کاپیلۆ: نابێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە هاتنە دەرەوەی لە یاریگا تووڕە بێت چونکە سێ ساڵە هیچ یاریزانێکی نەبڕیوە

کاپیلۆ: کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاستی وەکو جاران نەماوە و ئێستا یاریزانێکی یەکلاکەرەوە نییە

فابیۆ کاپیلۆ رەخنەی توند لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگرێت و لە بەرامبەر هێنانە دەرەوەی لە یارییەکانی یۆڤێنتۆس پشتگیری ماوریزیۆ ساری دەکات و پێیوایە دەبێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کاتی گۆڕانکاریی پێکرانیشی وەکو پاڵەوان دەربکەوێت.

دوای ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یاریی بەرامبەر ئەیسی میلان لە خولەکی 55 لەلایەن ماوریزیۆ سارییەوە گۆڕانکاریی پێکرا و پاولۆ دیبالا هاتە شوێنی، کە گۆڵی بردنەوەی بۆ یۆڤی کرد، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەم بڕیارەی ساری ناڕازی بوو، یەکسەر چووە ژووری جلگۆڕین.

کاپیلۆ لەبارەی نارەزایەتییەکانی کریستیانۆوە دەڵێت 'من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردی، پێویستە لە کاتی گۆڕانکاریی پێکرانیشی وەکو پاڵەوان دەربکەوێت، لە راستیدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ سێ ساڵە نەیتوانیوە هیچ یاریزانێک ببڕێت، بەڵام پاولۆ دیبالا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و جیاوازیی دروست دەکات، دۆگلاس کۆستاش بەهەمان شێوە یاریزانێکی کاریگەرە'.

هەروەها کاپیلۆ گوتیشی 'کریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانێکە هەمیسە جیاوازیی دروست دەکات، بەڵام ئێستا یاریزانێکی یەکلاکەرەوە نییە، پێویستە دووبارە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، بەتایبەتی لە رووی توانای جەستەییەوە، خێراییەکەی جارانی نەماوە'.