نییه كه كۆمه‌ڵگه فێری ته‌حقیق و به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردن بكات، به‌ڵكو ئامانج لێی ته‌نیا تووڕه‌كردنی خه‌ڵكه، بۆیه هه‌ر كه‌س وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه ده‌یوت: به‌ڵێ نان نییه، ئاو نییه، ژیان نییه، مووچه نییه! ده‌ی ئه‌م شتانه هه‌مووی هه‌ن، به‌ڵام كه‌من، خۆ هه‌ر ئه‌وه به‌س نییه به خه‌ڵك بڵێین وه‌رن تووڕه بن و جنێو بده‌ن و بنه‌ڕێنن، باوه‌ڕكه‌ن ئه‌م ژیانه‌ی ئێستای ئێمه هێنده خراپه هه‌رگیز قابیلی ئیره‌یی پێ بردن نییه، به‌ڵام له كوێی ئه‌م دونیا به‌رینه‌دا ڕژێمێكی خراپی سیاسی به جنێو و سه‌رزه‌نشتكردن چاك بووه؟!
كورد ناكۆكییه‌كانی زۆر بچوكن، به‌س شه‌ڕی گه‌وره و زه‌به‌لاحیان له‌سه‌ر ده‌كات! ئه‌م ئه‌و تاوانبار ده‌كات به جاشێتی و ئه‌میش ئه‌و به‌نه‌فره‌ت ده‌كات به دزێتی و خۆفرۆشی! له‌وه‌ته‌ی هه‌ین شه‌ڕی یه‌كتر ده‌كه‌ین، له‌وه‌ته‌ی هه‌یه‌ن له یه‌ك ده‌كوژین، له‌وه‌ته‌ی هه‌ین جنێو به یه‌ك ده‌ده‌ین!
بۆ ئێوه پێتان وایه ئه‌میان باوه‌ڕی به شۆڕشه و ئه‌وی تریان باوه‌ڕی پێی نییه؟ ده‌ی نه‌خێر، ئه‌وانه‌ی كه تا ئێستا وه‌ك برا و دۆستی یه‌ك ده‌یان بینیت، له ژیرێتی و یه‌كدی قه‌بووڵ كردنه‌وه نییه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان دژ به یه‌ك نه‌بووه‌ته‌وه، ئێوه پێتان وایه پارتی زۆر ڕقی له په‌كه‌كه‌یه، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتمانی زۆری خۆش ده‌وێت و هاریكاری ده‌كات و چه‌ك و پاره‌ی ده‌داتێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی شۆڕشه‌كه‌ی هه‌یه؟ ده‌ی نه‌خێر، هۆكار ئه‌وه‌یه كه هه‌تا ئێستا به‌رژه‌وه‌ندی په‌كه‌كه و یه‌كێتی دژ به یه‌كنه‌بوونه‌ته‌وه، ڕۆژگارێك كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان پێكیاندا، زیندانه‌كانی ئاسایشی یه‌كێتی پڕ بوون له گه‌ریلای په‌كه‌كه!
ئێوه ته‌نیا له‌و كاتانه‌دا قه‌زاوات بكه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندی دوو هێزی سیاسی كوردی پێكداده‌ده‌ن، ئه‌وكاته ئیمانی یه‌كێتیت به په‌كه‌كه و ئیمانی په‌كه‌كه‌ت به گۆڕان و ئیمانی گۆڕانت به پارتی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت! له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فكرییه‌ی كه (خراپترین هه‌ڵه ئه‌وه‌یانه كه هێشتا نه‌تكردووه!) ده‌شێت بڵێیت سه‌دان و هه‌زاران هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌تر هه‌یه كه هێشتا ئێمه‌ی كورد نه‌مان كردووه و پێویسته كه‌سمان نه‌بینه پاڵنه‌ری ئه‌و هه‌ڵه گه‌ورانه‌ی كه هێشتا نه‌كراون!
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، ئێمه میراتی فه‌رهه‌نگی عێراقین، عێراق مه‌رجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌ك و تفه‌نگه، گه‌نجینه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی قه‌وان و باروته، هه‌ر ڕژێمێكی نوێ هاتبێت ملیۆنان فیشه‌كی به ئه‌سپی هه‌ڵهاتووی ڕژێمی پێش خۆیه‌وه ناوه، هه‌ر ڕژێمێكی تریش بێت، ملیۆنان فیشه‌ك به كه‌لاكی تۆپیوی ئه‌مه‌ی ئێستاوه ده‌نێت!
له‌وه‌ته‌ی عێراق هه‌یه هیچ شارێكی نییه خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره و په‌ڕاگه‌نده‌ی شارێكی تری نه‌بووبێت! عێراق له ساده‌ترین پێناسه‌یدا یانی ته‌قه، قڵیشانه‌وه، دوكه‌ڵ! ئێمه لێره‌ین، ڕێك له‌ناو چه‌ڕه دوكه‌ڵی ئاگری خێڵ و ئاگری مه‌زهه‌ب و ئاگری پیاوه خوێڕییه‌كان، كه‌چی دێڵه دێزه‌كانی خۆشمان، به‌م هه‌موو نه‌خۆشییه‌مانه‌وه، ده‌مانبه‌نه‌وه بۆ ئه‌م عێراقه جوانه! بۆیه دڵنیام ئه‌گه‌ر كاك نه‌وشیروان بمایه، ئه‌م وتاره‌ی ده‌خوێنده‌وه، چونكه خوێنه‌رێكی باش بوو...