"قسه‌یه‌كی نه‌شیاوی كریستیانۆ له‌ دژی ماوریزیۆ ساری ئاشكرا بوو"

"كریستیانۆ له‌ كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ یاریگه‌ قسه‌یه‌كی قیزه‌ونی به‌ ساری گوتووه‌"

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌ هه‌واڵه‌كانی ئیتاڵیا، كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی له‌ دوایین یاری یانه‌كه‌ی له‌ كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ یاریگه‌ به‌ توڕییه‌وه‌ جوێنێ به‌ دایكی ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس داوه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ دوایین یاری یانه‌كه‌ی له‌ خوله‌كی 55 له‌ یاریگه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و پاولۆ دیبالا رۆیشته‌ شوێنه‌كه‌ی، ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنه‌ژووره‌وه‌ی بۆ نێو یاریگه‌ گۆڵی سه‌ركه‌وتنی بۆ یوڤی كرد.

كریستیانۆ له‌كاتی گۆڕانكارییه‌كه‌ به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌ و راسته‌وخۆش بۆ ماڵه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌.

پێگه‌ی ده‌یلی مه‌یلی بریتانیا، به‌پشتن به‌ستن به‌ راپۆرته‌كانی ئیتاڵیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ به‌ دایكی ماوریزیۆ ساری گوتووه‌ "كوڕی سۆزانی".

له‌ دوای یارییه‌كه‌ ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس حاڵه‌تی توڕه‌بوونه‌كه‌ی كریستیانۆ به‌ شتێكی ئاسایی لێكدایه‌وه‌ و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ كریسیانۆ له‌ دۆخێكی باشدا نییه‌ و ئازاری هه‌یه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، پێگه‌ی لاگازێتا دیللۆ سپۆرت نووسیویه‌تی: كریستیانۆ ئازاری نییه‌، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌ كریستیانۆ ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی به‌ مه‌شقه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال كردۆته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه‌ پێشبینی ده‌كرێت كریستیانۆ له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو داوای لێبوردن له‌ راهێنه‌ر و یاریزانه‌كانی یوڤێنتۆس بكات.