فڕەنسییەکان داوا دەکەن یاریی ئەمشەویان بەرامبەر تورکیا هەڵبوەشێنرێتەوە

بەرپرسێکی سیاسی فڕەنسی: نامانەوێت پێشوازیی لەو یاریزانانە بکەین کە پاڵپشتی لەناوبردنی کوردە هاوپەیمانەکانمان دەکەن

فڕەنسییەکان داوا دەکەن یاریی ئەمشەوی هەڵبژاردەکەیان لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020 بەرامبەر تورکیا هەڵبوەشێنرێتەوە، رەتیدەکەنەوە پێشوازیی کەسانێک بکەن کوردە هاوپەیمانەکانیان لەناو ببەن.

لە تویتەر بە هاشتاگی #AnnulationMatchFranceTurquie فڕەنسییەکان دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە و داوا دەکەن یاریی ئەمشەوی فڕەنسا و تورکیا نەکرێت، کە وابڕیارە لە کۆمەڵەی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020 هەردوو هەڵبژاردە لە پاریس کاتژمێر 09:45 بەیەک بگەن.

جان کریستۆف لاگارد، سیاسەتڤانی بەناوبانگی فڕەنسی لە تویتەر داوایکردووە یارییەکەی ئەمشەوی فڕەنسا و تورکیا هەڵبوەشێنرێتەوە، ئەو سیاسەتڤانە فڕەنسییە دوای ئەو سڵاوە سەربازییەی یاریزانانی تورکیا دوای بردنەوەیان لە ئەڵبانیا ئاڕاستەی سوپای وڵاتەکەیان کرد، نووسیویەتی 'نامانەوێت میوانداریی ئەو یاریزانانە بکەین کە پاڵپشتی هێرشی سوپای تورکیا دەکەن بۆ لەناوبردنی کوردەکانی هاوپەیمانمان'.

هاشتاگەکەی فڕەنسییەکان ترێندینگی یەکەمی لەسەر ئاستی فڕەنسا گرتووە و بە هەزاران کەس دژی هەڵبژاردەی تورکیان.

تویتی جان کریستۆف لاگاردی سیاسەتڤانی فڕەنسی
تویتی جان کریستۆف لاگاردی سیاسەتڤانی فڕەنسی