"ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوان زێدان و پێرێز گه‌یشتۆته لوتكه"
سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی نزیك له یانه‌ی ریال مه‌درید ئاشكرای كردووه كه په‌یوه‌ندی نێوان زێدان و پێرێز به ته‌واوه‌تی تێچكووه و زێدان بیر له ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه ده‌كاته‌وه.
رۆژنامه‌ی ماركای مه‌دریدی له راپۆرته هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوان زینه‌دین زێدانی راهێنه‌ر و فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید گه‌یشتۆته لوتكه و لێواری لێكترازان و جیابوونه‌وه.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی: له‌سه‌ره‌تای مێركاتۆی ئه‌م هاوینه زێدان گواستنه‌وه‌ی پۆڵ پۆگبای كردبووه بژارده‌ی یه‌كه‌می، به‌ڵام پێرێز وه‌ك پێویست نه‌چووه ژێرباری داواكارییه‌كانی زێدان و ئه‌مه‌ش راهێنه‌ره فره‌نساییه‌كه‌ی توڕه كردووه.
به گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه، پێرێز ویستوویه‌تی به گواستنه‌وه‌ی نێیمار قه‌ره‌بووی پۆگبا بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌م بیرۆكه‌یه به‌دڵی زێدان نه‌بووه، هه‌رچۆنێك بێت زیزۆ به ناچاری گواستنه‌وه‌ی نێیماری قبوڵی كردووه، كه‌چی پێرێز خه‌ریكه له‌و یاریزانه‌ش به ته‌واوه‌تی نا‌ئومێد ده‌بێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، پێرێز ویستوویه‌تی ڤان دی بیكی ناوه‌راستكاری ئا‌یاكس له جیاتی پۆگبا بگوازێته‌وه، به‌ڵام زێدان جگه له پۆگبا به هیچ ناوه‌راستكارێكی دیكه رازی نییه.
ماركا هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه ئه‌م ناكۆكییه له كاتێكدایه ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م هاوینه‌ی ریال مه‌درید زۆر خراپه و تیپه‌كه به تایبه‌تی له هێڵی ناوه‌راسته‌وه له كێشه‌دایه و یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووش ریال مه‌درید یه‌كه‌مین یاری خۆی له وه‌رزی نوێی لالیگا ده‌كات و تیپه‌كه‌شی به ته‌واوه‌تی ئاماده نییه.