ئەمڕۆ بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەبارەی نێیمار دەکەن

شاندێک لە بارسێلۆناوە بەرەو پاریس بەڕێکەوتووە

بارسێلۆنا یەکەم هەنگاوی کردارەکی بۆ گەڕانەوەی نێیمار دەهاوێژێت و شاندێکی یانە کەتەلۆنییەکە بەرەو پاریس بەڕێکەوتوون.
کەناڵی سکای سپۆرتی بەریتانی و میدیاکەنای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی فەرمی لە بارسێلۆناوە بەرەو پاریس بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی لەبارەی گرێبەستی نێیمارەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پاریس سانجێرمان بکەن.
شاندەکەی بارسێلۆنا بە سەرکردایەتی ئیریک ئابیدالی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە و خاڤیێر بۆرداسی سکرتێری یانەکە لە پاریس چاویان بە لیۆناردۆی بەڕیوەبەری وەرزشی پاریس سانجێرمان دەکەوێت بۆ ئەوەی بۆیەکەمجار بە شێوازی کرداری قسە لەبارەی گەڕانەوەی نێیمار بکەن بۆ بارسێلۆنا، کە پێشتر لیۆناردۆ رایگەیاندبوو لە گفتوگۆدان لەگەڵ چەند یانەیەک بۆ فرۆشتنی نێیمار.
بارسێلۆنا دەیەوێت نێیمار بە دوو یاریزانی یانەکەی بگۆڕێتەوە، بەڵام پاریس سانجێرمان بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە نێیمار داوای 200 ملیۆن یۆرۆ دەکات.