زێدان دوای سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر لیڤانتی چی گوت؟

زێدان: ده‌بوو له‌و یارییه‌ زیاتر له‌ 5 گۆڵ بكه‌ین

 دوای سه‌ركه‌وتنه‌ زه‌حمه‌ته‌كه‌ی ئه‌مرۆی ریال مه‌درید له‌ دژی لیڤانتی، زینه‌دین زێدان خۆشحاڵی خۆی به‌ ئاستی بێنزێما و خامیس رۆدریگێز ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد گۆڵه‌كه‌ی بۆرخا مایۆراڵ ئه‌ركی ئه‌وانی له‌ یارییه‌كه‌ قورس كرد.

زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ كاسێمیرۆ به‌هۆی پێكانه‌وه‌ یاریگه‌ی جێنه‌هێشت به‌ڵكو به‌هۆی هیلاكی و پارێزگاریكردنی هاته‌ده‌ره‌وه‌، ده‌شڵێت: ئه‌م یارییه‌ بۆ هازارد سه‌ره‌تا بوو، چونكه‌ تازه‌ له‌ پێكان گه‌ڕابووه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بوو به‌ وریایی یاری بكات، هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ هاتنه‌نێو یاریگه‌ی هێزێكی باشی به‌ تیپه‌كه‌ی به‌خشی، چونكه‌ هازارد له‌ خوێندنه‌وه‌ی تیپی به‌رامبه‌ر و دابه‌شكردنی تۆپه‌كان زۆر به‌ توانایه‌.

زێدان ده‌شڵێت: خامیس رۆدریگێز له‌و یارییه‌ ئاستێكی زۆر به‌رزی پێشكه‌ش كرد، بوونی ئه‌و ناوه‌راستكاره‌ كۆلۆمبییه‌ ئاسووده‌یی به‌ ئێمه‌ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام ئه‌و تۆپی زۆر لای خۆ ده‌هێشته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی هیلاكبوونی، بۆیه‌ من مه‌به‌ستم بوو ئاگاداری توانای جه‌سته‌یی خۆی بێت، چونكه‌ له‌ یارییه‌كانی داهاتوو له‌به‌رده‌م زنجیره‌یه‌ك یاری قورس داین.

زیزۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ گێمی یه‌كه‌م باشترین ئاستیان پێشكه‌ش كرد و 3 گۆڵیان كرد، ده‌شڵێت: له‌ گێمی دووه‌م لیڤانتی شێوازی یاریكردنی گۆڕی ئه‌گه‌رنا ده‌بوو زیاتر له‌ 5 گۆڵ بكه‌ین.

زیزۆ گوتیشی: گۆڵه‌كه‌ی بۆرخا مایۆراڵ ئێمه‌ی ئازاردا و فشاری بۆ سه‌ر یاریزانه‌كانمان دروست كرد، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌مان به‌جێگه‌یاند.

زیزۆ هیوای ئه‌وه‌شی خواست كه‌ریم بێنزێما له‌و ئاسته‌به‌رزه‌ی به‌رده‌وام، گوتیشی: بێنزێما هه‌موومانی دڵخۆش كردووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌موومان وریا بین ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ له‌ گێمی دووه‌م روویدا نابێت دووباره‌ بێته‌وه‌.

زێدان له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا كاتی بیركردنه‌وه‌یه‌ له‌ چامپیۆنزلیگ، كاتی ئاماده‌كارییه‌ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی پاریس سانجێرمان.