لەبەر ئەوەی دزی لێکراوە ئامادە نییە یاریی بۆ یانەکەی بکات

یاریزانێکی نیسی فڕەنسی راهێنانەکانی یانەکەی بایکۆت دەکات

یاریزانێکی نیسی فڕەنسی لەبەر ئەوەی دزی لێکراوە ئامادە نییە بەشداریی یارییەکانی یانەکەی بکات.

کاسپەر دۆلبێرگی یاریزانی لاوی یانەی نیسی فڕەنسی لەبەر ئەوەی کاتژمێرێکی دەستی لە ژووری جلگۆرێن لێدزراوە ئامادە نییە بەشداریی یاریی و راهێنانەکانی یانەکەی بکات و بە بەرپرسانی یانەکەی راگەیاندووە تاکو دزەکە نەدۆزێتەوە ئامادە نییە لەگەڵ یانەکەی هیچ راهێنان و یارییەک بکات.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئەو یاریزانە دانیمارکییە هەفتەی رابردوو کاتژمێرێکی دەستی بایی حەفتا هەزار یۆرۆ لێ دزراوە، بۆیە مانی لە راهێنانەکان و یارییەکانی یانەکەی گرتووە و ئامادە نییە یاریی بۆ یانەکەی بکات، کە ئەمشەو نیس لە گەڕی شەشەمی خولی فڕەنسی میوانداریی دیجۆن دەکات.
گەرچی پاتریک ڤیێرای راهێنەری یانەکەش لەگەڵ دۆلبێرگ کۆبووەتەوە و داوای لێکردووە دەست بە راهێنانەکان بکاتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە 21 ساڵانە تاکو ئێستا هەر بیری لای کاتژمێرەکەیەتی، کە لەوانەیە لەسەر ئەم پێداگیرییەی لەلایەن یانەکەیەوە رووبەڕووی سزادان بێتەوە.