کتێبی 'راگەیاندنی وەرزشی' کەوتە بەر دەستی خوێنەران

ئێستا لە پیشانگای نێودەوڵەتیی کتێب نمایش کراوە

کتێبی (راگەیاندنی وەرزشی)ی نووسەر سامان بریفکانی کەوتە بەردەستی خوێنەران

رۆژی چوارشەممە لەگەڵ کردنەوەی پیشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، پەڕتووکی راگەیاندنی وەرزشی بڵاو کرایەوە. ئەم پەڕتووکە لە نووسینی نووسەر سامان بریفکانییە. پەڕتووکەکە جۆرەکانی راگەیاندنی وەرزشی بە نووسراو و ئەلکترۆنی و بینراو و بیستراو بە درێژی روون دەکاتەوە. ھەروەھا جۆرەکانی داڕشتن لە ھەواڵ و راپۆرت و لێکۆڵینەوە و رەخنە و گفتوگۆ و وەرگێڕان و وتار بە وردی گرنگیی پێدەدات. 

سامان بریفکانی نووسەری پەڕتووکی راگەیاندنی وەرزشی رای گەیاند: پەڕتووکەکە وەک سەرچاوەیەک بۆ ئەوانەی ئارەزوو دەکەن ببنە راگەیاندنکاری وەرزشی. بە ھەمان شێوە بۆ ئەو راگەیاندنکارانەیە کە ماوەیەکی کەمە ھاتوونەتە نێو ئەو بوارە. 

دەتواندرێت لە پەیمانگە و زانستگەکان وەک سەرچاوەیەک سوودی لێ وەربگیرێت.

پەڕتووکی راگەیاندنی وەرزشی بە قەبارەی مامناوەند لە 264 لاپەڕە پێک دێت و لە 11 بەش پێکھاتووە. 

سامان بریفکانی نووسەرێکی راگەیاندنی وەرزشییە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە راگەیاندن ھەیە. ئامادەکاری پەڕتووکی (تۆپی پێ.. مێژوو.. سەرھەڵدان.. داھێنان) کە دوو جار چاپ کرا. پێشتر سەرپەرشتیاری رۆژنامەی خەبات بووە(ژمارەی تایبەت). سەرپەرشتیاری ھەفتەنامەی خەباتی وەرزش و سەرنووسەری گۆڤاری (یانەی ھەولێر) و (یومیات تێفیات شباب آسیا) و بەرپرسی راگەیاندنی ھەولێر بووە.